له هه‌رێمی كوردستاندا بارودۆخی زۆرینه‌ی كه‌س باش نییه و ئه‌مه‌ش زیاده‌ڕۆیی نییه له بۆچوونماندا، جا ئه‌گه‌ر به‌پێی ره‌گه‌ز بێت یان به‌پێی ته‌مه‌ن یان به پله‌ی وه‌زیفی بێت، ئه‌مه راستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌گه‌رچی منداڵانی ناو كۆمه‌ڵگه دۆخیان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیی زۆر خراپدایه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر بچووك و زۆر نا‌شاره‌زان به پاراستنی خۆیان، ناتوانن باسی بارودۆخی خۆیان بكه‌ن، هه‌ر بۆیه به‌ئاسانی كۆنترۆڵی كه‌سایه‌تی و ژیانیان ده‌كرێت. به به‌رچاوی پارێزگارەكانی ناو شاره‌كانه‌وه ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان جامی سه‌یاره‌ی خه‌ڵك ده‌سڕن، ئه‌وان داوای پاره ده‌كه‌ن و خراپه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌ڵام كام پارێزگار هه‌ڵوێستی هه‌یه و ئه‌مه‌ی پێ له‌نگییه! كام پارێزگار ده‌زانێ بارودۆخی منداڵانی شاره‌كه‌ی چۆنه؟
له ئه‌مڕۆدا هه‌رچی له ژیانی منداڵاندا روو ده‌دات، رووداوی بچووك بێت یان گه‌وره، زۆر جار هه‌ستی پێ ناكرێت، هه‌روه‌كو رووداوێكی شاراوه ده‌مێنێته‌وه و به‌سه‌ر ده‌چێت. به‌ڵام چه‌ند رووداوێكی له‌دوای یه‌كی ئازاردانی منداڵ ئاشكرا ده‌بن، له ڕێگه‌ی كه‌سێك یان هه‌ڵاتنی منداڵه‌كه له خێزان، ئه‌گه‌رچی تا راده‌یه‌كی زۆر هه‌ستی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه دابه‌ش كراوه و كه‌س خه‌می ئه‌وی دیكه به خه‌می خۆی نابینێت، مرۆڤدۆستی هێنده‌ی نه‌ماوه به‌ره‌و ونبوون بڕوات، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و ژیانه سیاسی و ئابوورییه‌یه كه بۆ هاوزڵاتییان خوڵقێنراوه، كه خه‌ڵكی ماندووه به ژیانی تایبه‌تیی خۆی. له ناوه‌ندی ئه‌م رووداوانه‌دا كه ده‌بوو هه‌مووان بێنێته گفتوگۆ، بارودۆخی منداڵانی كوردستانه، ئه‌وان ناتوانن به‌رگری له خۆیان بكه‌ن، خۆ ئه‌وان نوێنه‌رێكیان نییه! خۆ تا ئێستا گرفتی منداڵ به گرفتی مه‌ترسیدار ئه‌ژمار ناكرێت، به گرفتی ئاینده‌ی نابینن. له هه‌ولێر منداڵێك داخ ده‌كرێ، له كه‌ركووك منداڵێك فڕێ ده‌درێ، له سلێمانی جه‌سته‌ی شین ده‌كه‌نه‌وه به لێدان و له دهۆك ده‌رخواردی سه‌گی ده‌ده‌ن و له ده‌ربه‌ندیخان ده رۆژ نان و ئاوی ناده‌نێ و لێشی ده‌ده‌ن، له گوندێك جه‌سته‌یان ده‌شێوێنرێت و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت و له بازاڕه‌كان ده‌ستدرێژییان ده‌كرێته سه‌ر و له شوێنی كار جنێویان پێ ده‌درێت، له‌م هه‌رێمه به‌ناو ئازاده‌ماندا ڕۆژانه هه‌واڵی ئه‌و منداڵانه‌ی كه به خراپترین شێوه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. به‌كارهێنانی توندترین شێوازی سزادانی جه‌سته‌یی كه ده‌بینرێت، ده‌مانگه‌یه‌نێته بڕوایه‌ك كه وێنای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی توندوتیژ، تا ئه‌و ئاسته‌ی به مه‌به‌ستی كوشتن له منداڵ بدرێت، زۆر گرنگ نییه ژماره‌ی رووداوه‌كان چه‌ندن، زۆر گرنگ نییه باوك كردی یان زڕباوك یان دراوسێ، دایك كردی یان باوه‌ژن، ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره بوونی ئه‌و توندوتیژییه‌یه كه له ده‌روونی خێزانه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. ئه‌وه‌ش واقیعێك ده‌رده‌خات كه به‌گشتی ئاماده‌یی بۆ نواندنی توندوتیژی له داموده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. ده‌كرێت چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه هه‌بێت و نه‌بنه هه‌واڵ، له‌كاتێكدا كه بارودۆخی منداڵان ئاوها بێت، ده‌بێت ئاینده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چۆن بێت؟ هه‌ستی به‌رگریكردن له منداڵ و هه‌ستی به‌رگریكردن له یه‌كدی و چوونه ناو پێستی یه‌كتر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا هێنده لاواز بووه، هاووڵاتییان كه‌س له ئازاری كه‌س تێ ناگات، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌س به‌ته‌نگ دڵی خۆی و به‌ته‌نگ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ته‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش خه‌ته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره‌یه و ماوه بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كان فراوان ده‌كات. ئه‌م دۆخه‌ش بێ گومان سیاسییە‌كان خوڵقاندوویانه.
ئه‌وه‌ی له‌پێشتر وه‌زاره‌تی کار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رای گه‌یاندبوو، ژماره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی بێ به‌رامبه‌ریان بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌چونی منداڵان هه‌یه. ده‌كرێت ئه‌وە ته‌نیا چاره‌سه‌ر نه‌بێت، یان چاره‌سه‌رێكی لاواز بێت، ئه‌و كاته منداڵ ئه‌توانێت په‌یوه‌ندی بكات به ده‌زگای كۆمه‌ڵایه‌تی و به پۆلیس كه خوێنده‌وار بێت، ئه‌وه‌ی بینرا ئه‌م منداڵانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌وه، به‌شێكیان له ته‌مه‌نی دایه‌نگادا بوون، بۆیه باشتره هه‌مووان بۆ راگلاتن و زیادنه‌كردنی توندوتیژی بیر له هۆكاری دیكه بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌ختی منداڵه‌كانی كوردستان وه‌هایه، كه‌من ئه‌وانه‌ی به‌رگری له منداڵ ئه‌كه‌ن، كه‌من ئه‌وانه‌ی منداڵ به داهاتووی كۆمه‌ڵگه ده‌بینن.