ئێران.. پەیامنێری واشنتن پۆست دوای ١٠ مانگ زیندانی دادگایی دەکرێت







ئەمڕۆ سێشەممە دوای ١٠ مانگ زیندانیکردن جاسۆن ڕەزایان پەیامنێرى واشنتن پۆست لە تاران دادگاییدەکرێت.

 

جاسۆن ڕەزایانی ڕۆژنامەوان تەمەنی ٣٩ ساڵ بە تۆمەتى سیخوڕى و کارکردن لەگەڵ حکومەتانى دوژمن لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانى ئێران دەستگیرکراوە.

وتەبێژى دادگاش دەڵێت، کە پارێزەر و وەرگێڕێک بۆ تۆمەتبار دانراون.

ڕەزایان لەگەڵ یەگانە ساڵحى هاوسەریدا لە تەموزى ٢٠١٤ دا لەناو ماڵى خۆیاندا لە تاران دەسگیرکرابوون. هاوسەرى ڕەزایان لە مانگى تشرینى یەکەمدا بە کەفالەت ئازادکرابوو.

تائێستا حکومەتى ئەمریکا چەندین جار داواى لە کاربەدەستانى ئێران کردووە کە ڕەزایان ئازاد بکەن کە هەڵگرى ڕەگەزنامەى هەردوو وڵاتەکەیە و چەند جارێک لەڕێی باڵوێزخانەى سویسراوە داوایکردووە کە ڕێ لە سەردانى کەسوکارى ئەو پەیامنێرە نەگرن.

واشنتن پۆست لە لاى خۆیەوە دوپاتى کردووەتەوە کە ئەو تۆمەتانەى ڕووبەڕووى پەیامنێرەکەى کراون بێ بنەمان.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێكخراوی چاودێری دۆخی ئازادی و دیموكراسی لە جیهاندا کە ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە هاتووە، كە ئاستی ئازادی لە جیهاندا جێگای نیگەرانییە و ئێران وەك هەمیشە یەكێك لە خراپترین وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادیدا ناسێندراوە.

 
(nrttv)


PM:06:41:26/05/2015




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌