چراخان: كاتێك كارێكی دەستی دەكەم هەست دەكەم ئیتر زیندووم




"باردۆخەكە هەرچۆنێك بێت دەبێت لە پێناو خەونەكانت بجەنگیت"


"ئەوەی چارەنووسمان دیاری دەكات بریارەكانمانە نەك باردۆخی ژیانمان"


د/ هۆژین شەوكەت
هونەر مامەڵەیەكی ویژدانییە سەرەتا لەگەڵ خۆت دواتر لەگەڵ ئەوانی تر جگە لەمە خولیایە، گەر خولیات بۆ هونەر نەبێت و هەوڵی بۆ نەدەیت ناتوانیت سەركەوتن بەدەست بهێنیت، چراخان محەمەد تەمەنی 21 ساڵە، ئەو دانیشتووی چوارقۆرنەیە و قۆتابی قۆناغی سێی كولێژی یاسایە، خەونی منداڵی چراخان دروستكردنی تابلۆی ئەتەمین بوو، ئێستا خەونەكەی بەدیهاتووە و لە پاڵا خوێندنەكەی كاری درووستكردنی تابلۆی ئەتەمین دەكات، چراخان بۆ زاری كرمانجی سەبارەت بەم كارەی گووتی" هەرچەندە خوێندكای كولێژم بەڵام چێژێكی زۆر لە دروستكردنی تابلۆ دەبینم، كاتێك كارێكی دەستی دەكەم هەست دەكەم ئیتر زیندووم، چێژێكی زۆر لە درووستكردنی تابلۆ دەبینم، هەر لە منداڵییەوە خولیام بۆ هونەر هەبووە، ماوەی ساڵێكە دەستم كردووە بە كاری درووستكردنی تابلۆی ئەتەمین خۆشبەختانە توانیومە تا ئاستێكی باش هەنگاو بنێم و خەڵك پێشوازییەكی باشی لە كارەكەم كردووە، ئەتەمین هونەرێكە بە دەرزی و كۆلكە دەكرێت كە بریتییە لە چنین لە سەر خام بە بەكارهێنانی چێوەی بازنەی و جۆرەكانی تر".

گووتیشی" بیرۆكەی تابلۆكان بەشێكی هی خۆمە، زۆرجاریش داواكاری خەڵك بە پێی ویستی خۆیان بۆیان درووست دەكەم، لە ئێستادا كارەكانم وەك پڕۆژەیەك لێ‌ كردووە نەك بە تەنها لە چوارقوڕنە، رانیە و حاجیاوا بەڵكو لە شارەكانی تریش داواكاری زۆر لەسەر كارەكانم هەیە نامەوێت كارێك بكەم لێی پەشیمان ببمەوە و جێگەی شانازی نەبێت بۆ من، دڵخۆشم كە كارێك دەكەم و كارەكەم دەبێت بە یادگاری لە نێوان دوو كەس، زۆرجاریش كە كارێكم بۆ كەسێك كردووە دووبارە داوای كردۆتەوە و ویستی زیاتری لەسەر هەبووە".

زیاتر گووتی" من بەشداری هیچ خولێكی هونەریم نەكردووە و هیچ كەسێك فێری نەكردووم بەڵكو تەنیا خۆم هەوڵم داوە، لە ژوورێكدا بڕیارم دا ئەم كارە بكەم و كردم، ئێستاش لە چوارچێوەی ژوورەكەم دەرچووە و بووە بە بازرگانییەكی بچووك بۆ من، هەمیشە باوەرم وابوو ئەوەی چارەنووسمان دیاری دەكات بریارەكانمانە نەك باردۆخی ژیانمان لەبەر ئەوەی سەركەوتن لە باوەرەكانمانەوە سەرچاوە دەگرێت باردۆخەكە هەرچۆنێك بێت دەبێت لە پێناو خەونەكانت بجەنگیت، ئامانجی من لە ئێستادا هانداتی خانمانە بۆ پشت بە خۆ بەستن و بەرز روانین بۆ تواناكانیان، دەمەوێت خوێندنەكەم تەواو بكەم و ئەو كار و چالاكییانەی ئەنجامی دەدەم لە خزمەت كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و نیشتیمانەكەمدا بێت".

 

 

 

-zarikrmanji


AM:10:57:21/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌