کاریگەریەکانی راگەیاندن لەسەر کەلتوری کۆمەڵگا ‌
رێبین محەمەد
لەگەڵ فراونبوونی بێ وێنەی راگەیاندن، رۆڵی دامەزراوەکانی گەشپێدانی بنەڕەتی وەک ماڵ و قوتابخانە کەمبوونەوە، رۆڵی دەزگای راگەیاندن گەورە و کاریگەربوون لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا، ئەم رستەیە لە کتێبی رۆڵی میدیا لە پەروەردەدا هاتووە لەلایەن نوسەر (فەهد بن عەبدولڕەحمان شەمیمری) نوسراوە، لای ئەو نوسەرەش کاریگەری میدیا لەم سەدەیەدا زۆر زیاتر بووە و بە شێوەیەک توانیویەتی رۆڵی لە قوتابخانەکان و ماڵەکانیشمان زیاتر بێت.

کەواتە دەبێت یەکسەر بیرمان بەرینەوە بۆ لای بازرگانە ئەمەریکیەکان، خێرا دەست دەکەن بە کڕینەوەی میدیاکان و پارەیەکی خەیاڵی بۆ خەرج دەکەن، (نەک بەو شێوەی لە کوردستان هەیە، بەڵکو بەشێوازێکی مۆدێرن، بەڵام هەمان ئەو کردەیەیە کە لە کوردستان هەیە)، پارەکانیان لە رێگەی یاسایی جۆراو جۆرەوە دەدەنە میدیاکان و کۆنترۆڵیان دەکەن، بۆ ئەوەی رای گشتی لە دەستی خۆیاندا بێت، چۆنیان بوێت ئاراستەی بکەن، ئەمە بۆ ناوخۆی ئەمەریکا.

بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە لە بەختی باشی ئەمەریکیەکان، بەهۆی بەهێزی میدیاکانیان و بەخشینەوەی ئەو پارە زۆرەی بۆ میدیایان داناوە، میدیای جیهانیش کەوتۆتە ناو داوەکەوە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری میدیا ئەمەریکیەکانەوە.

ئەنستیوتی ئیمام شیرازی لە واشنتۆن، زۆرتر رەخنە لە سستمی سیاسی ئەمەریکی دەگرێت،  بڵاوی کردۆتەوە، لە ساڵانی رابردوو کۆنگرێسی ئەمەریکی ٦٢ ملیۆن دۆلاری خەرج کردوە بۆ میدیای ئەلحرە، وە لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ دانانی کەناڵەکە لە عێراق، دواتر ٥٢ ملیۆن دۆلاری تریشی بۆ تەرخانکردووە بۆ ئامێرەکان، دواتر ئەنجوومەنی پیران ، جۆزیف بایدن، پرۆژەی پێشکەش کردووە داوای کردنەوەی زمانەکانی کوردی و ئۆزبەکی و فارسی کردووە لە ئەلحرە، داوای کردووە بڕی ٢٢٢ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج بکرێت، ٣٤٥ ملیۆن دۆلاریش زیاد بکرێت بۆ سەر بوودجەی دەنگی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٥.

دواتریش ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری تریان بۆ خەرجکردوون، ئەم میدیایانە لە ناو سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی خۆیان هەبووە لە سەردەم و کاتی خۆیاندا، بەڵام بەشێک لە ئەمەریکیەکان رەخنە دەگرن لە هەوڵەکانیان و پێیان وایە ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

واتە چاوەڕوانی زیاتر لە میدیا دەکەن و دەیانەوێت زۆتر بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە و سۆفت پاوەری ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات. ئەوە ئاساییە مرۆڤ چاوەڕوانی ئەنجامی گەورەتر بکات، بەڵام ئەوەی نائاساییە بەشێک لە میدیای کوردی کردوویەتی لە ماوەی رابردوو وە ئێستاش بەردەوامە، رێک پێچەوانەی ئەم بەرنامەییە کە جیهان بە میدیا جێبەجێی دەکات.

لە چەند نمونەی رۆژانەی کەناڵە میدیایەکانی کوردستان دەتوانین ئەوە بسەلمێننین.
کەناڵە کەلتوری و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، لەم کاتەدا وەک مۆدێل  زنجیرەکانی تورک بەخش دەکەنەوە، لە بنەڕەتدا، پارەی بۆ تەرخانکراوە و زنجیرەکان لە تورکیاوە پەخشکراوەتەوە، رەچاوی باردۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناو تورکیا کراوە، کوردەکانیان بە تیرۆرست ناساندووە لە دیوی سیاسیدا، لە دیووی کۆمەڵایەتی بە نەزان و نەفام و ناشارستانی نیشانمانی دەدەن، ئەگەر کەناڵی تورک ئەم درامایە پەخش بکاتەوە ئامانجەکەی پێکاوە، بەڵام ئەگەر کورد پەخش بکاتەوە، دەبێت چ کارەساتێک بێت بۆ کورد و چ بەخششێک بێت بۆ تورک.

خاپور کردنی کلتوری کوردی و پێکانی کۆمەڵگای کوردی بە بیرێکی ژەهراوی خراپ، کە دەرهێنەر و ئامادەکار و سپۆنسەرییش هەر کوردەکاننن، بەشێکی تر لە کەلتوری جنێو و سوکایەتی و ناوزڕاندن لە میدیای کوردی لەلایەن چەند کەسایەتی سیاسی بە ئامانج کرایە بەرنامە و وەک ئازادی را دەربڕین دەرخواردی بینەری کورد درا، ئێستا هەرچی ناوەندی لێکۆڵینەوە هەیە ناتوانێت ئەو تێگەیشتنە بۆ ئەو نەوەیە راست بکاتەوە، ئەو کەناڵانەش بەرپرسیارەتی خۆیان راست ناکەنەوە، فەرهەنگ بە سەدان ملیۆن دیناری تێدا خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی دروست و جوان و مرۆڤی خاوەن شەهامەت دروست بکات، بەداخەوە کەناڵی کوردی هەیە رێک پێچەوانەکەی کاری کردووە و رەنگدانەوەکەشی بە ئاسانی دەبینرێت.

دواتر دەکرێت باسی ئەوە بکرێت پەخشکردنی راستەوخۆی سەربازگەکانی پێشمەرگە مەترسیەکی تربوون لەسەر پێشمەرگە، بە ڕای من لە دوای ئەو دووخاڵەی سەرەوە دێن.

چوونکە پێشمەرگە هارد پاوەرە، کەلتور و رۆشنبیری سۆفت پاوەرە، کە کاریگەری زۆرتریان هەیە لەسەر کۆمەڵگا.
کێ فێرمان دەکات، ئەم شمشێرە ژەهراویە بۆ خۆپاراستن و ترساندن دانراوە، چۆن بەکاریبهێنین و چیدی هەناوی خۆمانی پێ یەکاڵا نەکەینەوە.

بۆ ئەوەی هەناوی کەلتوری کوردەواری بە ژەهری بیرکردنەوەی  خراپ پیس نەکرێت و پرۆژەیەکی نیشتمانی دابنرێت بۆ دانانی سنورێک تا ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دیاریبکات و هێڵێک دابنرێت بۆ ستانداردی بەرهەمەکان کە لە دەزگاکان پەخش دەکرێنەوە، رەواج بە بابەتی نەرێنی نەدرێت.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:08:52:13/05/2017