هەر بنووسم..
د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول
گەلێك، یا یەك شت پاڵم پێوە دەنێ كە واز لەم كونجە بهێنم. بەڵام لەولاشەوە هۆی تر هەیە كە وام لێدەكەن وازی لێ نەهێنم. هەر چۆنێك بێت وا دەنووسم. چەند تێ بینیم هەیە. یەكەمیان داخستنی رۆژنامەی(الاتحاد)ە كە (برا یا دەستەخوشكی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بووە. جارێ لای ئەم (برا) ‌و (دەستە خۆشكە) دەوەستم- هەرچەندە من باوەڕم وایە كە(فەرقی ژن‌و پیاو نی یە بیزانە) بەڵام نازانم بۆ هەر لاسایی عەرەب-دەبێ بە (الاتحاد) بڵێین(دەستە خوشك)‌و نەڵێین(برا)ی (كوردستانی نوێ) ئارەزووی خۆتانە- هەر لاسایی عەرەب بكەنەوە. بەڵام بۆ داخستنی (الاتحاد) ئەوا پەنجەی (ناڕەزایی) بەرز دەكەمەوە، چونكە (الاتحاد)- یەكەم: رۆژنامەیەكی باش بوو. دووەم: دەنگی كورد بووە بۆ ئەوانەی بە عەرەبی دەخوێننەوە چ كورد بن یا عەرەب بۆ ئێمەش(ئەگەر خوا بكا جیا بینەوە).ئەوا (برای عەرەبی چاوڕەشم) هەر نزیكترین دراوسێمان دەبێ‌و سنورمان لەگەڵ ئەواندا لە هەموو سنورەكانیترمان درێژتر دەبێ. سێیەم: (الاتحاد) دەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو. گەیاندنی دەنگی ئەو حیزبە گەورەیەی خاوەن مێژووەش بەو برایانەی یا بڵێم-بەو خوشكانەش كە بە عەرەبی دەخوێننەوە كارێكی باش‌و گرنگە. دووایی: هۆی داخستنی(الاتحاد) وەك بیستوومە گوایە بێ پارەیی یە. ئەوەش لای من وەڵامی هەیە یەكەم: با ئەو رۆژنامەیە بە ژمارەی زۆر دەرنەچێ، ژمارەی هەرچەندە كەمیش بێت ئەوە هەر دەنگە‌و دەگات. بۆ ئەمڕۆ بۆ مێژووش سوودی هەیە. ئەوە نی یە ئێستا خوا خوامانە  رۆژنامەی سەدساڵ پێشتر بخوێنینەوە‌و بەڵگەی مێژوویی‌و تەنانەت بەڵگەی زمانیشی لێ وەردەگرین. هەرچی پارە نەبوون‌و(لاتی)ی حیزبەكەكانی كوردستان- هەر دوو حیزبی باڵادەستە،ئەوە من باوەڕم پێی نی یە. ئەوەتا(مووچە) نی یە، چونكە (پارە نی یە) رۆژنامە دادەخرێ. چونكە پارە نی یە‌و گەلێ شتی تر. بێگومان من نە ئاگاداری پارەم‌و نە حسابی هیچ حیزبێكم لایە. تا بریاری پارەبوون‌و نەبوون بدەم. بەڵام ئەوەندە دەزانم كە هەردوو حیزب پارەیان هەیە‌و بەشی خۆیان نەوت دەفرۆشن‌و خوا بكا(بامیە‌و تەماتە)شمان بكەونە بازاڕی دەرەوە. بەڵام كە بۆ ئەمەیان پارە هەیە‌و بۆ ئەویتر نی یە. ئەوە وەك هاووڵاتی یەك دەتوانم بڵێم(شتێك پارە هەیە) بەڵام ڕووی سەرف كردنی (لای من) باش نی یە‌و باشتر ئەوەیە پارە بۆ ئەم شتە سەرف بكرێ‌و بۆ ئەوە سەرف بكرێ. بەڵام دیارە بۆچوون‌و ڕای لێپرسراون لەگەڵ مندا جیایە. زۆر یا كۆنگرە یا هاتووچۆی ناوەوە‌و دەرەوە دەكرێ.لای من پێویستیان پێ نی یه‌. (ئەمەش ڕای هاوڵاتی یەكە) ڕەنگە ڕاست بێت یا نا یا لە نەشارەزایی یەوە بێت. ئەمەش بەری ئەو ئازادی یەیە كە (شوكر) هەمانە. بە هەموو حاڵێك منی پیاوی مەیدانی خوێندنەوە‌و نووسین‌و قەڵەم. دڵگرانم بە داخستنی رۆژنامە ی(الاتحاد) هیوام وایە چاوێك بەو بریارەدا بخشێنرێتەوە‌و بە هەموومان سەرچاوە بۆ دەرچوونی (الاتحاد) دابین بكەین‌و ئەو دەنگە كپ نەبێت. سڵاو بۆ (الاتحاد)‌و هەموو ژمارەكانی‌وكارمەندان‌و نووسەرانی. خۆزگە ئەم چەند دێڕەم دەخوێنرایە‌وە‌و جارێكیتر ئەو دەنگەی- ئەو لایەنە كوردە-لە پاڵ دەنگەكانیتردا ڕووناكیی دەبینی یەوە. هەرچەندە ئێستا لە تاریكیشدا نەماوە.
AM:07:57:19/11/2016