گۆران لە بیرەوەرییە بەجێماوەکاندا.!
كامه‌ران سوبحان

لە یەکەم دێڕی پێشەکیی دیوانی ئەم شاعیرەدا، هاوبیرو هاوڕێیەکی نزیکی شاعیر، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و ئەفسووناویی ئەم شاعیرە دەگێڕێتەوە، کە چۆن شیعرەکانی ئامادەو پاکنووس کردووە بۆ چاپکردن. ڕەنگە خوێنەری شیعرەکانی ئاگایان لەم کەشە شیعرییە نەبێ، کە چۆن ئەم هاوڕێیەی شاعیر بە وشە وێنەی ئەو چرکەساتەمان بۆ دەنەخشێنێ کاتێ ڕوداوەکانی ژیان و بارودۆخی ناخۆش و ڕاوەدوونانی دەگێڕێتەوەو پاشتر چارەنووسی شیعرو بەرهەمەکانی تریشی لەبەردەم ئەگەری لەناوچوون و فەوتاندا لە سێ دیمەندا دەپارێزێ لە فەوتان، دیمەنەکان بەم شێوەیەن:

دیمەنی یەکەم، ڕووخساری شاعیر، بەم شێوەیەیە:
محەمەدی مەلا کەریم، ئامادەکاری دیوانی (گۆران) دەنووسێت: (لە ساڵانی ١٩٥٣ -١٩٥٤ لە بارەگای ڕۆژنامەی ژین، لەگەڵ مامۆستا (گۆران) دائەنیشتم، گەلێ جار ئەمدی هەندێ دەفتەرە شڕە، لە چەکمەجەی مێزەکەی بەردەمی دەردێنێ و شیعری لەبەر ئەنووسێتەوەو ئەیدا بە (پیتڕێخەر)ەکەی چاپخانەو دەفتەرە شڕەکان، ئەخاتەوە شوێنی خۆیان. پاش ماوەیەک، مامۆستا (گۆران) بە ناچاریی (ڕۆژنامەی ژین)ی جێهێڵاو زۆریشی پێنەچوو، زیندانیشکراو ماڵ و منداڵەکەشی دەربەدەرکران. شیعرو دەستنووسەکانیی و هەندێ کەرەستەی ترم، لە فەوتان پاراست. لەو ڕۆژگارەشدا من خۆشم ترسی گرتنم لەسەر بوو، بۆیە دەستنووس و کەرەستەکانم، لەترسی لەناوچوون، لە ماڵی کەسێکی دەستپاک و پارێزراو دانا، بۆ ئەوەی بیپارێزن.!

دیمەنی دووەم، هاوڕێیەتی:
نزیکەی دوو ساڵ لەوەو پێش (گۆران)م ناسیی، سەرەتا ئاشنای شیعریشی نەبووم. بەڵام پاشتر کە بووین بە هاوڕێی کارو بیر، وامان لێهات هەموو ڕۆژێ یەکتر ببینین. ڕۆژ نەبوو من، نەچمە لای بۆ بارەگای رۆژنامەی ژین، لەوەش گرنگتر من لەبەردەستی ئەودا بووم بە (ڕۆژنامەنووس) و وای لێهات هاوڕێیەتییەکەمان زۆر بەهێزو کاریگەر بوو، گەیشتە ئەو ئاستەی مامۆستا (گۆران) کتێب و دیوانە چاپکراوەکانی بە ئیمزای خۆی پێشکەشم بکات.!

دیمەنی سێیەم، لەبارەی خەتخۆشیی (گۆران)ەوەیە.
پاش زیاتر لە سی ساڵ، لە چاپکردنی دیوانەکەی (گۆران) لەلایەن (کاکە حەمەی مەلا کەریم) لە ڕۆژگاری پاکنووسکردنی دیوانی "سالم”دا، کە شەرەفی ئەوەمان پێبەخشرا، چەندین ڕۆژ، لەماڵی خۆیان لەگەڵ کاکە حەمە، لە نزیکەوە گوێ لە دیدو بۆچوونەکانی لەسەر سالم و نهێنیی و تەکنیک و ڕەوانبێژیی شیعرەکانی بگرم. هەر لەو ڕۆژگارەدا، لە ماڵەوە، بە ئامادەبوونی (خاتوو شیرین)ی هاوژینی سەنگینی کاکە حەمە، چەندین دیمەن و ڕووداوی سەردەمی (گۆران)ی بۆ باسکردم. (گۆران و ژین) (گۆران و شیعر نووسین) (گۆران و زیندان) (گۆران و بیروباوەڕ) پێم وابێ، کەم کەس ئەو زانیارییانەی لەسەر گۆران هەیەو کەم کەسیش هێندەی ئەم، لە نزیکەوە یادەوەریی خۆیو (گۆران)ی لە یاد هەبووبێ.!

ئەو ڕۆژانەی هەندێ لە شیعرەکانی "سالم”م هەڵەبڕیی دەکرد، پرسیاری خەتخۆشیم لێکرد. کە مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم، خەتێکی گەورەی هەیەو وشەکان زۆر بە گەورەیی دەنووسی. وتی: "من ئەم شێوازە خەتەم، لە ساڵانێکی زۆریی تەمەنی فەقێیەتی و کاری هەڵەبڕیی کتێبەکانی باوکم و دیوانی شیعریی کلاسیکیی کوردیی و ئەو کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامانە بۆ ماوەتەوە، کە کارم تێدا کردوون”.

جارێکیان پێیوتم، کەس وەک (گۆران) خەتی خۆش و ڕوون نەبووە. لەسەر مێزەکەی، دوو کتێبی هەڵگرتوو دایە دەستم (هەڵبژاردە... نۆ چیرۆکی کورتی بێگانە)و (فرمێسک و هونەر) ئەم دوو کتێبە، بەرهەمی (گۆران) بوون. وتی سەیری خەتی مامۆستا گۆران بکە. یەکێکیان لە دامێنی چەپی سەرەوەی کتێبەکەیدا، بە خەتێکی کاڵی ڕوون و جوان نووسیبووی (پێشکەشە بە برای خۆشەویستم مامۆستا مەلا محەمەد عەبدولکەریم) ئیمزاکەشی ناوی خۆی بوو، بەسەریەکەوەو دوو هێڵ لەسەرەوەی. دووەمیان لە دامێنی چەپی خوارەوە نووسیوویەتی: (یادگاری و دڵسۆزی و هاوبیریی بۆ مەلا محەمەد مەلا عەبدولکەریم پێشکەشە.) ئیمزای خۆی لەژێر ئیمزاکەشەوە ٢٦/٥/١٩٥٣ نووسراوە.

کەمێ وەستام.... هەردوو کتێبەکە کۆنەکەی (گۆران)م بەدەستەوەیە بە ئیمزای خۆیەوە هەستێکی سەیرە. تەمەنی هەریەکەیان لەو ڕۆژەدا، زیاتر لە شەست ساڵ دەبوون. خەتێکی جوان و ڕوون، جواننووسی ئەم شاعیرە، تەنها لە شیعرو وێنە شیعرییەکانیدا نییە، تەنانەت لە خەتی نووسینی ئاسایی و رۆژانەیشیدایە، لەو یەک دوو دێڕە کورتەی پێشکەشکردنی ئەم دوو کتێبەدا بۆ هاوڕێیەکی کردووە، ئەو جوانیی و سەرنجڕاکێشییە لە خەتی نووسینیشیدا دەبینین. 

زۆربەی کات، لە کۆتایی کارکردن لە دیوانەکەی سالم، (کاکەحەمە) بە دەنگی خۆی ئەو شیعرەی (گۆران)ی بۆ دەخوێندمەوە، کە بەناوی (بۆ سالم) نووسیبووی، لە پەرەگرافی کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت:
سەریر و ئەفسەری شاهیت ئەکردە فیدایی وڵات
کەکەوتە پەنجەیی غەدر و جەور زەویی بابان
بەقەد غەدر غەزەلت وت، بەقەد جەور ئەبیات!
وتت بە حەزرەتی (نالی) ڕەفیقی دەربەدەرت: 
خەیاڵی عەودەتی موڵکی ئەسیر نەخەیتە سەرت
زەلیلی نەجم و هیلالە، شەوە سلێمانی
غورووبی کردووە ڕۆژی شکۆهی بابانی 
بنوو لە قەبرە کەتا موستەریح بە ئەی سالم
لەتۆ کوردترە ئێستا نەزان هەتا عالم
ئەوانە بەختەوەرن، کە لە سەردەمێکدا ژیان، گۆران و دەیان شاعیری کەڵەگەتی تری تێدا ژیا.!

له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌. 


AM:01:33:04/04/2019