کار و ئەرکی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران
مه‌غدید سه‌پان

ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسانی کورد، هەتا ئیستا لە کار و ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران نەگەیشتوون، بۆیە لەوبڕوایەدان، ئەو نووسینەی ئەوان بۆ ڕۆژنامە، گۆڤار دەینێرن، دەبی وەکخۆی، بێ زیاد و کەم و دەستکاری بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەوان نازانن، ئەگەر هەر نووسەرێک، بە ئارەزووی خۆی گوتار و هەواڵ لەسەر ئەو بابەتەی خۆی دەیەوێ بنووسێت و بێدەستکاری لە رۆژنامە بڵاوبکرێتەوە، ئەو رۆژنامەیە، زیاتر لە ڕۆژنامە ناکات و دەبێتە بڵاوکراوە، کەسیش نایخوێنیتەوە و دەوەستێت، چونکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا، کە ڕۆژنامەی لێ لەدایکبووە، زمان دەمێکە ستانداردە، کێشەی خاڵبەندی و ڕێنووس و ڕێزمانیان نییە، دیموکراتییەت لە لوتکەیە، ئینجا سەرنووسەر هەموو دەسەڵات و ئازادیێکی هەیە، دەستکاری هەموو نووسینێک بکا. هەر بۆ نموونە، لە رۆژنامەی بەیانییانی سویدی «داگێنس نیهێتەر»، هەموو نووسینێک بەلای کەم سێ کەس دەیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی کۆنترۆلی فاکتە بکەن، زمان، ڕیزمان و خاڵبەندی چابکەن، نووسینەکان دابڕێژنەوە، جوانیان بکەن، کورتیان بکەنەوە و سەردێریشیان بۆدابنێن، بێئەوەی هیچ لە ڕۆژنامەنووسان، بەو دەستکارییەی ئەوان توڕەبن یان هەڵوێست وەربگرن.


سەرنووسەر لە ڕۆژنامە ئەو کەسەیە، گەورەترین دەسەلاتی هەیە و بەرپرسیارە لە ناوەڕۆک و دەرکردنی ڕۆژنامە، جگە لەوە سەرنووسەر، کار و ئەرک بۆ رۆژنامەنووسان دیاری دەکا، ئاگای لە کارمەندانی دەزگاکەی هەیە.


رۆژنامەکانی زوو، تەنیا یەک سەرنووسەریان هەبوو، بەڵام لەگەڵ کات و زیادبوونی بابەت و خوێنەر و بەرزبوونەوەی تیراژ، لە ڕۆژنامە گەورەکان هەندێکجار دوو، سێ یان زیاتر سەرنووسەر و جێگری سەرنووسەر هەن. سەرنووسەری ئەدەب و هونەر، وەرزش، ئابووری، پاشکۆکان…هتد.


کاری سەرنووسەر بە شێوەی کۆن و کلاسیک بریتییە لە: پێداچوونەوە و چاکردنی ئیملا، ڕێزمان، وێنە و لابردنی ئەو بڕگانەی، کە هەست دەکرێ کۆپی و دووبارەن، یانیش بۆ خوێنەر جێگای بایەخ و سەرنج نین، کارکردن لەسەر تێبینی و نامەی خوێنەران…هتد.


سەرنووسەر دەبی توانایەکی زۆر باشی لە گوێگرتن و قسەکردن هەبێ، باکگراوندێکی ڕۆشنبیری تێری هەبێ، رۆژنامەنووس و نووسەرێکی باش بێ، شارەزای زۆری لە زمانی رۆژنامە هەبێ، لە کورتکردنەوە و داڕشتنەوەی نووسین وەستا و مامۆستا بێ.


مێژووی پەیدابوونی پیشەی سەرنووسەر، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای چاپ و کتێب لە سەدەی حەڤدە دەستپێدەکات. ئەو تێکستانەی لەو کات، بۆ چاپخانە ئامادە دەکران، پێویستیان بە پێداچوونەوە و چاککردن هەبوو، بۆیە هەندێ کەس پێویستبوون، بەو کارە هەڵبستن و تێکست بۆ چاپ ئامادە بکەن. لەگەڵ کات، هەبوون و پێویستی ئەو پیشەیە زیادی کرد و بەمجۆرە پیشەیەکی تازە بەناوی: «سەرنووسەر» بۆ ڕۆژنامە و گۆڤار لەدایک بوو.


ئەگەر بە کورتی ئاماژە بە بەرپرسیارێتی سەرنووسەر بکرێ، لەو خاڵانەی خوارەوە خۆی دەدۆزیتەوە: دەبی پلانی بۆ پێشکەوتنی دەزگا هەبی، سەرپەرشتی تەواوی کارمەندانی دەزگا بکا، پێدواچوونەوە بە تەواوی گوتارەکان چ ئەوانەی لە دەرەوە دێن، چ ئەوانەی لەلایەن کارمەندانی دەزگا دەنووسرێن بکا، گوتار بنووسی، ڕۆژنامە بۆ چاپ ئامادە بکا. جگە لەوانەی سەرەوە، سەرنووسەر دەتوانی، سەرپەرشتی کاروچالاکییە هونەرییەکانی دەزگای خۆی بکا.


کورتکردنەوەی نووسین، دەستکاریکردنی بابەت، زۆربەی کات ناکاتە ئەوەی، ئەو نووسین خراپ نووسرایە، بەڵکو دەبی ئەو بەرهەم لەگەڵ زمان و سیاسەتی دەزگا بگونجێ و بیر لە لایەنی ئەخلاقیش بکرێتەوە. ڕۆژنامەنووسانی کورد باشە سوود لە ئەزموونی نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئێرنست هێمینگوای (١٨٩٩ – ١٩٦١) وەربگربن، کە لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵاتی نۆبلی پێدرا.


هێمینگوای هاوینی ١٩٥٩ لەسەر داوای گۆڤاریLife بۆ ئیسپانیا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی گوتارێک بە نزیکەی دە هەزار وشە لەسەر دوو مەتەدۆری زۆر بەناوبانگی ئەوکاتی ئیسپانیا بەناوەکانی Dominguin و Ordonez بنووسێ‌. هێمینگوای لەجیاتی دە هەزار وشە ١٢٠ هەزار وشەی نووسی.


گۆڤاریLife تكای لەهاوڕێی‌ سەفەر و برادەری نزیكی هێمینگوای A. E. Hotchner كرد، نووسینەکەی هێمینگوای كورتبكاتەوە. بریاربوو گوتارەکەی هێمێنگوای بە یەك جار و لە یەك ژمارە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام نووسینەكە لەبەر زۆری وەك سێ‌ گوتار و بە حەفتا هەزار وشە لە گۆڤاری ناوبراو بڵاوكرایەوە. دواتر هەمان نوووسین وەك ڕۆمانی «هاوینی خەتەرناك» بە ٤٥ هەزار وشە لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٥ چاپکرا.


بەرپرسی دەزگا James A. Michener لە پێشەكی كتێبەكەی هێمینگوای «هاوینی خەتەرناک» دەنووسێ: من ناتوانم گلەیی لەهێمێنگوای بكەم، بۆ ئەوەندە زۆری نووسی، چونکە خۆم بەردەوام، چوار پێنج جار، زۆر تر لەوەی داوام لێدەكرێ دەنووسم. هەر هەموو جاریش نامەیەكی بچووك بۆ دەزگاكە، بەم شێوەی خوارەوە دەنووسم: «ئێوە هەموو مافێكتان هەیە، ئەو نووسینەی من، بە قەبارەی پێویست بۆ ئێوە، دابتاشن و كورتی بكەنەوە. ئێوە پسپۆری زۆر بەتواناتان لەمبوارە هەیە، كە ئەم كارە زۆر بەباشی ئەنجام دەدا».


ئەگەر نووسەرێکی وەک هێمێنگوای ڕێگابدا، نووسینەکەی کورتبکرێتەوە، ئەگەر جەیمس میشنەر، لەگەڵ نووسینەکانی کورتە نامەیەک بنووسێ، تێناگەم بۆچی دەبی رۆژنامەنووس یان نووسەرێکی کورد گلەیی بکا، لەوەی دەستکاری نووسینەکەی کرایە؟ پێش ئەوەی ئەو نووسینەکەی بۆ ڕۆژنامە یان گۆڤار بنێری باشە بزانی، ڕۆژنامە دەبی سەرنووسەری هەبی، کاری سەرنووسەرە ڕۆژنامەکە لەکاتی خۆی دەربکا، ستراتیژی ڕۆژنامە دیاری بکا، بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی بدا، پلانی دوور و درێژی بۆ دەزگا هەبێ، ژمارەی خوێنەر زیاد بکا و دەزگاکەی لە کێشە و بەڵا و ڕێگای دادگا بەدوور بگرێ.




كوردستانی‌ نوێ‌ 
AM:08:28:27/08/2019