خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بەخشرا بە كەمال رەئوف و سیروان غەریب.



خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بەخشرا بە كەمال رەئوف و سیروان غەریب

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەمموزی 2016، لە مەراسیمی هەشتەمین ساڵیادی شەهید سۆرانی مامە حەمە  خەڵاتەكە بەخشرا بە سەرنوسەری گۆڤاری شار كەمال رەئوف و سەرنوسەری ویستگە نیوز سیروان غەریب و خەلاتی كەسایەتی سیاسیش بۆ سەرۆكی پەرلەمان بوو.

لە مەراسیمی هەشت ساڵەی یادكردنەوەی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە، كە ئەمڕۆ لە قاوەخانەی  قۆریە شكاوی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، پاش پێشكەش كردنی وتاری گۆڤاری لڤین و سەنتەری میترۆو رێكخراوی IMS خەڵاتەكان راگەینراو خەڵاتی رێزلێنان لە كەسایەتی سیاسی  درا بە  د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.


لەو مەراسیمەدا كە بەهاوكاری‌ رێكخراوی‌ IMS ئامادەكرابوو، خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەری درا بە رۆژنامەنووس كەمال رەئوف سەنوسەری گۆڤاری شار و سیروان غەریب، سەرنووسەری وێبسایتی وێستگەنیوز.

سۆران محەمەد، ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە 2-2-1986 لە كەركوك لەدایك بووە، لەساڵی 2003 وە كاری رۆژنامەگەری دەكرد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین بوو كە ماوەی سێ ساڵ لەو گۆڤارە كاری دەكرد و بەردەوام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی لەو گۆڤارە دادەبەزاند.

لە شەوی 21ی تەمموزی 2008، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە تیرۆركرا، تا ئێستاش بكوژانی دەستگیرنەكراون.

چەند مانگێك بەر لە شەهیدكردنی، سۆران هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو، كوشتنەكەشی بەدوای چەند وتارێكدا دێن، كە لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوی كردبوونەوە.


PM:08:01:21/07/2016




ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌