هەژموونی میدیا و دنیای تاریکی دژەکان
ئازاد ئیبراھیم
دەبێت سەرەتا بپرسین: ئایا دەکرێت دنیای گڵۆباڵ و بەشووشەییبوونی جیهان، ناوببرێت بەسەردەمی زێڕینی میدیا؟ یاخود بۆچی لەمڕۆژگارەدا کە بەبۆنەی هۆیەکانی کۆمونیکەیشنەوە دەمێکە ناونراوە بەگوندبوو!، میدیا هێزێکی ترسناکە بۆسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرو سیستمە داخراوەکان؟ ئەی ئایا دەکرێت ئەمڕۆژگارە ناوبنێین بەسەردەمی پوکانەوەی دژەکان؟

وەڵامەکان زیاد لەڕێگایەکیان هەیە بۆ گەشتن بەدوا پنت. بەڵام یەکێک لەوڕێگایانەی کە وەڵامی هەرسێ پرسیارەکە پێکەوە گرێ دەدات، پەیوەندی بەوتۆڕە جاڵجاڵۆکەیییەی جیهانەوە هەیە کە بەپێچەوانەی جاران زیاتر ڕۆشنایی دەخاتەسەر لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەو مرۆڤ.

 وادام ئەم تۆڕانە باشتر لەجاران هەیکەلی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو زاڵم ڕووناک دەکاتەوەو نهێنییەکانی دەردەخات، فێریشمان دەکات چۆن وێنای ئەو دنیایە بکێشین و وەچۆن بەراوردی نێوان دنیای دیکتاتۆرەکان بەدەرەوەی دنیای دیکتاتۆرەکان بکەین.

 ئەمەش ئەو تێڕوانینە فەلسەفییە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەگوترێت مرۆڤ لەڕۆشناییدا زیاتر دەجوڵێت و زیاتریش دەدوێت. کە ئەم لۆژیکەیش بووە هێزی باڵا؛ ئەوکات ماڵەکانمان وەک ڕابردوو تاریک نابن لەترسی ئەوی نەیار، بەڵکو هەتا ڕوناکترو فرە پەنجەرە بێت؛ باشتر جوانییەکانی دەرەوە دەبینین!.

لەهەموو ئەو وڵاتانەدا کە خاوەن سیستمێکی داخراوو نالیبراڵن، میدیا پایەی وەستانی کۆمەڵگەنییە لەسەر بەرهەمهێنانی مەنتیق و دنیابینی نوێ، بەپێچەوانەوە میدیایش وەک بەشێک لەو کۆمەڵگە ڕامکراوە؛ یەک مانا دەداتەخۆی کە دەتوانرێت ناوببرێت بەمیدیایەکی دەستەمۆ یان ئەڵقەلەگوێ!. چونکە لەسیستمی سیاسی داخراودا بەپلەی یەکەم وەزیفەی سەرەکی و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگە لای میدیانییە هێندەی لای ئاسایش و پۆلیس و پیاوانی دەوڵەتە. نەک ئەمە تەنانەت لەهەندێکجاردا وەزیفەی میدیا بچوکدەکرێتەوە بۆ ئیشکردن لەسەر یەک وێنە کەئەویش وێنەی ڕێبەرو سەرکردەیە. لەم فۆرمە سیاسییەدا مەنتیقی هێز واهییە ئەگەر ڕێبەر نەبوو؛ هیچ شتێک مانای نییە. ئەگەر سەرۆک و ڕێبەر لەمیدیاوە قسەیان نەکرد؛ ئیتر میدیا شایانی گوێلێگرتن نییە.

ئەوەی سەرەوە تێماندەگەیەنێت؛ سەردەمی کۆمونیکەیشن و بچوکبوونەوەی جیهان بۆ گوندێک، سەردەمی دیکتاتۆرو دەسەڵاتەکانی ئاسایش و ئیستیخبارات نییە، وەک چۆن هەمان سەردەمی چەوساندنەوەی میدیاو میدیاکارانیش نییە.

 بەمانایەکیتر، تاکو هۆیەکانی گەیاندن زیاتربن و بەرەو بەئەلیکترۆنیبوونی جیهان بڕۆین و وەزیفەی میدیا گەورەببێت، ئەوەندەیش لەدنیای دیکتاتۆرەکان دووردەکەوینەوەو جێیاندەهێڵین و لەدەرەوەی گروی مرۆڤایەتی دەمێننەوە.

ئەم دابڕانە  تازەیەی هەژموونی دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا لەگەڵ تاکە دنیای نەگۆڕو چەقبەستووی دیکتاتۆرەکان، کەمترین دەرفەت بۆ هەناسەدانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم سیستمە سیاسییانە بۆ جارێکیش بێت خۆیان ڕیفرێشێک بکەنەوەو لەگەڵ دنیای نوێدا هەڵبکەن. 

 بۆیە لەم بەریەککەوتنەدا کە میدیا هەمیشە هێرشبەرە بەئارەستەی پێشەوە؛ ئەوا ڕاستەوخۆ ئەم سیستمانە کۆتاییان دێت و ناتوانن کەمەکێک بجوڵێن.

ئەوەی هەمیشە لەپیاوانی دەسەڵات و لەچوارچێوەی سیستمێکی تۆتالیتارو نالیبراڵدا بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و مێدیاکاران بینیومانە، دەقیق مانای ڕەدکردنەوەی ئەو شەپۆلە ڕوناکییەیە میدیا دەیخاتەسەر وەجهی دیکتاتۆرو پیاوانی دەسەڵات، ناچار لەم کاتەیشدا هەموو ئەوانەی زەمەنێکی درێژ لەناو تاریکی و زوڵمەتی سیستمێکی تاپڵۆسێنەردا ژیاون، یان دەبێت چاویان دابخەن لەئاست ڕووناکی هەژموونی میدیا یاخود دەبێت دەست لەسەرچاویان دابنێن!، چونکە چاویان توانای بینینی ئەو هێزە ڕووناککەرەوەیەی نییە کە میدیا دەیەوێت بیخاتەسەر دنیای دیکتاتۆرەکان و نهێنییەکانی کەشف بکات.

 لەباشترین حاڵەتیشدا ئەگەر ئەم دیکتاتۆرانە "ئەم نایارانە"ی میدیا قودرەتی وەستانەوەیان هەبوو لەئاست هەژموونی پڕ لەڕووناکی میدیا، ئەوا یان دەبێت سەری بۆ نەوی بکەن یاخود چاوەکانیان کوێردەبێت.

ئەوەی میدیا لەکۆمەڵگا دیموکرات و سیستمە لیبراڵ و کراوەکاندا دەیکات، نەپەیوەندی بەفرەییبوونی جۆرەکانی میدیاوە هەیە؛ وە نەپەیوەندی بەزیرەکی و توانایی ڕۆژنامەنوسێکەوە هەیە. بەپێچەوانەوە ئەوەی هەیە نائامادەیی هۆیەکانی دژایەتی میدیاو میدیاکارە. لەبەرامبەر ئەم وێنە ڕوونەدا، ئەوەی لەکۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی و سیستمە داخراوەکانی خۆرهەڵاتدا دەیبینین بچوککردنەوەی میدیایە بۆ ئاستێک ئیتر نەبەپێویست بزانرێت و نەبینەر ویستی هەبێت لێیبڕوانێت. چونکە ئەوە ویستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرو نائازادەکانە میدیا بەوێنەگەلێک سیخناغ دەکەن بینەر شەرمی لێبکات و ئارەزووی نەبێت نیو کاتژمێر بەدیارییەوە دانیشێت. هەرکاتێکیش هاوڵاتیان و کۆمەڵگە لەدیمەنە ناشیرینەکانی میدیا بێزاربوون؛ ئیتر ئەوکاتە پرۆسیسی بەمێگەلکردن و لاوازکردنی تاک دەستپێدەکات.

شۆڕشی پیشەسازی و ئەوەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی پێشکەشمانی دەکات لەبواری پەیوەندی و گەیاندندا، پەیامی جەنگێکی نوێیە لەجیهاندا. پەیامی جەنگێکە ئەگەر دەرگا داخراوەکانیش واز نەکات؛ بەگوژمەیەکی زۆر دەتوانێت ئەو دەرگایانە ڕابوەشێنێت و لێیانبدات.

 ئەم پەیامە تائەو ئەندازەیە بەهێزە ئیتر ڕەنگە ئەوە تەنها میدیاو فەیسبووک نەبێت دەتوانێت لینکی ئێمە لەگەڵ ڕووداوەکان بەهێز بکات و بەبێ ویستی خۆمان ئاگادارمان دەکاتەوە لەڕوودانی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان. بەڵکو دەتوانین ئەم پەیامە ناوببەین بە(هێزی لەسەرخۆی میدیا). چونکە هەندێکجار بەبێ ئەوەی بمانەوێت؛ ناچارین بچێنەناو ڕووداوەکانەوەو لەگەڵ هەندێک پرسی هەمەجۆردا ڕابێین.

 بەمانایەکیتر ئیتر ئەم پەیامە پێش هەرکەسێک؛ زەنگی ئاگاییە بۆ هەر لۆژیک و مەنتیقێک نەیارو بەترسە لەهەژموونی میدیا.

كوردستا نیوز 

AM:08:49:22/06/2017