سۆران هەمیشە ئامادە ، هەمیشە لێرە
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سۆران جگە لەجەستەی بیرەوەریەكانی ، نوسینەكانی ، خەونەكانی ، شیعرو وشەكانی هەمیشە لە ناوماندان و ئامادەن ، تا كوشتن هەبێت ، تا نادادی و ستەم هەبن ، تا چەوسانەوە و جیاوازی بەردەوام بێت سۆران لە گەڵ ئێمەدایە ، ئێمە هیچمان بۆنەكرا لەبەرانبەر بكوژەكانی سۆراندا بۆیە هەر ئەوەندەمان لە دەست دێ‌ لەبیری نەكەین ، هیچمان پێنەكرا بۆ دۆزینەوەو بە دادگا گەیاندنی بكەرانی ئەو ستەمكاری و تیرۆرە ، بۆیە تا ئێستاش بەو حەسرەتەوە دەناڵێنین ، ئێمە تەنانەت لەو هەموو كەناڵ و میدیایە نەمانتوانی یەكجار دایكانی هەرسێ‌ شەهید سۆران و سەردەشت و كاوە پێكەوە كۆبكەینەوەو درود بۆ ئازەرەكانیان بنێرین ، نەئێمە لەوە زیاترمان پێكراو نەپۆلیس و ئاسایش و حكومەتی كوردیش وەك پێویست خەمی دایكی سۆران و دایكانی تریان خوێندەوە ، تەنانەت بارزانیش كاتێ‌ كەمتر لە بیست ڕۆژدوای مەرگی سۆران هاتە كەركوك بەڵێنی دۆزینەوەی بكوژانی دا ، بەڵام ئەوەش هیچی لێسەوز نەبوو ، ئێستا ئێمە تەمەنا دەكەین بكوژان ئاسودە نەبن ، ویژدانیان هەمیشە و تا دەمێنن ئازاریان بدات ، ئاخر سۆران جگە لە ئازادی و خۆشبەختی بۆخەڵك هیچی تری نەدەویست ، تەنانەت بە دووی پارەوسامانیشەوە نەبوو ، هەر ئەودەم ئەگەر لە نێوان كوردستان ڕاپۆرت و گۆڤاری لڤیندا یەكەمی هەڵبژاردبا ڕەنگە دەسكەوتی زۆری هەبا ، بەڵام ئەو دوەمی هەڵبژارد ، واتە سۆران خەونی پارەو سامانیشی نەبوو ، ئەو تەنیا خەونی ئەوەبوو ، كەركوك و خەڵكەكەی ئازاد بن ، دیموكراسی گەشە بكات ، نادادی و ستەم و گەندەڵی نەمێنێ‌ ، ئەو بۆ تیرۆری دكتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف ووتی " مەترسیەكانی كوشتنی عەبدولستار تاهیر شەریف لەسەر نووسینەوەی یاداشتەكانی ، هێندە تۆقێنەرە وامان لێدەكات هەست بە شەرمێكی گەورە بكەین " هەروەها نوسیتی " با پرسیار لە خۆمان بكەین چی ڕوودەدات ئەگەر ڕابردو لەبیر بكەین ؟ چی روودەدات ئەگەر ئێستامان ڕابردوو بكوژێت ، ئەزانن چی ڕوودەدات ، ئەو كاتە ئێمە دەبێت بنووسین " بژی ناعەدالەتی و گەندەڵی و نائاكاریەكانی كۆمەڵگە " هەروەها بۆ كەركوكیش زۆر وتاری سەنگینی نووسی ، سەبارەت دیاردەی لەش فرۆشیش لەبەر ئەوەی سۆران هیومانی و ئینساندۆست بوو ،لەسەر ئەو دیاردەیەو بازرگانەكانیشی هاتە دەنگ و هاواری كرد ئیدی نابێ‌ پارێزەرەكانی نیشتمان دزەكانی بن ، ناكرێ‌ پلەدارەكانی پۆلیس و ئاسایش خەراپەكانی نێو كۆمەڵگە بن ، تەنانەت خەونی ئەوە بوو سەركردەو سەرۆكەكانی ئەم وڵاتەش هێندە دیموكراتی و كراوە بن خاتونەكانیشیان بەشداری خزمەتی نیشتمان بكەن ، ئەو لەو بارەیەشەوە وتارێكی نووسی پرسیاری ئەوەی كرد گەلۆ خانمی هەموو سەرۆكەكانی دنیا ڕۆڵێكیان هەیە ، ئەدی ئەوانی ئێمە ، ئەمە كفرو گوناه نەبوو، ئەمە خەون بوو بۆ یەكسانی  و گەشەی دیموكراسی .، سۆران لەسەر نوسین تیرۆر كرا ، بە شێوەیەكی زۆر ناشرین و لەبەردەم خوشك و براژنە هاوسەر ئەنفالكراوەكەیدا شەهید كرا ، سۆران هێشتا لە ناوماندایە ، تا ڕۆژێ‌ كە ستەم و گەندەڵی نادادی و جیاوازی چینایەتی  نامێنێ‌ سۆران هەمیشە لە ناوماندایە و هەر ئەو ڕۆژەش ئیدی گیانی سۆران ئاسودە دەبێت .


AM:03:25:28/07/2016