مامۆستایەکى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى رەخنەلە راگەیاندنەکان دەگرێت




میترۆ، سلێمانى 
مامۆستایەکى بەشى شانۆ لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى رایدەگەیەنێت، لەکوردستاندا شانۆى و کۆنسێرتى باش پێشکەش دەکرێت بەڵام راگەیاندنەکان بەبێ ئاگاییەوە بەلایدا تێدەپەڕن ئاماژەبەوەشدەکات، دەبێت راگەیاندنەکان هاوکارى هونەرمەندان بکەن بۆ ئەوەى کارەکانیان سەرکەوتوو بێت.  


گۆران على کەریم شانۆکار و مامۆستاى بەشى شانۆ لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى لە لێدوانێکى بۆ میترۆى وت،  کێشەى راگەیاندنە کوردییەکان ئەوەیە کە کەمتر گرنگى بە کاروبارى کلتورى و رۆشنبیرى و هونەرى ئەدەن، ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکانى راگەیاندنى کوردى.

ئەو وتى، بەداخەوە راگەیاندنەکان زۆر بەکورتى باسى کارى هونەرى دەکەن، هەندێک کەناڵ هەیە لە "هەفتەیەکدا دو هەواڵى هونەریش پێشکەش ناکات ئەمە یەکێکە لە کێشەگەورەکانى راگەیاندنى کوردى".

ئەو مامۆستایە ئاماژەى بەوەشکرد کە،" هونەرمەندانى کوردى لەسەر ئەرک و بودجەى خۆیان کار دەکەن، بەڵام کە دەچن بۆ دەزگایەکى راگەیاندن بۆ ئەوەى ریکلام بۆ کارەکەى بکات داواى پارەى لێدەکات یاخود دەڵێت ریکلام دانابەزێنم ئەو کارەى دەزگاکانى راگەیاندن زۆر کێشەى دروستکردووە لەبەردەمى کارى هونەریدا". 

راشى گەیاند، دەبێت راگەیاندنەکان هاوکارى هونەرمەندان بکەن بۆ ئەوەى کارەکانیان سەرکەوتوو بێت. 

گۆران على کەریم جەختى کردەوە،" بەکردنەوەى کەناڵێک کە تایبەت بێت بەهونەر کێشەى هونەرى کوردى چارەسەر نابێت دەبێت هەموو راگەیاندنەکان هاوکارى هونەرمەندان بکەن". 

ئاشکراشیکرد کە، لەکوردستاندا شانۆى و کۆنسێرتى باش پێشکەش دەکرێت، بەڵام راگەیاندنەکان بەبێ ئاگاییەوە بەلایدا تێدەپەڕن.


PM:07:28:29/03/2015




ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌