پێشوازی لە بڕیاری پەسەندكردنی رێنمایی ژمارە 11 دەكەین



سلێمانی، 11ی تشرینی یەكەمی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان پێشوازی لە بڕیاری پەسەندكردنی رێنمایی ژمارە 11 ی تایبەت بە جێبەجێكردنی مافی دەسكەوتنی زانیاری دەكات.

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كورستان بڕیار درا رێنمایی ژمار 11ی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەسەند بكرێت.

لە مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە " پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكان مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات"

لە مانگی تەموزی بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری و دەركردنی رێنماییەكان بۆ ئەم مەبەستە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەگەڵ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوە.
پێشتریش لەنێوان لیژنەیەكی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤەوە چەندین كۆبونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدراوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە 3ی تشرینی یەكەم لە شاری سلێمانی ئەنجامی راپرسییەكی سەبارەت بە یاساكە بڵاوكردەوە.

میترۆ لەو مەراسیمەدا رایگەیاند ئازادی گەیشتن بە زانیاری یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ‌و پێشێلكردنی ئەم مافە بەمانای پێشێلكردنی مافی مرۆڤە بۆیە پێویستی دەزانین كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لە گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری لاببرێت‌و ئەنجومەنی وەزیران داوا لە فەرمانگەكان بكات كار ئاسانی بۆ هاوڵاتیان و میدیكاران بكەن بە مەبەستی دەرخستنی راستییەكان.

یاسای ژمارە 11 مافی دەسكەوتنی زانیاری لە دانیشتنی ژمارە (28)ی 5ی حوزەیرانی ساڵی 2013 پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، لە22 ماددە پێكهاتووە.

ئامانجی یاساكە توناداركردن و ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتیانی هەرێم كە پاراكتیزی مافی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بكەن كە لە لایەن دامودەزگای گشتی و تایبەتەكاندا هەیە. هەروەها پشتگیركردنی پرەنسیپەكانی شەفافیەت و بەشداری كارا بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی و دابینكردنی كەشێكی لەبارتر بۆ ئازادی رادەربڕین و پەخش و بڵاوكردنەوە.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەركردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای مافی بەدەستكەوتنی زانیاری و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە دەبێ بە ئاراستەی فراوانكردنی بەشداری هاوڵاتیان‌و میدیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپی شەفافیەت‌و لێپرسینەوەو بەرنگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999



AM:11:58:12/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌