سیاسەت بە لایك و تێچێنەوە
خه‌ڵه‌ف غه‌فور

جاران وا نەبوو، لێ ئێستا وای لێهاتووە زۆرینەی سیاسییەكان دوای ژاوە ژاو دەكەون، لەكوێ چەپڵەی زۆریان بۆ لێبدرێ، ئەوان روو لەوێ دەكەن، لەمەشیاندا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بازاڕیان گەرمە و زۆرجاران ئاراستەی سیاسی دەگۆڕن بێ ئەوەی دەرئەنجامەكانی لەبەرچاوگیرابن.

رووكردنە جەماوەر لەلایەن سیاسییەكانەوە و گوێگرتن لێیان نەك هەر خراپ نییە، بەڵكو ئەركی لەپێشینەیشە، بەڵام لەمەیاندا پاش و پێشێك هەیە كە ئەتوانم بێژم نە لە شوێنی خۆیەتی و نە بەم شێوازەی ئێستایش گونجاوە.

بارودۆخی سیاسی و ئابووری و تەنانەت ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش لەوپەڕی خراپیدایە، لە ساڵێكی دوای هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە و هێشتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان پێكنەهاتووە، لەمەشیاندا یەكێتی و پارتی بەرپرسیاری یەكەمن و بەو هۆیەیشەوە بازاڕی سۆسیال میدیای گەرمتر كردووە.

سەركردەی سیاسی و حزبی فەرمانڕەوا كات و شوێنی گونجاوی بۆ گەڕانەوە بۆ رای جەماوەرەكەی هەیە، بڕیاری پێویست وەردەگرێت و هەوڵی رازیكردنی ئەندام و هەوادارەكانی دەدات بۆ بڕیارە چارەنووسسازەكەی، هەر بەوەیش پێی دەوترێت سەركردە و رێبەر، خۆ ئەگەر دیمەنەكە پێچەوانە بووە و سەركردەی حزب دوای خەڵكی قسەی كرد، ئیتر بۆچی پێی بێژین رێبەر.

لەسەر ئاستی كوردستان دوو كارەكتەری سەرەكی هەن و یەكی شتی هاوبەشیشیان نییە:
یەكەم: 27 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوبەشی و ئیدارەی جیاوازەوە هەیە، بەڵام ستراتیژیی نیشتیمانی نەبووە، لە یەك بواری دیاریكراودا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت و بكەوێتە سەرپێی خۆی، سەیربكە بەو هۆیەوە چی دۆخێكی خراپ لە كوردستان دەگوزەرێ‌.

دووەم: حزبی زۆریش هەنە، بەڵام ستراتیژیی دیاریكراوی كارلەسەركراویان نییە، بەڵكو رۆژان بەڕێدەكەن و دۆخەكە خراپتر دەبێت، بەو هۆیەیشەوە سەركردایەتی حزبەكان خوێندنەوەی دروستیان بۆ پێشهاتەكان نییە و هەر ئەوەیشە وایكردووە پرۆسەی بەدەمەزراوەییكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكەوێتە سەرپێ و لەو رووەیشەوە گرفتی زۆر بوونی هەبێت.

چیرۆكی گوێ نەگرتن لە رای زۆرینەی سەركردایەتی لەلایەن سەرۆك یان سكرتێری حزبەوە لەكاتی پێویست و چارەنووسسازدا زۆر بیستراون، رەنگە دیارترینیان بڕیارە بوێرانەكەی رەونشاد مام جەلال بێت بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوكاتەی شەڕی ناوخۆ كوردستانی قۆناغێك بۆ دواوە گەڕاندەوە، چونكە بڕیاری گوێنەگرتنەكەی مام جەلالیش دروست بوو و ئێستا وەك چیرۆكی سەركەوتنی سیاسییەكی مەزن دەیخوێنینەوە.

لە دۆخی وەكو ئێستادا بڕیاری سیاسی چارەنووسساز پێویستن نەك گەڕانەوە بۆ دواوە، گوێگرتن لە پرتە و بۆڵەی زۆرینە دروست نییە، رەنگە بۆ قۆناغێك زیانی هەبێت و بۆ هەڵبژاردنیش قاچی كورسییەكی پەرلەمان لەنگ بكات، بەڵام بۆ داهاتووی نیشتیمان گرنگ و نرخدارە.

لەمەیاندا سەركردەی ئازا و حەكیم دەردەكەوێ، حزبی چاكەخواز و شەڕخواز خۆیان ئاشكرا دەكەن، رەنگە ماوەیەك بكەونە بەر تانە و تەشەر، بەڵام مادام سوودی گشتی دەبێتە رەنگی قۆناغەكە، وردە وردە رەشبینییەكە دەڕوات و گەشبینی جێگای دەگرێتەوە.

بۆ ئێستای كوردستان نابێت سیاسەت چاوی لە لایك و تێچێنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بێت، بەڵكو سیاسەتە راستەكە ئەوەیە دیمەنەكە پێچەوانە بكاتەوە و بڕیاری دەستەجەمعی پێویست بدەن، خەڵكی كوردستانیش هەر چاوی لەوەیە ژیانی باشتر بێت و كوردستانیش پارێزراو ئاوەدانتر ببێتەوە.


AM:03:59:12/06/2019