ڕۆژنامه‌نووسانی عێراق ته‌نیاترینن
شنۆ عوسمان
• (مەعالی وه‌زیر)ەكانی عێراق خۆش ئه‌ی گوزه‌رێنن، له‌وه ناچێت هه‌ست به بوونی هیچ كێشه‌یه‌ك له عێراقدا بكه‌ن، ئه‌و وه‌زیرانه‌ی كه مه‌عنین به كێشه سه‌ره‌تاییه‌كانی هاووڵاتییان له عێراق، هه‌وه‌كوو وه‌زیری ته‌ندروستی، وه‌زیری كار، وه‌زیری رۆشنبیری و ناوخۆ، بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی عێراق نییه، تا ئاستێكی زۆر نا‌بینیت لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌یان بۆی هه‌بێت، ته‌نیا وه‌زیری ناوخۆیه، كه داوای دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا ده‌كات. ئه‌مانه نموونه‌یه‌كن له‌و ژماره به‌رپرسه‌ی عێراق، كه بێده‌نگییان له‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه كردووه، كه له‌سه‌ر جاده‌كان ڕاوه‌ستاون و لێیان ده‌درێت و ده‌كوژرێن، له سۆشیال میدیادا، په‌یجی کەسی و فەرمیی ئه‌م وه‌زیرانه شیكارییه‌ك یان گوتارێكی بۆ ئه‌م دۆخه‌ی عێراق تیادا نییه، ته‌نانه‌ت به هه‌واڵێكیش باسی ناكه‌ن. ئه‌م جه‌نابی وه‌زیرانه له ژووره كه‌شخه‌كانیاندا هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان نه‌كه‌وتوون، له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندیی به خۆپیشانده‌ره‌وە نییه. له‌ناویاندا وه‌زیری ناوخۆ هه‌یه و وێنه‌یه‌كی خۆی داناوه، كه له‌ناو خۆپیشانده‌راندایه، ئه‌ویش دونیایه‌ك كۆمێنتی پڕ تانه‌ی بۆ هاتووه، كه ئه‌مه ته‌مسیله و هێزه‌كانی عێراق به توندوتیژی ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ڕاوه‌ستاون. لێره‌وه كێشه‌ی بێهه‌ستیی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر هاووڵاتی ده‌بنرێت.
• وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا بریتییه له دابڕینی كۆمه‌ڵگه له‌یه‌كتر، پووچه‌ڵكرنه‌وه‌ی كاری میدیا به وه‌ساتن و بڕینی هێڵی (ئه‌نته‌رنێت)، ئه‌مه‌ش پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئازادی‌ی كاری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنه‌مه‌گه‌ری و ژیانی تایبه‌تی هاووڵاتییان بوو، كه له عێراقدا بینرا. خراپیی ڕه‌وشی به‌ڕێوه‌بردنی خۆپیشاندانه‌كان زۆر ڕه‌نگی له‌سه‌ر كاری ڕۆژنامه‌نووسی دایه‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه به‌شداریی له ڕووماڵی ڕووداوه‌كانیشدا تا ئاستێكی زۆر نه‌كرێت، ئه‌م دووره‌په‌رێزییه‌ی میدیای عێراقی له‌م ساتانه‌دا، ده‌یان مه‌ترسیی به‌دواوه‌یه، هه‌روه‌كوو پیشاننه‌دانی خۆپیشانده‌ره‌كان و ئاشكرانه‌كردنی هه‌ڵوێستی حكوومه‌ت و گفتوگۆنه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چۆڵكردنی گۆڕه‌پان بۆ ده‌سه‌ڵات و مه‌زهه‌بگه‌ری و بۆ سه‌رچاوه‌كانی ئاژاوه و پاشان بۆ گه‌نده‌ڵی. ئه‌م كاره‌ی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران هیچ مانایه‌كی بۆ ئازادی‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی‌ی تاك نه‌هێشته‌وه، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ده‌سه‌ڵات له عێراق، بێ گومان سه‌رچاوه‌كه‌ی بیركردنه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت و دواكه‌وتوویی و ترس له ده‌رخستنی راستییه‌كانه، كه له كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌وان پێكهاتووه، میدیا بیانییه‌كانیش ئه‌وه‌نده گرنگییان پێ نه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی كردی كه‌م نه‌بوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی عێراق، وه‌كوو تۆماركردن به مۆبایلی زیره‌ك، دواتر پێشكه‌شكردنی.
• لێكدانه‌وه بۆ خۆپیشاندان و خۆپیشانده‌ر، له‌م وڵاته‌دا به‌تایبه‌تی و به‌گشتیش له‌م ناوچه‌یه‌دا، كه خۆپیشاندان ده‌كرێت، پێش ئه‌وه‌ی بگوترێت خوپیشانده‌ر چی ده‌وێت؟ ده‌گوترێت خۆپیشانده‌ر كێی له‌پشته‌وه‌یه؟ ئه‌مه‌ش شكستی داواكارییه‌كان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، هه‌میشه و چه‌ند قوربانییه‌كی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و دواتر خۆپیشانده‌ران به ده‌ستی خاڵی ده‌چنه‌وه ماڵه‌وه، وه‌ك زۆر له جاره‌كانی تر، ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك سه‌در ده‌یكات، بێبه‌هاكردنی خۆپیشاندان و موزایه‌ده‌یه‌كی ناشرینه به‌سه‌ر هێزه‌كانی تری عێراق و پاشان به‌سه‌ر بارودۆخی گشتیی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، ئه‌و به ویستی خۆی جه‌ماوه‌ری تایبه‌تی خۆی ده‌جووڵێنێت، ئه‌و ده‌زانێت كه جه‌ماوه‌ر ده‌چنه ژێر كاریگه‌ریی گوتاره‌كانی، ڕه‌نگه زۆر له هاووڵاتییانیش، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحی یان مه‌زهه‌بی یان دینی یان نه‌ته‌وه‌ییان به سه‌دره‌وه نه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بن كه خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵی له عێراقدا ڕەوایه‌تیی هه‌یه، ڕه‌نگه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیش ده‌رهه‌ق به خۆپیشاندانیان توندتیژیشیان به‌رامبه‌ر كرابێت، كێ له‌پشت ئه‌م بابه‌ته‌وه‌یه، ئه‌مه یه‌كێكه له كێشه‌كانی عێراق، بۆ له‌م ساته‌دا؟ بۆ به‌و شێوازه حكوومه‌ت وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه؟ ئه‌مانه ده‌رخه‌ری بارودۆخی سیاسیی عێراقن و ترس له دۆڕاندن و ترس له نه‌بوون به سووریا و ترس له ته‌شه‌نه‌كردنی ململانێ سیاسییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه و زۆر شتی تریش ڕاسته بۆ عێراق و بۆ به‌لاڕێدابردنی داخوازیی هاووڵاتییان. وڵاتێك له (39) ملیۆن هاووڵاتی، سه‌روو (7) ملیۆن هاووڵاتیی نه‌خوێنده‌وار بێت! له %38ی هاووڵاتییانی له خوار ته‌مه‌نی (15) ساڵییه‌وه بێت، كه ئاینده‌ی وڵاتێكی گه‌نجه، بۆ نابێت دایكان و باوكان له خه‌می ڕۆڵه‌كانیاندا بن، بۆ نابێت براكان له خه‌می زیاتر له (3) ملیۆن بێوه‌ژنی خوشكیاندا بن، بۆ نابێت دایكان له خه‌می زیاتر له (9) ملیۆن منداڵی بێ باوكدا بن؟ وڵاتێك كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی تێدابێت، بۆ نابێت هه‌ستكردن به زوڵم هه‌بێت؟ وڵاتێك نه‌وتی زۆرتره له ئاو، بۆ نابێت هاووڵاتییانی وه‌کوو به‌رپرسانی سوودمه‌ند بن له نه‌وتاو؟
باس‌نیوز