دەست تەڕی لە نووسینی رۆژنامەنووسیدا
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
یەكێك لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانی بواری رۆژنامەنووسی تێرنەبوونی ماشێنی ئیعلامی ‌و پێویستی بەردەوامی كوانووی رۆژنامەیە بە داری وشك ‌و سووتەمەنی، ئەو كوانووە چەندی تێبكەی هەروا تێر ناخواو بڵێسەكەی بە رۆژنامەنووس دەڵێ (هل من مزید)؟ بۆیە بەم پێیەش یەكێك لە دینگە پتەوەكانی رۆژنامەنووسی سەركەوتوو توانای نووسینی بەردەوام ‌و زوو دەستكردنەوە لە نووسین ‌و لە ژانەرە جیاجیاكانی كاری رۆژنامەنووسین ‌و زوو هاتنە دەستی بابەت ‌و پێداویستییەكانی نووسینە. كاری بەردەوامی (رۆژنامە)نووسین ‌و هەواڵسازی ‌و راپۆرت ‌و ریپۆرتاژ نووسینی لەسەریەك دەخوازێ، چونكە ئەمە تەنها (كاسبی) رۆژنامەنووس نییە بەڵكو پێویستییەكی حاشاهەڵنەگری رۆژنامەسە كە چاوی لە كۆشش ‌و دەستوبردی رۆژنامەنووسانە.


لەم سۆنگەیەوە رۆژنامەنووس لە خەسڵەتێكی ئیجابی بەهرەمەند دەبێ ‌و خەسڵەتێكی سەلبی كارەكەشی لێ دەبێتە بەڵا ‌و تووش. خراپەكە ئەوەیە زۆر نووسینی رۆژنامەنووسی وا دەكات هیلاك بێ ‌و زەحمەت بكێشێ ‌و بەشێكی نووسینی خراپی لێ ببێتە ئەدگار ‌و سیمای نووسین كە هەڵدەسەنگێنرێ تەنها لەبەر ئەوەی بەرێكەوت خوێندراوەتەوە‌و لەبەرامبەردا بەشێكی نووسینی باشی بكەوێتە ژێر پێی قەرەباڵەغی زۆر نووسینی ‌و بكەوێتە ژێر لێوی قسەی هەڵسەنگێنەرەوە. بەمە ڕەنگە حەقی باش هەڵسەنگاندن وەرنەگرێ.


خراپەكە ئەوەیە زۆر نووسینی رۆژنامەنووسی وا دەكات هیلاك بێ ‌و زەحمەت بكێشێ ‌و بەشێكی نووسینی خراپی لێ ببێتە ئەدگار ‌و سیمای نووسین كە هەڵدەسەنگێنرێ تەنها لەبەر ئەوەی بەرێكەوت خوێندراوەتەوە‌و لەبەرامبەردا بەشێكی نووسینی باشی بكەوێتە ژێر پێی قەرەباڵەغی زۆر نووسینی


خەسڵەتە باشەكەشی ئەوەیە رۆژنامەنووس مەشقی دەستتەڕی دەكات ‌و باش فێر دەبێ بەجۆرێك سبەی ئەگەر لێی قەوما دەتوانێ كتێبان بنووسێ ‌و زیاتر لە نووسەرانی غەیری رۆژنامەنووسی چانسی نووسین ‌و كتێب چنینی دەبێت. پاداشتی رۆژنامەنووسی ‌و چارەسەری كێشەكانیشی هەر ئەوەیە كتێبان چاپ بكات.


یەكەم- كتێبی كۆكەرەوەی نووسینەكانی كە بەرهەمی حەڵاڵی فیكری خۆیەتی ‌و چاك ‌و خراپەكانیان هەڵدەسەنگێنرێ ‌و سەرنجی نوێی لەسەر گەڵاڵە دەبێ كە ڕەنگە لەسەر ئەمە دواجار ئینسافی بكەن ‌و كۆی كۆششی دیمەن بگرێ.


دووەم: كتێبی نوێی تەرخانكراو وەك كتێب لەسەر باس ‌و بابەتەكان بنوسێت كە لەمەدا دەستتەڕییەكەی پێشووی یارمەتی دەدا چاك بنووسێ ‌و چاك بێڵێ.
دەستتەڕی لە رۆژنامەنووسیدا پاداشتە بۆ زەحمەت ‌و پەژارەی تولانی رۆژنامەنووسی ‌و بەشداریشە لە پەرەپێدانی كتێبی كوردی ‌و دەربازكردنی لە هەژاری ‌و یەك رەنگی ‌و وشك ‌و بڕنگی.

ژیان 

AM:01:32:05/02/2019