نەتەوەیەکگرتووەکان و میترۆ سێ خولى ڕاهێنانى ڕۆژنامەوانى سازدەکەن



ئۆفیسى مافى مرۆڤ لە نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان (UNAMI) و سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان و کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە جنێف  سێ خولى ڕاهێنانى ڕۆژنامەوانى لە بوارى نوسینى راپۆرت  لەسەر مافەکانى مرۆڤ لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک سازدەکەن.

خولى ڕاهێنانەکان لە هەر شارێک بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و کەسانى پسپۆر تیایدا وانە دەڵێنەوە. نزیکەى 20 ڕۆژنامەنوس لەهەر شارێک تیایدا بەشداردەبن و دواتر بەشداربووەکان بڕوانامەى تەواوکردنى خولەکەیان پێدەدرێت.

خولی ڕاهێنانەکان لە شارى هەولێر لە ڕۆژانى 27 تا 29ى مانگى 10 (ئۆکتۆبەر)، لە شارى سلێمانى لە رۆژانى 12 تا 14ى مانگى 11 (نۆڤەمبەر)، لە شارى دهۆک لە رۆژانى 24 تا 26ى مانگى 11 (نۆڤەمبەر) سازدەکرێن.

ڕۆژنامەنوسان دەتوانن لەم خولانەدا بەشداربن لەڕێگەى پەیوەندیکردن بە سەنتەرى میترۆ وە، بە ژمارە مۆبایلی (07701435822)، یان ناو و شوێنى کارکردن و ناونیشانى خۆیان بنێرن بۆ ئیمەیڵى info@metroo.org  یان زیتۆ سیانى لە یونامى (siany@un.org -   07706700256)

ئاوات عەلى، بەڕێوەبەرى گشتى سەنتەرى میترۆ لەبارەى ئەم خولى ڕاهێنانەوە وتى "ئەم پرۆژەیە سەرەتاى کاکردنمانە لەگەڵ  ئۆفیسى مافى مرۆڤ لە نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان (UNAMI)، هیوادارین بتوانین لەڕێگەى ئەم پرۆژەیەوە خزمەتى زیاتر بە بوارى ڕۆژنامەگەرى کوردی بکەین."

بەڕێوەبەرى گشتى سەنتەرى میترۆ ئاماژەى بەوەشدا "ئەم خولانە کاریگەرییەکى باشى دەبێت لەسەر تواناکانى رۆژنامەنوسان لەو راپۆرتانەى لەسەر مافەکانى مرۆڤ ئامادەی دەکەن، هیوادارین ڕۆژنامەنوسان لە زووترین کاتدا داواکانیان بۆ بەشدایکردن پێشکەشبکەن."

هەروەها کورنیلیوس ناکابی لە ئۆفیسى مافەکانى مرۆڤ لە نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان (UNAMI) دەربارەى ئەم خولى ڕاهێنانە وتى "یونامى بەهیوایە دواى ئەم خولى ڕاهێنانە، ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمى کوردستان ڕۆڵى کاریگەرتریان هەبێت لە پاراستن و پەرەپێدانى مافەکانى مرۆڤ لەڕێگاى کەناڵە جیاوازەکانى میدیاوە."


PM:12:19:21/10/2013




ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌