دیمەنەكە بەم جۆرەیە‌
مەریوان وریا قانع
ئەوەی سەیری بارودۆخی ئەمڕۆكەی هەرێم بكات دیمەنێكی تەواو بەد دەبینێت كە هێڵە سەرەكییەكانی بەم شێوەیەیە:

١- بونی سەرۆكێكی نایاسایی‌و ناشەرعیی ئەگەرچی هیچ بەهانەیەكی یاسایی‌و سیاسی‌و ئەخلاقی بۆ درێژەدان بە سەرۆكایەتییەكەی لەئارادا نییە، كەچی هاوكات سەرجەمی پرۆسەو دەزگا سیاسییەكانی كوردستانی پەكخستوە. ئەوەشی ئەم توانای پەكخستنەی بەم پیاوە بەخشیوە لۆژیكی هێزەو بەس، لۆژیكێكی روتی هێز یان لۆژیكی هێزێكی روت.

٢- بەكردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی‌و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی، هەمو دەزگاو پێگە سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌و ئابورییە گرنگ‌و بنەڕەتییەكانی هەرێمیان لەژێردەستدایە. ئەو شوێنانەشی كە لەژێر دەست‌و دەسەڵاتی ئەواندا نییە، زۆربەی جار، بە لۆژیك‌و خەیاڵ‌و عەقڵیەتی ئەوان ئاڕاستەدەكرێت‌و بەڕێوەدەبرێت. تاقە دەزگایەك كە تیایدا بارزانی‌و حیزبەكەی زۆرایەتیان تیادا لەدەستداو بەرەو ئەوە دەڕۆشیت بەپێی ویستی ئەوان نەجوڵێتەوە، پەرلەمان بو. ئەویشیان بێ بیركردنەوەیەكی زۆرو بە لۆژیكی هێز پەكخست. 

٣- لە هەرێمدا دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم چەقی قورسایی سیستمە سیاسییەكەیەو دۆخێكی خولقاندوە ئەوەی بارزانی وەك شەخس بیەوێت‌و خەونی پێوە ببینێت، ئەم دەزگایە دەتوانێت بیكات بە واقیع. لانیكەم لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی خۆیدا. بەم مانایە ئەم دەزگایە بەشێوەیەكە بۆشایی‌و فاسیلەیەك ناهێڵێتەوە لەنێوان سایكۆلۆژیای بارزانی‌و ئەو واقیعە سیاسییەی كە ئەم سایكۆلۆژیایە دەتوانێت دروستیبكات. 

٤- بەرەیەك لە هێز لە دەرەوەی پارتیدا دروستبوە كە بەمانا راستەقینەكەی بەرە بەرە نین. ئەوان خاوەنی یەك پرۆژە بون لە پەرلەماندا، بەڵام كە پەرلەمان پەكخرا، بە پرۆژەكەی ئەوانیشەوە، لەباتی رۆڵی ڕوبەڕوبونەوەو بەگریكردن لە پرۆژەكەیان‌و لە پەرلەمان خۆی، ڕۆڵی ناو بژیوانێكی كۆمیدییان هەڵبژارد. بەشێكی بەرچاوی ئەم بەرەیە نایەوێت رۆڵێكی شێلگیرو یەكلاكەرەوە ببینێت لە گۆڕینی ئەو دۆخەدا كە پارتی‌و بارزانی دروستیانكردوەو كۆمەڵگای ئێمەیان بەو هەمو قەیران‌و نەهامەتییانەی ئەمڕۆكە گەیاندوە. 

٥- ئەم بێكرداریی‌و لاوازییەی بەرەی دەرەوەی پارتی پابەستی ئەوەیە كە بەشێك لە ئەندامانی ئەم بەرەیە نەك هیچ قازانجێك لە دەسكاریكردنی دۆخەكەدا نابینن، بەڵكو بەردەوامیدان بەوەی هەیە بەردەوامیدانە بەو پێگەیەی ئەوان لەپاڵ تاكڕەوێتی دەسەڵاتی پارتیدا بۆ خۆیان‌و بنەماڵەو كەسوكارە نزیكەكانیان دروستكردوە. هاوكات هەندێك لەم هێزانە هێندە دابەش‌و ناكۆكن كە ناتوانن خاوەنی سیاسەتێكی ناوەكی یەكگرتو بن. رۆڵی ناوبژیوان بەشێكە لەو پینەوپەڕۆكردنە سیاسییەو لەم ئیتهازیەتە هەمەلایەن‌و كەم وێنەیە كە لەئارادایە. 

٦- هەم بەشێكی زۆری بڕیارەكانی بارزانی‌و هەم بڕیارەكانی بەرەكەی بەرامبەر بە بارزانی لەدەستی خۆیاندا نییە. وەكچۆن ئەردۆگان ئەوەی بیەوێت بە بارزانی دەكات، ئاواش هەندێك لە لایەنەكانی بەرەكەی تر لەژێر كاریگەری ئێراندان. ئەمەش وادەكات بڕیاری ناوەكی لە كوردستاندا نەك بڕیارێكی سەربەخۆ نەبێت، بەڵكو تەواو لەژێر رەحمەتی خواستی هێزە ئیقلیمییەكاندا بێت. بۆیە لەهەمو گفتوگۆ ناوەكییەكاندا ئێران‌و توركیا وەك دو چاوی دەرەكی‌و وەك دو دەمی خاوەن ئەمر، ئامادەبن.

٧- لەم دۆخەدا گەرچی بارزانی وەك سیفەتی هەمیشەیی خۆی بێدەنگە، بەڵام بەردەوام نوێنەرە پلە دەو پلە یازدەكانی خۆی بۆ لای لایەنە جیاوازەكانی دەرەوەی پارتی ئەنێرێت. لە هەگبەی ئەم نوێنەرانەشدا هەمو شتێك هەیە، تەنها ویستێكی راستەقینەی دەسكاریكردنی ئەو دۆخە نەبێت كە لەسەرەوە هێڵە گشتییەكانیمان كێشا. درێژەدان بە گوێگرتن لەم نوێنەرانە درێژەدەانە بە لۆژیكی هیچ نەكردن‌و هێشتنەوەی دۆخەكە بەوجۆرە. 

٨- هەمو ئەم شتانە وادەكات شتێك لە هەرێمی كوردستندا بەناوی سیاسەتەوە بونی نەمابێت، سیاسەت بەمانای چالاكی رێكخستن‌و بەڕێوەبردنی "ژیانی گشتی" كۆمەڵگا. ئەوەی لەباتی سیاسەت‌و لە شوێنی سیاسەتدا ئامادەیە، بیركردنەوەی گروپە دەستڕۆیشتوەكانی ناو هەرێمە، لە پێگەو قازانج‌و خواستە تایبەتەكانی خۆیان.

٩- ئەو دۆخەی سەرەوە كۆمەڵگای ئێمەی لەبەردەم كۆمەڵێك هەڕەشەی گەورەدا داناوە، لە هەڕەشەی ئابوری‌و هەژاركەوتنێكی خێراوە بیگرە، بۆ هەڕەشەی قۆناغی دوای داعش كە قۆناغی لاوازبونی پێگەكانی هەرێم دەبێت لەناو هاوكێشە سیاسییە تازەكانی ناوچەكەدا. بە ئەگەری دروستكردنی دەوڵەتێكی سونی لەژێر دەسەڵاتێكی سونی داعشئاسای خەفیفدا، هاوڕێ بە ئەگەری بەهێزبونی دەسەڵاتی میلیشیا شیعییەكان لە عێراقداو پلانی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی عێراق.

١٠- هەمو ئەمانە وادەكەن قۆناغی دوای داعش قۆناغی كێشەو گرفتی هێجگار گەورەترو ترسناكتر بێت لەو كێشانەی ئەمڕۆكە لەئارادان. هەرچییەك لەمڕۆدا فریای كۆمەڵگای ئێمە بكەوێت، ئەو ریفراندۆمە بێمانایە نابێت كە پارتی وەك موقەدەسێك بە هەموانی دەفرۆشێت‌و لە واقیعیشدا جگە لە بازادان بەسەر چارەسەكردنی كێشە راستەقینەكانی هەرێمدا هیچ مەبەستێكی تری لەپشتەوە نییە.
 
(سبەی)

AM:09:56:17/08/2016