گەر بچم بۆ زیندان دادوەر ئەم بەڵێنانەی پێداوم
ئاوات عەلی


گەر بچم بۆ زیندان دادوەر ئەم بەڵێنانەی پێداوم:

- من نەخاتە ئەو هۆڵەی ٢٥٨ موستەشارەکەی تۆمەتباری ئەنفالی تیادا دەستگیرکراون.

- ژووری من بەرامبەر ژووری وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی پێشوو بێت.

- نزیک بم لەو وەزیر و بەرپرسانەی لە حکومەتەکانی پێشووی هەرێمدا لەسەر گەندەڵی سزا دراون و سامانی گشتییان بە فیڕۆداوە.

- ژوورەکەم دوور بێت لە ژووری سەرکردە تاوانبارەکانی شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

- کارێک بکات لە زیندان چاوم بە چاوی بکوژانی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولستار تاهیر شەریف و ویداد حسێن و کاوە گەرمیانی بکەوێت کە بە سزای لە سێدارەدان سزادراون هۆکاری تاوانەکەیان لێ بپرسم و گوێم لە پەشیمانیان بێت.

- ژوورەکەم تەنیشتی ژووری ئەو بەرپرسە حیزبییانەبێت کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕژێمی سەدام سزادراون بۆ ئەوەی لە پەشیمانیان تێ بگەم.

- بەڵێنی ئەوەشی پێداوم ڕێگەم بدات قسە لەگەڵ ئەو سزادراوانەدا بکەم کە ئێن ئاڕ تییان سوتاند.

- ئەشتوانم گوێ لە دەردەدڵی سزادراوانی تەقەکەرانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی بگرم و بزانم کێ فەرمانی تەقەی پێداون.

- بەڵێنی ئەوەشی پێ داوم بتوانم لەگەڵ بەرپرسە سزادراوەکانی هەڵگیرسانی قەیرانی دارایی دا دابنیشم و گوێم لەگێرانەوەی هەڵەکانیان بێت.

- ئەشتوانم سەردانی هۆڵی بەرپرسە سەربازییە هەڵاتووە سزادراوەکانى شەڕی داعش بکەم کە بوونە هۆی شەهیدبونی سەدان هاوڵاتی ئەم هەرێمە و ئەنفالبونی هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی.

- بەڵێنی ئەوەشی پێداوم لەگەڵ ئەو بەرپرسە سزادراوانەدا قسە بکەم کە بازرگانیان لەگەڵ داعشدا کردبوو.

- شتێکیشی وتووە نازانم ئەیباتە سەر یان نا کە چاوم بەو بەرپرسە سزادراوانە بکەوێت کە بوونە هۆی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم لە پێشوودا.

- ئەوەشی پێ وتم کە دەتوانم سەردانی هۆڵی ئەو سەرۆک حیزبانە بکەم کە بەتۆمەتی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا سزادراون.

تێبینی: من گاڵتەم کرد و شتەکەتان لێ نەبێ بەجدی، من ئەچم و ئەوان کەسیان لەوێ نین


NRT

AM:04:37:30/05/2017