ئای عەمۆ!
ئاکۆ محەممەد

"ئای عەمۆ" هاواری سارای حەوت ساڵان بوو بە دەست ئازاری پەڕینی لاقی راستییەوە، بەڵام ترەمپ و جیهان هاواری سارایان نەبیست. دایكیان لەبەر دەرگای ماڵەكەیان لە ئەنجامی بۆمبابارانی توركیادا لە گەڕەكی شاری قامشلۆ گیانی لەدەستدا. سارا لەگەڵ یوسفی برای 12ساڵانیدا لەبەر دەرگابوون، خوێنی یوسف و سارا لەبەر دەرگای ماڵەكەیان لەگەڵ چەند تەماتەیەك و چەند نانێكی دەستیان و پێلاوەكانیان تێكەڵبوون. ئێستاش كەس نازانێت كوشتنی منداڵان و ژنان، بۆمبابارانی شاری قامشلۆ، دەرەوەی ئەو سنوورەیە كە ترەمپ بۆ توركیای داناوە یان نا. قامشلۆ ئەو شارەیە كە خەڵكەكەی بە خۆشەویستی خۆیان بۆ هەموو جەنگاوەرانی دژی داعش، شارەكەیان كردبووە سەنتەری ئارام دانیشتن و شوێنی هێمنی پلان تێدا دانانی ئەمریكییەكان و فەرەنسی و بەریتانی و هاوپەیمانانی دژی داعش.
 
سارا لەسەر تەختێكی سادەی نەخۆشخانەیەكی سادە، بە توانای پزیشكیی زۆر سادەوە برینە زۆر سەختەكەی سەروبەر دەكرا، هاواری ئازاری لاقی پەڕیو و ئازاری چارەسەرەكردنە سەرەتاییەكەی بە دەست پزیشكەوە هاواری "ئای عەمۆ" زیاد دەكرد، دڵی هەموو مرۆڤێكی شەقدەكرد، تەنیا ترەمپ نەبێت. ئەگەر گەلی ئەمریكا بە دروستی لە "ئای عەمۆ"ی سارا تێبگەن، شەرم دەكەن كە سەرۆكێكی وەك ترەمپیان هەیە. 
 
"ئای عەمۆ"ی سارا هاوارێكە هەموو مرۆڤێكی كورد وەك حەسرەتێك لە دڵی خۆیدا هەڵیدەگرێت، تاوەكو ئەو رۆژەی ئەو جیهانە دوور لە دادپەروەرییە بەجێدەهێڵێت. تێدەگات لەوانەیە هەموو رۆژێك سەرۆكی گەورەترین وڵات، كە ئیدعای ئەوە دەكات كە سیاسەتی لەسەر بنەمای پرەنسیپە ئەخلاقییەكان و مافی مرۆڤ و دیموكراسی دامەزراوە، چاو لە تاوانێكی گەورەی ئینسانیی بەوشێوەیە دابپۆشێت. بەهۆی سیاسەت و تویتە خالی لە بەها مرۆڤاتییەكان، هاواری سارا و منداڵانی قامشلۆ و سەرێ كانی تێكەڵاوی هاواری منداڵانی داقووق بوو، هەمووشیان پێكەوە دەچنە هزری مرۆڤی كوردەوە. ئەو كوردەی تاكە گەلی پێشوازیكار بوو لە هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیەدا. بێگومانم دوای ئەو ئەزموونە، لەمەودوا كورد بە دوای هاوپەیمانی دیكەدا دەگەڕێت. 
 
ترەمپ دەیەوێت، دروشمی "سەربازەكانمان لەنێو شەڕگەی شەڕە بێ كۆتاییەكاندا دەكێشمەوە"، بە خوێنی كوردەوە بكاتە دروشمی هەڵخەلەتاندنی گەلی ئەمریكا بۆ دووبارە دانیشتنەوە لە كۆشكی سپی دا، بەڵام دڵنیام ئەگەر هەر ركابەرێكی، تەنیا چیرۆكی سارا بەكاربێنێت، دەتوانێ تاوەكو ئەبەد ترەمپ لە كۆشكی سپی دووربخاتەوە. هەروەك چۆن لە خولی رابردوودا ، ترەمپ خۆی رێككەوتننامەی ئەتۆمی و كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق كردە بیانووی هێرشكردنە سەر ئۆباما و دیموكراتەكان وەك "هەڵەی ستراتیژی" و "هۆكاری سەرهەڵدانی داعش". داعش 2، زۆر مەترسیدارتر دەبێت، هەروەك پەیمانگەی جەنگی ئەمریكاش لە لێكۆلینەوەیەكی درێژدا باسی لەنێونەچوون و بەهێزبوونەوەی داعش دەكات، ئەو هەنگاوەی ترەمپ بە رێگەدان بە هێرشی توركیا، بەهێزبوونەوەی داعش زۆر خێراتر دەكات. هەرچەندە گرووپە چەكدارەكانی (سوپای نیشتیمانیی سووریا)ی سەر توركیا لە باوەڕ و كردەوەدا هیچیان لە داعش جیاوازتر نییە . 
 
ترەمپ لە تویتە بێسەروبەرەكانیدا، رەخنە لە كورد دەگرێت كە لە جەنگی جیهانیی دووەم و شەڕی نۆرماندی دا یارمەتی ئەمریكای نەداوە، ئەوە كورد لە شەڕی تێكشكاندنی داعش دا یارمەتی ئەمریكای دا و ستراتیژی شەڕكردن بە هێزە لۆكالییەكان و نەناردنی سوپای ئەمریكای بۆ بەرەكانی شەڕی داعش، بەخوێنی زیاتر لە 13 هەزار شەڕڤان و پێشمەرگە سەرخست، كەچی لە دواییدا پاداشتەكەی هێرشەكانی 16ی ئوكتۆبەری 2017 و هێرشی توركیابوو لە 9ی ئوكتۆبەری 2019 .
 
كورد داوای لە ترەمپ و ئەمریكا نەكردووە شەڕی حەشدی شەعبی و سوپای توركیای بۆ بكات، داوایكردووە رێككەوتنی سیاسی نەكات بۆ زەمینەخۆشكردن بۆ هێرشی ئەو هێزانە بۆ ئەو شوێنانەی كە بە خوێنی كورد رزگار كراون. داوایكردووە یارمەتیدەریان بێت بۆ رێككەوتنێكی دادپەروەرانەی ئاشتیانە.
 
ترەمپ دەڵێ هێز دەكێشمەوە لە سووریا و شەڕی كورد و تورك شەڕی 200 ساڵەیە، بەڵام لە هەمان رۆژدا دەڵێ 3000 سەرباز دەنێرینە سعودیە، چونكە ئەوان هەموو پارەكە دەدەن وەك ترەمپ دەڵێت. كورد پارەی نییە، بەڵام خوێنی لاشەی دەیان هەزار كەسیدا بۆ پاراستنی ئەو بنەمایانەی كە لینكۆلن وەك شانازییەكانی ئەمریكا لە بەردەم كۆنگرێسی ئەمریكادا دایناون. هەڵوێستفرۆشیی ترەمپ مایەی شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ مێژووی ئەمریكا.




رووداو 
AM:02:48:16/10/2019