ئامادەكاریە پێویستەكان بۆ كۆنگرە ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌



لە ئەڵقەی (44)دا باسی سەردانی نوێنەرانی ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانم كردبوو بۆ لای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەڕوویەكی خۆشەوە بڕیاری ئامادەبوونی خۆی بۆ ئاهەنگی كردنەوەی كۆنگرە دا لەگەڵ دابین كردنی تەواوی خەرج و تێچوونی كۆنگرە. ئیتر ئێمە كە لەلایەنە داراییەكە دڵنیا بووین كەوتینە خۆمان بۆ خۆئامادەكردن.

* لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەندیكادا بەڕێز كاك فەرهاد عەونی نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بەدڵخۆشیەوە هەواڵی دیدارەكەمانی بۆ ئەو برادەرانەی تر كە لە دیداری سەرەك وەزیرانا لەگەڵماندا نەبوون ڕوون كردەوە، ئەمجا زۆر بە وردی باسی ئامادەكردنی پێداویستیەكانی كرد وەك دابەش كردنی جانتا بەسەر ئەندامانی كۆنگرەدا كە ژمارەیان (360)نوێنەرە، وتیشی لەناو جانتاكاندا هەموو ئەو ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی بۆ كۆنگرە پێویستن دەخرێنە ناویانەوە بۆئەوەی نوێنەران بەوردی بیانخوێننەوە، بەتایبەتی ڕاپۆرتی دارایی و ڕاپۆرتی گشتی و پرۆژە یاسای كاری ڕۆژنامەنووسیی تا لە كۆنگرەدا ئازادانە دەربارەیان بدوێن و ڕای خۆیان دەربڕن، جگە لەوەی كە دەمانەوێ‌ نوێنەرانی ڕۆژنامەنووسان ئاگاداری داهات وخەرجی سەندیكا بن، زۆر بە وردیش هەموو شتێكی تێدا ڕوون كراوەتەوە.

بڕگەیەكی تری بەرنامەی كۆبوونەوەكە دەستنیشانكردنی بەڕێوەبەری ئاهەنگی كردنەوەی كۆنگرە بوو كە تێیدا میوانانی عەرەبیشمان دەبێ‌، لەبەرئەوە پێویستە بە هەر دوو زمان كوردی و عەرەبی بڕگەكانی بەرنامەی ئاهەنگەكە پێشكەش بكرێ، چەند ناوێكیان هێنا بەتایبەت لە بێژەرەكان چونكە مەسەلە عەرەبیەكەی تێدا بوو نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە كاك فەرهاد بە زەردەخەنەیەكەوە ڕووی لەمن نا دوای هەندێ‌ ستایش و هەڵسەنگاندن هەرچەندە ئەوە كاری من نەبوو، بەڵام لەپێناو سەركەوتنی كۆنگرەو دەرخستنی ڕووی جوانی سەندیكاو ڕێكخستنی بەرنامەكانی یەكەم ڕۆژی كردنەوەی كۆنگرە كە لەئاستی بەرزدا سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسی عیراق و هەندێ‌ كەسایەتی تری عەرەب تێیدا بەشدار دەبن، لەبەر ئەمانە هەمووی قبوڵم كرد كە بەڕێوەبردن و پێشكەش كردنی بڕگەكان بەهەردوو زمان بە ئەنجام بگەیەنم.

ئیتر هاتینە سەر خاڵێكی تری پێداویستی كۆنگرە ئەویش مەسەلەی ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی ئەندامان  بوو، سەرەنجام وا بەباش زانرا كە ئێمە خەرجیەكەیان بدەینێ‌ و خۆیان ئازاد بن لە دابین كردنی شوێنی حەوانەوەیان، ئیتر بەو شێوەیە شتێك نەما كە نەمان كردبێ‌ و بە دڵێكی پڕ شادمانی و ویژدانێكی ئاسوودەوە پێشوازیی نوێنەران دەكەین و پێكەوە دەچینە كۆنگرەی دوەمی ڕۆژنامەنووسانی كوردستانەوە.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:03:46:07/06/2017