پەخشی کەناڵى نەورۆز تیڤى لەسەر مانگى دەستکردنى هۆتبێرد ڕاگیرا



مانگى دەستکردى یوتەل سات پەخشى کەناڵى ئاسمانیى نەورۆز تیڤى لەسەر مانگى دەستکردنى هۆتبێرد ڕاگرت و نەورۆز تیڤیش ڕاگەیاند، ڕاگرتنى پەخشى کەناڵەکەیان لەسەر داواى هاوبەشى ئێران و تورکیا بووە.

ئەمڕۆ ٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ مانگى دەستکردى یوتەل ساتی فەڕەنسى لە دواى ٩ ساڵ، پەخشى کەناڵى ئاسمانیى نەورۆزى تیڤى ڕاگرت. داخستنى پەخشى نەورۆز تیڤى دەبێتە حەوتەم کەناڵى ئاسمانیى کورد، کە لە ماوەى ١٧ ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا دادەخرێت.

بەرپرسانى نەورۆز تیڤى لەبارەى ڕاگرتنى پەخشى کەناڵەکەیان لەلایەن مانگى دەستکردنى یوتەل ساتەوە ڕایانگەیاندووە، یوتەل سات لە ژێر گوشارى هاوبەشى ئێران و تورکیادا پەخشى کەناڵەکەیانى ڕاگرتووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پەخشى کەناڵەکەیان لەسەر مانگى دەستکردنى نایل سات بەردەوام دەبێت.

لەو بەرنامەدا کە نەورۆز تیڤى لەبارەى هۆکارى ڕاگرتنى پەخشى کەناڵەکەیان لەسەر مانگى دەستکردى هۆتبێرد، ئەوە خراوەتەڕوو، کە خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆرتر لە هۆتبێردەوە سەیرى کەناڵى نەورۆز تیڤیان دەکرد و بەو بڕیارەى یوتەل سات بەشێکى زۆر لە بینەرانى نەورۆز تیڤى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە بینینى هەواڵ و بەرنامەکانى ئەو کەناڵە بێبەش دەبن.

باسى ئەوەشکراوە، ڕاگرتنى نەورۆز تیڤى لە چوارچێوەى ئەو هەوڵانەدایە کە دەنگ و کەناڵى کوردى نەهێڵێرێت، چونکە مانگى دەستکردى یوتەل سات لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا کەناڵى ئاسمانیى مەد نوچەى داخست.

نەورۆز تیڤى لە ٢١ى ئازارى ٢٠٠٧ەوە دەستى بە پەخشى هەواڵ و بەرنامەکانى کردووە. نەورۆز تیڤى بارەگاکەى لە شارى ستۆکهۆڵمى وڵاتەى سویدە.

نەورۆز تیڤى لەسەر مانگى دەستکردنى هۆتبێرد و نایل سات هەواڵ و بەرنامەکانى پەخش دەکرد و زۆربەى بەرنامە و هەواڵەکانى لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و سیاسەتەکانى حکومەتى ئێران و پێشێلکارییەکانى ئەو حکومەتە بووە بەرامبەر بە کورد.

 

کەناڵى نەورۆز تیڤى بە زاراوەکانى سۆرانى، کرمانجى، هەورامى، کەلهوڕی و هەروەها زمانى فارسى هەواڵ و بەرنامەکانى پەخش دەکرد.

ڕۆژی ٣ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ مانگى دەستکردى یوتەل سات لە فەڕەنسا پەخشى کەناڵى ئاسمانیىمەد نوچەى ڕاگرت، کە بە زمانى کوردى و تورکى هەواڵ و بەرنامەى پەخش دەکرد.

کەناڵى ئاسمانیى مەد نوچە لە ساڵى ٢٠١٣ ەوە هەواڵ و بەرنامە پەخشی دەکرد. لە دواى ئەوەى دادگاى کۆپینهاگ لە دانیمارک بڕیارى داخستنى کەناڵى ئاسمانیى ڕۆژ تیڤى لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٢دا دەرکرد، کەناڵەکانى مەد نوچە و ئێم ئێم سی تیڤی لەسەر مانگى دەستکردى یوتەل ساتی فەڕەنسى دەستی بە پەخش کرد.

ئەو پێشهاتانەش لە کاتێکدایە حکومەتى تورکیا لە ڕۆژى ٢٨ى ئەیلولی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ڕۆژى ٤ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦، کە دەکاتە یەک هەفتە پەخشی ١٣ کەناڵى تەلەفزیۆنى و ١١ ڕادیۆى بەپێى یاسایى بارى نائاسایى ڕاگرت. ئەو کەناڵ و ڕادیۆیانە بەشێک لە بەرنامەکانیان بە زمانى کوردی بوون و زۆر کاتیش لایەنگرى کوردبوون و باسیان لە کێشەى کورد دەکرد. یەکێک لەو کەناڵانە کە داخراوە کەناڵى زارۆ تیڤى بوو کە تەنها کارتۆن و بەرنامەى منداڵانى بە زمانى کوردى بڵاو دەکردەوە.

لە ساڵى ١٩٩٩ەوە تا ئێستا لەلایەن حکومەتە ئەوروپییەکانەوە هەر یەک لە کەناڵەکانى مەد تیڤى، میدیا تیڤى، ڕۆژ تیڤى، میزۆپۆتامیا تیڤى، نوچە تیڤى و مەد نوچە تیڤى داخراون.
 
 NRT . TV


PM:10:45:09/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌