ئاسایی كردنەوەی دۆخی سیاسی وا نابێت !




15ی شوباتی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان دەست درێژی بۆ سەر تیمی كەناڵی KNN ئیدانە دەكات و رایدەگەینێت ئاسایكردنەوەی بارودۆخی سیاسی لە كردنەوەی ئۆفیسی ئەو كەناڵە لە شارەكانی هەولێرو دهۆك دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ دوو شەممە لە كاتی روماڵكردنی گردبونەوەی مامۆستایانی قوتابخانەیەكی شاری هەولێر، هێرش كرایە سەر پەیامنێرو وێنەگری كەناڵی KNN لەو شارەو دەست گیرا بەسەر كەرەسەی رۆژنامەنوسی و ئامێری پەخشی راستەخۆ.

بڕیار نامیق بەرپرسی بەشی پەیامنێرانی ئەو كەناڵە بە سەنتەری میترۆی ووت "هێزێكی چەكدار هێرشیان كردۆتە سەر هەژار ئەنوەر پەیامنێرەكەمان و وێنەگرەكەی.. دەست گیرا بەسەر كەرەسەی رۆژنامەنوسی و ئامێری پەخشی راستەوخۆمان ." جەختیكردەوە " چونكە لە پەخشی راستەوخۆدا هێرشكراوەتە سەر تیمەكەمان.. وێنەكان دەریدەخەن كە ئاستی توندوتیژی ئەو چەكدارانە چەند بووە"
لەگەڵا پەرەسەندنی نارەزایەتییەكانی موچەخۆران و هاوڵاتیان لەلایەك بەرامبەر دواكەوتنی موچە و لەلایەكی تریش بەرامبەر قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و سیستەمی سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان و پارتە سیاسییەكان و تەنانەت هاوڵاتیانیش دەیان پێشێلكاری بەرامبەر میدیاكان و رۆژنامەنوسان ئەنجامدران.

پاش داخستنی كەناڵی KNN میترۆ پەیامێكی ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند "داكۆكیكردن لەئازادی و ئازادی ڕادەربڕین كە یەكێك بو لەدروشم و بەرنامەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بەكردار بكرێت و "ئەو بڕیارە نادروست و نایاساییانەی دژی میدیاكان دراوە و ئەو ئۆفیسانەی كە بەزۆر پێیان داخراوە دەستبەجێ بكرێنەوە، ئازادییان بۆ فەراهەمبكرێت و ئەمنیەتیان بپارێزرێت".
میترۆ سەرباری ئیدانەكردنی ئەم هێرشە بۆ سەر میدیاكارانی KNN رایدەگەیەنێت دەبوو وەك نیاز پاكییەك بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ وەك دروشمێك بەرزكراوەتەوە ئەو دەستدرێژییە روینەدایە.

دەبوو لە بری توندوتیژی و رێگری و یاساشكێنی بریاری كردنەوەی ئۆفیسی كەناڵی KNN بدرایەو كۆتایی بە پێشێلكردنی یاسای كاری رۆژنامەنوسی بێت.

بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999


PM:07:43:15/02/2016




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌