عێراقی بێ ئاینده
شنۆ عوسمان
عێراق 12-13ەمین وڵاتی گه‌نده‌ڵی جیهانه و خاوه‌نی 450 ملیار دۆلاری به‌فیڕۆدراوه، رێژه‌ی بێكاری %22ە، ژنانی دۆخێكی خراپیان هه‌یه و %80ی بێكارن، %1ی كارمه‌ندانی كه‌رتی نه‌وت ناوخۆیین. قه‌رزی كه‌ڵەكه‌بووی له 73 ملیاره‌وه بۆ 125 ملیار دۆلار سه‌ركه‌وتووه. رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی %6ە. قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی 360 ملیار به‌رمیله، رۆژانه زیاتر له 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت. زیاتر له 3 ملیۆن ژن بێوه‌ژنن، زیاتر له 6 ملیۆن منداڵ بێ باوكن. ده‌زگای ئاماری عێراق باسی مه‌ترسیی وازهێنانی منداڵان له قوتابخانه ده‌كات بۆ زیاتر له 7 ملیۆن، هه‌رچه‌ند داتاكان هه‌ندێكی ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی باسی ده‌كات، هه‌ندێكی ده‌زگا ناوخۆییه‌كانی عێراق. ئه‌گه‌رچی بۆ وڵاتێكی وه‌كوو عێراق، كه گه‌نده‌ڵیی به‌ئاشكرا به سیستمی حوكمڕانی و ژیانی هاووڵاتییانه‌وه دیاره، پێویست به‌وه ناكات بپرسین، ئه‌م ژمارانه راستن، یان ئایا رێكخراوه‌كان راست ده‌كه‌ن، یان ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی عێراق!
به‌شێكی زۆر له وڵاتانی كه‌نداو، زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیش، كه پشت به فرۆشتنی نه‌وت ده‌به‌ستن، گوزه‌رانیان ئارام نییه، جا له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێت یان سیاسی. له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌وت بووەته شێرپه‌نجه‌ی حوكمڕانی و تا نه‌فه‌سێك هه‌رێمی كوردستانیشی گرتووەته‌وه، به‌ڵام كاتێك سه‌یری وڵاتێكی وه‌ك هوڵندا ده‌كه‌یت، هیواخوازی حكوومه‌ته‌كه‌ت بازرگانی به نه‌وته‌وه بكات.
پێكی نه‌وت له‌نێوان به‌رپرسانی عێراقدا بێ مه‌زه‌یه، بێ دانیشتنی راسته‌وخۆی نێوانیانه، بێ مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ژیانیان. له ساته‌وه‌خته‌كانی وه‌كوو ئێستا، هاووڵاتییانی خۆپیشانده‌ر هاتوونه‌ته سه‌ر جاده و گوتاری زۆر جیاواز و داواكاری زۆریان هه‌یه، به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ سێكته‌رێك باش نییه، به‌ڵام ره‌نگه بێ ده‌ستكه‌وت بچنه‌وه ماڵه‌وه، به ئه‌زموونی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه ساڵانی رابردوو بینیمان، ئه‌وانیش له‌نێوان خۆیاندا ون ببن. بڕوابوون به گۆڕانكاری ئاسته‌نگه، به‌ڵكوو خه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران، هاووڵاتییان و قوربانییانی سیستمێكی گه‌نده‌ڵن و ماندوو و پڕ داواكاریین، واقیعه‌كه‌ش وایه، كه ناتوانرێت سنوور بۆ ده‌ستوه‌ردانی مه‌زهه‌ب و لایه‌نی سیاسی بۆ ناو خۆپیشانده‌ران دابنرێت.
دیارنه‌مانی پاره له عێراق ده‌بێ بۆ كوێ چووبێت، به غه‌یری حساباتی بانكی به‌رپرسه گه‌وره‌كان، ئایا مالیكی‌و سه‌دڕ و... كێ و كێ بێبه‌رین؟ ئایا به‌رپرسانی كورد له به‌غدا بێ به‌رین؟ ئه‌م حزبانه‌ی هه‌ن ئه‌وه‌نده وه‌كوو عه‌نكه‌بووت تێك ئاڵاون، بۆ كێشمه‌كێشمی پاره له هیچی تر ناچن، ئێستا كاتی خه‌رجكردنی پاره‌كانه بۆ كڕینی نه‌ك ته‌نیا بۆ وه‌زاره‌تێك یان كورسییه‌كی په‌رله‌مانی یان واژۆیه‌ك! به‌ڵكوو بۆ كڕینی ته‌واوی سیستمه سیاسییه‌كه‌ی عێراق، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو خراپییه‌شدا، هێشتا كات ماوه، شكاندنه‌وه‌ی هێز له عێراق له‌نێوان مه‌زهه‌به‌كاندا، كه‌وتن به‌لادا بۆ هێزه‌كان پێویستی به نه‌خشه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه هه‌یه، كه ئاسته‌نگه بێ پشتیوانیی ده‌ره‌كی ئه‌م هه‌نگاوه بنرێت. كه‌وتنی عێراق پێویستی به ره‌زامه‌ندیی خاوه‌نه راسته‌قینه‌كه‌یه‌تی، كه به‌ریتانیایه پێش ئه‌مه‌ریكا و ئێران، بۆ ئه‌وان چ كێشه‌یه ژنێك بێكاره! پیرێك له برسان ده‌مرێت! منداڵێك نه‌خوێنده‌وار ده‌بێت! ئه‌مه ته‌نیا گوتاری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، نه‌ك بیركردنه‌وه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن بڕیار.
كاتێك قسه له‌سه‌ر گرنگیی مانه‌وه‌ی سه‌قامگیری له عێراقدا ده‌كه‌ین، بۆ ئێمه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بۆ مووچه‌خۆران، گه‌وره‌یی و مانه‌وه‌ی عێراق بریتییه له لاوازیی هه‌رێمی كوردستان، كه ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات، ئه‌گه‌ر نا گرنگیی عێراق چییه بۆ ئێمه وه‌كوو هه‌رێم، وه‌كوو كورد؟
ئه‌وه‌ی عێراقی راگرتووه ته‌نیا گه‌نده‌ڵییه‌كانییه‌تی، ئه‌وه‌ی عێراقی ڕاگرتووه ئه‌و موجامه‌له‌یه‌یه، كه ئه‌مەریكا و ئێران له‌نێوانیاندا هه‌یه و هیچ لایه‌كیان نایه‌وێت بكه‌وێته شه‌ڕ دژی ئه‌وی دیكه، هه‌ر لایه‌نێكیان كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی یان هه‌رێمی یان زلهێزی هه‌یه، كه ناكرێت رووبه‌ڕووی یه‌ك ببنه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان چۆن بیر له‌م دۆخه ده‌كاته‌وه؟ حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌می بۆ خۆی دیاری كردووه. ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران هاندران یان بڕیاریان دا بمێننه‌وه، یان توانییان داوكانیان بپچڕێنن، بوجه بگۆڕن، هه‌رێم چی ده‌كات؟ ئایا شه‌ڕی دژه تیرۆر كۆتایی هاتووه؟ ئه‌مەریكا چۆن ده‌ستكاریی ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌كات، كه ئێستا وا ده‌بینرێت هێزی بۆ رێك ده‌خات.
ئێمه چۆن ده‌توانین ڕاشكاوانه له‌ناو كێشه‌كانی عێراقدا بین و نه‌بوونی ڕای ڕاشكاو و داهاتوومان چی لێ ده‌كات؟ ئایا هه‌گبه‌ی خۆمان چی تێدایه بۆ خۆمان؟
باس‌نیوز