میدیا و بەرپرسیارێتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا‌
چۆلی ئەسعەد

پێویستە ئامانجی یەکەمی میدیا گوزارشتکردن بێت لە بەرژەوەندییە گشتییەکان بەرانبەر لادان و گەندەڵی، لە پیناو پابەندیی بە وشەی راست و ئازاد و بەرەنگاربوونەوەی نەرێنی و تێکدەرییەکان، چونکە ئەگەر بە وریاییەوە ڕەفتار نەکات و لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نەبێ دەبێتە قوربانیی یەکەمی گەندەڵی و دەبێتە بازاڕێک بۆ تەشەنەسەندنی پەتای خراپەکاری و گەندەڵی و لەباربردنی بۆچوونە دروستەکان و بنەماکانی کاری باش لەبەرانبەر گەشەکردنی نائاساییانەی گەندەڵی و خراپەکاری. میدیا، ئەگەر دروست ڕەفتار نەکات، هێمن و وریا نەبێ دەشێ لەبری ڕۆڵ بینین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە فیڕۆدان و لادانی نادروست، ئەوا دەبێتە ئامرازێک بۆ بە هەدەردان و گەورەکردن و جوانکردنی گەندەڵی، چونکە میدیا کە دەروازەی ئاشکراکردن و ناساندن و شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی گەندەڵییە، بە هەڵە بەکارهێنان و کارکردنی گەندەڵی لە دیاردە و ڕەفتارێکی نەخوازراوەوە دەگۆڕێ بە ڕەفتارێکی مرۆییانەی نەرێنی ئاسایی و ئەگەر جوانیشی نەکات وەک هەر رەفتارێکی ڕۆتینیی کەسەکان و دەزگا و دامەزراوەکان نیشانی ئەدات و باسکردنی گەندەڵیش لە پەتایەکی کوشندەی دزێوەوە پێچەوانە دەخاتە ڕوو، کە هەر هاوڵاتی بەباسکردنیشی قێزی ببێتەوە، بڵی ئەرێ چیبوو گەندەڵی هەر نەبڕایەوە ؟

مەترسیدارترین کاتیش ئەوکاتە دەبی، کە ڕازیبوون و قبوڵکردنی گەندەڵییە لە ژیانی ئاساییدا و ڕاهاتنە لەگەڵیدا، ئەویش بەهۆی ڕەفتاری نادروستی میدیاوە لەگەڵیدا، ئەمەش ئەو بۆچوونە دەهێنێتە ئاراوە، کە مادام هەموو دەوروبەرەکە گەندەڵ بووە و باسی گەندەڵی ببێت بە باسی ئاسایی و ڕۆژانەش گەندەڵی بابەتی بەردەوام بێت، ئەوا گەندەڵی کردن و گەندەڵ بوون هیچ لێکەوتەیەکی نییە و ئەگەر بشکرێ بێ زیانە، یان دەگاتە ئەوەی ئەگەر نەیکەی دەچیتە خانەی نەزانی و بێدەسەڵاتی و تێنەگەیشتووییەوە، دوای هەموو ئەمانەش گەندەڵیکردن و راهاتن لەگەڵیدا و قەناعەتکردن بە بوونی واقعی گەندەڵیکردن ئاساییە، وەک ڕاهاتن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بازنەی بەکارهێنانی فراوان دەبێ و کۆمەڵگا و تاکەکانی زەحمەت دەتوانن خۆی لێنەدەن.

کاتێک کۆمەڵگە دەگات بەم دۆخە، کاری میدیا سەختتردەبی، (لارز سفیڵد) سەبارەت بە ئەرکی میدیا، لەو بڕوایەدایە، کە دەبی میدیا کاربۆ بەهێزکردنی پابەندکردنی کۆمەڵایەتی بکات بەرانبەر بەتاکەکانی و پێواری ئەخلاقی بۆدابنێ لە ڕێگەی هەڵمەتی میدیایی چڕەوە بۆ ناشیرینکردنی لادانەکان و بەد ڕەفتارییەکان، جان جاک ڕۆسۆش ئەڵێ، دەبێ هەموو دەسەڵاتێک دان بەوەدابنێ کە میدیا ناوەندکارێکی بابەتی گرنگە لەنێوان لایەنە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا و رەنگدانەوەی ئیرادەی گشتی کۆمەڵگایە، ئەمەش دەسەڵاتی ئەوەی دەداتێ کە لە دۆخێکی وەهادا تەنیا میدیا بتوانی فریای کۆمەڵگە بکەوێ.

ڕۆڵی کردەیی میدیا، گرنگیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، دەبێ لە دوورخستنەوەی پرسی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بێ لە کۆمەڵگەدا، چونکە گەندەڵی کێشەیەکی فرە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابوری و یاسایی و ئەخلاقیی پەروەردەییە، بۆیەش دەبی بە فراوانی و لە هەموو رەهەندەکانەوە سەیربکرێ و کاری لەسەر بکرێ. وەک لە وڵاتانی تریش باوە و شارەزایان لەسەری کۆکن، هەمیشە گەندەڵکاران درز ئەخەنە یاساوە و سوود لە بۆشاییە یاساییەکان بۆ ڕەفتارەکانیان وەردەگرن.

خاڵێکی گرنگ لە بڵاوبوونەوە و هەڵکشانی پەتای گەندەڵی و لێکەوتەی گرنگی بریتییە لە لاوازبوونی هەستی بێ بەهایی و بێ بایەخییەتی تاکە لە کۆمەڵگەدا و لاوازبوون و سست بوونی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانییە لای تاک، هەروەها حەزی چاکەکردن کەمدەبێتەوە، هەڵهاتن و بەجێهێشتنی وڵات لەوە دەرئەچی هەر خواستێکی مرۆییانەی ئاسایی بێ، بەڵکو دەبێ بە ئەرکێکی مرۆیی کە ئەگەرێکی تر لەبەرانبەریدا نییە.

لەدۆخێکی لەمشێوەیەشدا، پێویستە میدیا پەیامەکانی بەشێوازی زانستیانەی کاریگەر ئاراستە بکات و پلانی پێشوەختە دانراو و گونجاو و چر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دابنێ. هەمیشە لە پرۆگرامەکانیدا بە ژمارە و زانیاری دروست و سادە بدوێ، ڕاستە دۆخێکی سەختە بەڵام ئەرکێکە ئەبێ هەر بکرێ و ڕێگایەکی تر نییە.

 

KNNC.net

 


AM:10:16:17/08/2016