جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م نه‌ك هه‌ر شه‌ڕی دابه‌شكردنه‌وه‌یه‌كی تری كوردستانی دابه‌شكراو بوو، به‌ڵكو شه‌ڕی به‌بێده‌نگی راگرتنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیش بوو كه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستیپێكرد‌و ماوه‌یه‌ك له قاهیره‌و پایته‌خته‌كانی ئه‌وروپا گاگۆڵكێی ده‌كرد، له ئیستانبوڵ كۆمه‌ڵ و یانه كوردییه‌كان بڵاوكراوه‌ی كوردی‌یان ده‌ست دابووییه، كه هه‌ر خۆشی ئه‌و بڵاوكراوانه (ژین و كورد و رۆژی كورد) سه‌كۆی ده‌ستپێكردنی خوێندنگه‌ی ئیستانبوڵ بوو له كوردایه‌تیدا.
ئیستانبوڵی عوسمانلی، پایته‌ختی ده‌سته‌بژێری سێ به‌شی كوردستانی عوسمانی بوو كه كه‌ڵكیان له كرانه‌وه‌ی سیاسیی دوای لابردنی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م وه‌رگرت و ده‌ستیان دابووه خه‌باتێكی رۆشنگه‌ری.
جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م (1914-1918) ده‌رفه‌ت بوو بۆ فشه‌كه‌ره‌كانی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی تاوه‌كو ئه‌و كه‌مه ئازادییه‌ی كورد له سێبه‌ری كرانه‌وه‌ی عوسمانلیدا وه‌ك نه‌ته‌وه‌و گروپه‌كانی تری ئیمپراتۆریا به‌ری كه‌وتبوو، قۆڵبه‌ستی بكه‌ن و به كۆمه‌ڵه و رۆژنامه‌كانه‌وه دایبخه‌ن.
له‌و ماوه‌ی جه‌نگه‌دا هه‌موو گه‌لان، هه‌ریه‌كه‌ی له قوژبنێك، بڵاوكراوه‌یه‌كی هه‌بوو كه حیكایه‌تی خۆی له ماڵوێرانی ئه‌و جه‌نگه‌دا بگێڕێته‌وه، كورد نه‌بێ. كه جه‌نگ ته‌واو بوو، گێمێكی تری كوردستانی به‌درخانیان له مه‌نفای ئه‌وروپا گه‌ڕایه‌وه‌و له‌ئیستانبوڵ ده‌رچووه‌وه تا وه‌عده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كه‌مالیزم، ئیتر نه‌ك (كوردستان)، به‌ڵكو كورد بوونیشی داخست و قه‌ده‌غه كرد. جا چونكه خوا ده‌لیلی داماوه، ئینگلیزی گاورستان له به‌غدای پایته‌ختی عه‌باسی قه‌دیم، رۆژنامه‌یه‌كیان گوایه بۆ (تێگه‌یشتنی راستی) ده‌ركرد و دانه‌یه‌كیشیان بۆ (پێشكه‌وتن) ی كورد له سلێمانی دامه‌زراند، هه‌تا ئه‌زموونه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود پێگه‌یی و له‌گه‌ڵ داموده‌زگای حوكمداریشیدا رۆژنامه‌گه‌ریشی كورداند‌و ئه‌و سه‌كۆیه بووه باعیسی گه‌شه‌كردنی خوێندگه‌ی سلێمانی له كوردایه‌تیدا.
جه‌نگی جیهانی دووه‌م، به پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌مه‌وه، ده‌رفه‌ت هه‌بوو تا رۆژنامه‌ی كوردی كه‌م و زۆر حیكایه‌تی جه‌نگ به حه‌رفی كوردی و به به‌یت و بالۆره‌ی كوردییه‌وه بگێڕدرێته‌وه.
له مه‌هاباد بڵاوكراوه‌ی كوردی ئازاد چاپ بوو، كه یه‌كیان له (كوهستان)ی ئه‌رده‌لانییه‌وه سه‌فاره‌تی كوردی له تاران ئاوه‌دانكرده‌وه.
ئینگلیز له به‌غدای نوری سه‌عید (ده‌نگی گێتی تازه) ی هه‌بوو كه هه‌ر خۆی گێتییه كۆنه‌كه‌ی
ئیستعمار بوو.
ئه‌مریكای تازه بابه‌تیش (په‌یام)ی باڵیۆزخانه‌ی هه‌بوو كه به‌زمانی شیرینی كوردی و به ته‌كنیكی جوانی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌مریكایی گه‌ره‌كی بوو بڵێ دونیای تازه بۆ ئه‌مریكایه و خۆتانی له‌گه‌ڵ بگونجێنن. شتێك كه پێناچێ تائێستا ده‌سته‌بژێری كورد لێی حاڵی بووبێت (والله اعلم).
فه‌ره‌نسی و رۆژئاوایی له رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا، كوردی به‌درخانیان له خولێكی تری رۆژنامه‌گه‌ریی پایه‌دار كرد، وه‌ك بڵێی قه‌ره‌بووی رووخاندنی قه‌ڵای حكومه‌تی (بۆتان) یمان بۆ بكه‌نه‌وه. گوتیان ئه‌وی له گۆڤاری سه‌نگینی (هاوار) له‌سایه‌ی كرانه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسی له سوریا كردتان و سه‌ركه‌وتن. وه‌رنه لوبنان گۆڤارێك بۆ ئێمه ده‌ربكه‌ن و جه‌نگمان به كوردی لاتینی بۆ بگوێزنه‌وه. ئه‌وه‌شیان سه‌ری گرت و كورد له‌و ده‌رفه‌ته‌ش زمان و كه‌لتوری خۆی خستنه‌وه‌گه‌ڕ.
جه‌نگی دووه‌م ته‌واو بوو، پاره‌ش خه‌لاس بوو. كۆماری مه‌هابادیش خه‌لاس بوو، لێ ئه‌وه‌ی گرنگ بوو كورد له جه‌نگی دووه‌م پێچه‌وانه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو.
ئه‌وه له‌دڵدا مایه‌وه وه‌ك گرێیه‌كی ده‌روونی كه له‌جه‌نگی یه‌كه‌مدا رازی كوردی به په‌نهانی مایه‌وه‌و نه‌چووه سه‌ر كاغه‌زی غه‌زه‌ته.
له‌رۆژی 11/11/2018 كه سه‌عات (11) سه‌د ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگه‌كه‌دا تێپه‌ڕی و سه‌ركرده زله‌كانی وڵاتانی زلهێز له پاریس كۆبوونه‌وه. لێره، له سلێمانی، له باشووری كوردستان، له‌جێی به‌گ و شازاده و ئه‌فه‌ندی، مانه‌ندی پیره‌مێرد و كه‌ركوكلی زاده‌و شێخ نوری شێخ ساڵح و ره‌فیق حیلمی. به‌له‌نگاز و كرمانجی كورد گێڕانه‌وه‌یه‌كی كوردی‌یان له‌سه‌ر جه‌نگه‌كه نووسییه‌وه.
به‌مجۆره غه‌زه‌ته‌چی دوو مانگ مه‌عاش وه‌رنه‌گری كوردستانی نوێ به هاوكاریی ئیدریس جه‌بار سه‌رپه‌رشتیاری دووتوێی ره‌وته‌كان، هه‌شت لاپه‌ڕه‌یان كرده خه‌ڵات و له‌گه‌ڵ ژماره (7712)ی رۆژی (11/11/2018) ی كوردستانی نوێ‌دا په‌خش و په‌رێشانیان كرد.
كورد ده‌ڵێ قه‌رز كۆن ده‌بێت، به‌ڵام نافه‌وتێت.