ئاستەنگەکانی بەردەم میدیای ئازا و ئازاد‌
د.یوسف محەمەد سادق


سەرەتا دەستخۆشی بۆ سەنتەری میترۆ کە بە هاوکاریی ڕێکخراوی پاڵپشتیی میدیایی نێودەوڵەتی، چەند ساڵێکە بە رێکوپێکی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاو ئەکەنەوە.

ساڵی ڕابوردو، ساڵێكی سەخت بو بۆ هەمو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان لە هەمو ڕویەکەوە. بە هەمانشێوە بۆ رۆژنامەنوسان و میدیاکارانیش. کوشتن و ئازاردان و رێگری و ترساندن و تۆقاندنی رۆژنامەنوسان تەنها بریتی نیە لە کارێک دژ بە خەڵکانێک کە بە کارو پێشەی خۆیان هەڵدەستن، بەڵکو دەربڕی کۆمەڵێک قەیرانی ترە لە چەندین بواری تردا.

خراپیی ڕەوشی میدیا ئاماژەیەکی ڕونە بۆ خراپی ڕەوشی ئازادیی تاکەکەسی، ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی ڕادەربڕێن، بە دەستگەیشتنی زانیاری و، شەفافیەت.

ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی میدیادا دەژی. میدیا بەردەوام بێ پچڕان لە گەڵماندایە، کاریگەریی هەیە لە سەر هەڵسوکەوت و هەڵویستمان. سەردەمی میدیا سەردەمێکە کە میدیا هاوتەریب بە ژیانی ڕۆژانەمان ژیانێکی تری بۆ دروستکردوین. بۆیە ئەرکی میدیاکار لە هەمو ساتێکی تر لە مێژودا قورستر و هەستیار ترە. میدیا ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بەها و ئاگایی و نەریت و لە سەروی هەمویەوە ، پەیوەستە بە گەیاندنی ڕاستیەوە. ئەگەر ئەمە لە دونیادا وەهایە ئەوا لە کۆمەڵگای ئێمەدا گرنگی میدیا گەورەتر و هەستیار تر و بەرپرسانەترە.

میدیا بوارێکمان بۆ دروست دەکات کە تیایدا بزانین کە چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت، ئەو کەس و گروپانەی کە ژیانی خەڵکی بەڕێوەدەبەن چی دەکەن، چۆن بە کارەکانیان هەڵدەستن. هەمو ئەمانە مافی خەڵكیە لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا بۆ ئەوەی بیزانن. میدیا بوارێکە بۆ بەیەکگەیشتنی خەڵک و دەسەڵات. بۆیە دەبێت ئەم بوارە ، شەفاف و ئازاد بێت. بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێت ئاگاداربین کە میدیا وەک زۆرشتی تر شمشێرێکی دو دەمە؛ لە کاتێکدا کە دەتوانێت ڕاستیمان بۆ ئاشکرا بکات، لە هەمانکاتدا دەتوانرێت لە ڕێی میدیای شەخسیەوە ڕاستی بە ئارەزو یان بە بەرژەوەندیی ئاڕاستەکارانی ئەم جۆرە میدیایە، بگوازرێتەوە.


لە هەرکوێیەک لە دونیا میدیا ئازاد نەبو، میدیاکار ئازادیی نەبو، ئەوا خەڵکی بە گومانەوە لە هەمو شتێک دەڕوانن، لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا باوەڕ نامێنێت. باوەڕیش بنەمای بەڕێوەچونی حوکمڕانیەکی سەردەمیی مرۆڤانەیە.

وەک راپۆرتی ئەمساڵی میترۆ بۆمان ڕون دەکاتەوە کە دۆخی میدیا و میدیاکاران لە کوردستان هەتابێت سەختتر دەبێت. نەک تەنها بەوەی کە هەڕەشە لە میدیاکاران دەکرێت و رێگریان لێدەکرێت، بەڵکو بەوەی کە بەشێکی میدیا لە ئامرازێکی بواری گشتی و بەرهەمهێنی بواری گشتی، بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە ئامرازێکی تایبەت بەدەست هەندێک کەسایەتیی ڕەسمی. واتە لە لایەکەوە لەڕێی ترس و تۆقاندنەوە هەڕەشە لەسەر میدیای ئازاد و ئازا هەیە، لە لایەکی ترەوە لە ڕێی تەنگپێهەڵچنینی ئابوری و، سنوردارکردنی ڕوماڵ کردنیان، دەرفەتی کێبەرکێ لەگەڵ ئەم میدیا شەخسیەشیان لێزەوت ئەکرێت. بۆیە لەکاتێکدا لە ساڵی ڕابردو ڕۆژنامەی هاوڵاتی وچەند گۆڤارێکی ئەهلیی تر بە هۆی قەیرانی داراییەوە داخران و چەندانی تریشیان لەژێر هەڕەشەی داخراندان، کەچی هەر لە هەمان کاتدا، ئا لەم ساتەوەختی قەیرانی داراییەدا و لە سەروەختی بڕینی موچە و قوت و بژێویی خەڵک، میدیای تر بە بودجەی زەبەلاحەوە، بەڕێخران.

بە شەخسی کردنی میدیا، مامەڵەکردنی میدیا وەک موڵکی شەخسیی کۆمەڵێک کە بە هۆی پێگەی حکومییانەوە لە سامانی گشتەیەوە دەوڵەمەند بون، میدیای ئازاد بەرهەم ناهێنێت. بەڵکو بە پێچەوانەوە میدیای خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت و دژ بە بواری گشتی دەهێنێتە ئاراوە.
کاتێک کە لە کوردستان سیاسەت و ئابوری قۆرخکراوە، ئەوا بێگومان هەوڵیش دەدرێت بۆ قۆرخکردنی میدیا. کە میدیا قۆرخکرا؛ ئەوا ئیتر خەڵکی تەنها ئەو شتانە دەزانن کە قۆرخکاران دەیانەوێت بیزانن.

سیستەمی سیاسیی هەرێم کە بوارنادات بە پەرلەمانێکی چالاک، ئەستەمە بوار بدات بە میدیایەکی ئازاد. بۆیە شەڕی ئێمە شەڕێکی هاوبەشە. ململانێیە بۆ چۆنێتی کەمکردنەوەی تاریکی، نەهێشتنی شاردنەوە، گەیاندنی زانیاری و هەوڵدان بۆ داڕشتنی سیستەمێکی حوکمڕانی کە کەمترین نهێنی هەبێت لە خەڵکەکەی.

ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵدا بوین بە هاوکاریی ڕێکخراو و پسپۆڕانی بواری میدیا و، ڕۆژنامەنوسانی دیاری بواری میدیای ئازاد، پڕۆژە یاسایەک ئامادە بکەین بۆ هاوکاری کردنی دارایی میدیا. بە داخەوە پەکخستنی پەرلەمان، ئەم پڕۆژەیەشی وەستاند. بەڵام هەڵڕشتنی پارە بۆ میدیای شەخسیی هەر بەردەوامە.

لە سەردەمی میدیادا کونجێک نەماوە لە دونیا کە بتوانیت بە ئاسانی نهێنیەکانتی تیادا بشاریتەوە. گەر رێگری لە میدیای لۆکالیش بکەیت ئەوا میدیای جیهانی و میدیای ئاشکراکەر، کارەکان دەخەنە ڕو.

بۆ ئێمەی کورد میدیا چەکێکە بۆ گەیاندنی پەیاممان، خەممان، کێشەمان بە دونیا. بەڵام لە هەمانکاتدا میدیا سڵ لەوەناکاتەوە کە ناشیرینیەکانیشمان بگەیەنێت. بۆیە هەتا باشتر حوکم بکەین، لە خزمەتی خەڵکدابین کێشەمان نابێت لە گەڵ میدیادا چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا.
بۆ ئێمە میدیا هەروەها ئامراز و بوارێکی گرنگی فێربونە، کە دەبێت بەکاری بهێنین بە شێوەیەک کە بەها سەردەمیەکان بگەیەنینە کۆمەڵگاکەمان، هەروەها بۆ فێربونی چۆنێتی بەڕێوەچونی سیاسەت و ئابوری و، حوکمداری.

خواستی سەرکوتکردنی میدیا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ترس هەیە لە کۆمەڵگا، ترس هەیە لە دەرکەوتنی ڕاستی، ترس هەیە لە ئاشکرابونی نهێنیەکان. سیستەمێکی سیاسی کە بترسێت لە خەڵکەکەی ئەوا هەمیشە پیویستی بە زەبرە بۆ خۆسەپاندن.
هەڵەیە گەر لۆمەی میدیا بکەین گەر ناڕێکی یان ناڕەواییەک پەخش بکات. ڕەوایی لەوەدایە کە لۆمەی کارە نایاسایی و ناڕەواکان بکەین.

بۆیە گەر بمانەوێت میدیایەکی بێ کێشەمان هەبێت، ئەوا دەبێت سیاسەتێکی خەڵك دۆستانەمان هەبێت، ئابوریەکی دادپەروەرانەمان هەبێت و یاسا سەروەر بکەین. لە سەروی هەموشیەوە لە رێگای دەستور و دەزگاوە حوکمی ئەم وڵاتە بکەین.


AM:04:16:15/01/2017