بارەگای سەندیكاو پێشێلكاریی بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
(58)
لە ئەڵقەی پێشوودا بە ئەمانەتەوە باسی ئەوەم كرد كە ئێمەی ئەنجومەنی پێشووی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و سكرتێرو ئەندامانی هەردوو خوولەكەی لقی سلێمانی دڵسۆزانە دەست لەناو دەستی یەك هەوڵماندا بارەگایەك بۆ سەندیكاكەمان دابین بكەین، چالاكانە بەدواداچوونمان بۆ دەكرد، لەدواییدا پێداگریمان لەسەر یەكێ‌ لەم خاڵانە كرد: 1) زەویەكەمان بۆ ئاڵوگۆڕ بكەن، چونكە شوێنەكەی زۆر دوورە، 2) یان شارەوانی بیفرۆشێ‌ و بەپارەكەی بەهاوكاری ئەنجومەنی پارێزگا بینایەكمان بۆ بكڕن، 3) یان ئەوەتا ناچارین كە هەرچەندە دووریشە بەڵام داوا بكەین بۆمان بكەن بەبینا، باشترە لەوەی هەروا بمێنێتەوە.

 دوای هەوڵێكی زۆر بەڵێنی ئەوەمان پێ‌ درا كە بینای سەندیكا دەخرێتە پرۆژەكانی پارێزگاوە، بەڵام بەداخەوە بەڵێنەكان هەر قسە دەرچوون، قسەی ڕووتیش «ناچێتە ناو گیرفانەوە».

* جگە لەوانەش بەشەخسی هەوڵێكی ترم دا، كاتێك یانەی كۆمەڵایەتی گواستیەوە بۆ بینا تازەكەی چوومە لای بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و داوای بینا كۆنەكەی ئەو یانەیەم كرد كە لەناو پاركی ئازادیدایە، لایەكی بۆ بارەگای سەندیكاو ئەوی تریشی بەهۆڵە زستانیەكەی و باخە فراوانەكەیەوە بكرێ‌ بە یانەیەكی تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان، زۆر بەئەدەبەوە وەڵامی دامەوە كە پێش من گفتی بەچەند كەسایەتیەكی ناسراوی شار داوە كە بیكەن بە یانەیەكی خێزانیی، جا ئیتر نازانم لەو هەوڵانە زیاتر چی ترمان بكردایە.

* برامان كاك كاروان بە مەبەستی پووچەڵ كردنەوەی كارەكانمان شتێكی زۆر سەیری نوسیوە دەڵێ‌: {ئەو سەردەمەی كاك مستەفا باسی لێوە دەكات زۆرترین پێشێلكاریی لە سلێمانیدا بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەكرا، بەڵام ئێستا سلێمانی شارێكی بێ‌ كێشەو گرفتە}. خوێنەر وا لەو قسەیە دەگات كە دەبێ‌ ئێمە هۆكار بووبین بۆ پێشێلكاریی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان، ئێستاش شكور لەسایەی ئەمانەوە سلێمانی بوە بەماستی مەییو!! دەبێ‌ ئەو بەڕێزانە عەسای سیحرییان پێ‌ بێ‌ بۆیە پێشێلكارییان بڕیوە، ئەم ڕایە هەرگیز وا نییە، پێشێلكاریی بوەو ئێستاش هەر هەیە.

تێبینی:
1) لەستوونی دوەمی ئەڵقەی پێشوودا دێڕی (27) نوسراوە (نەك وەك كاروان وتویەتی) ڕاستیەكەی وشەی كاك لە چاپدا پەڕیوە من نوسیومە وەك (كاك كاروان وتویەتی) بۆیە داوای لێبوردن دەكەم بەهۆی ئەو هەڵەیەی چاپەوە.
2) وا بەنیاز بووم ئەم ئەڵقەیە بكەم بە كۆتایی ئەم مەسەلەیە، بەڵام لە وەڵامەكەی كاك كاروان دا ڕستەیەكم بینی بە زەقی بەرەو ڕووی ـــ جێگری نەقیب ـــ دەبێتەوە، بۆیە ئەڵقەی داهاتوشمان لەو بارەیەوە ئەبێ‌. ئیتر دەگەڕێینەوە سەر بابەتە سەرەكیەكەی گۆشەكەمان كە كاروانی سەندیكایە.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:13:13/09/2017