میدیای بێده‌وڵه‌ت؟
ئاسۆ عه‌بدول له‌تیف
به ته‌نیشت یادی دامه‌زراندنی كوردستان24، وه‌ك ئه‌زمونێكی نوێ له میدیای كوردی و گه‌یاندنی زانیاریه‌كان بۆ ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه، گرنگه له هه‌مان ئه‌و شاشه‌یه‌وه ئه‌م دۆخه‌ی كوردستانی تێدایه وا پێناسه بكه‌ین، كورد ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵام له میدیاكهیهوه خه‌ونی گه‌وره به‌دی ده‌كرێت به‌ره‌و ستاتۆیه‌كی ره‌سمی و پهرچهمدار، میدیا‌و رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بێ كه‌موكوڕیی نییه، به هه‌موو كێماسیهكانیهوه كورد له ئێستادا خاوه‌نی گوتار‌و دیسكۆرسێكی ته‌له‌ڤزیۆنی و ریتمێكی میدیایی هاوسه‌نگی خۆیه‌تی به‌ته‌نیشت ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ترامپه‌وه كه ده‌ڵێ كوردان خاوه‌ن شهڕكهرو جه‌نگاوه‌ری ئازان! ده‌بێت چه‌ند ساڵێكی دیكه ئه‌م دروشم و سلۆگانهی زمانی سه‌ركرده جیهانیه‌كان بهێنینه‌وه بۆ ناو دنیای میدیا‌و رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی.
میدیا وه‌ك ده‌زگایه‌ك كه به‌رهه‌می مۆدێرنێته‌ی دیموكراتی و شۆڕشی پیشه‌سازیی و چاپهمهنیهكانه له سه‌ده‌كانی چوارده‌ی زاینیه‌وه، له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی و داهێنانه‌كانی یوهان گۆتنبێرگی ئه‌ڵمانی به دروستكردنی چاپی سه‌ره‌تایی به پیتی پچڕپچڕ له ساڵی 1440 و تا داهێنانه‌كانی سه‌ده‌كانی دواتری چاپكردن و گه‌یاندن به ئاسن و بوخارو تیشك و كاغه‌زو له‌یزه‌رو رادیۆ‌و ته‌له‌ڤزیۆن و كۆمۆنیكه‌یشنی بێته‌ل و هه‌واڵده‌ری كلاسیكی نامه‌به‌ر، هه‌موو ئه‌مانه بۆ یه‌ك پره‌نسیپی مرۆیی و سیاسی بووه، ئه‌ویش "زانیاری و هه‌واڵ به دروستی بگاته خوێنه‌ر، تاوه‌كو دابڕان روونه‌دات".
كورد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م كه هێشتا شۆڕشی چه‌كداریی و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نه‌بووه، ده‌ستی كردوه به هۆشیاریی و بڵاوكردنه‌وه‌ی وشه‌ی كوردیی، به چاپ و بڵاڤۆكی گشتی و سیاسی و جڤاكی بۆ پارێزگاری له بوون و زمان و كه‌لتور و په‌چه‌ی ژیانداریی و مه‌ئوای خۆی، كاروانه‌كه تا ئه‌مرۆ گه‌شتووه به چه‌ندین سه‌ختی و هه‌ڵدێرو بندێری سیاسی و ئاسته‌نگی جیاواز جیاوازه‌وه، ناكرێت ئه‌م قۆناغه گه‌شه‌سه‌ندووه له میدیای لیبراڵ و ئه‌هلی و تایبه‌ت و كوالیتی شاشه‌و بێژه‌رو هه‌واڵسازی به ئه‌زموون و كامێرامانی لێوه‌شاوه‌و نه‌خش و دیزاینی سه‌رده‌میانه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرین، ده‌وڵه‌ت هه‌یه هێشتا میدیایه‌كی گه‌شه‌سه‌ندوی نییه‌و فیگه‌رێكی میدیایی نییه‌و هێشتا نازانێت پیشه‌سازیی میدیایی و هه‌واڵ و دروستكردنی ریپۆرتاژو ریكلام چییه‌و چۆنه؟
ئێستا چه‌ند دانه‌یه‌ك له میدیای كوردی بینراومان هه‌یه كه درێژهپێدهریی ئه‌و دیرۆكهیه، له ناویاندا كوردستان 24، ئه‌و تایپه له گوتاریی جددیی و هاوسه‌نگ له گه‌یاندنی میدیایی و ئاوپرژێنكردنی هه‌ستی كوردانی ناو وڵات و تاراوگه به دیدی رۆشنی بۆ كۆی رووداوه‌كان، سه‌ره‌تای ئومێدێكی گه‌وره‌یه، ره‌خنه‌شمان هه‌یه هه‌ندێك جار بۆ به حیزبی كردنی هه‌ندێ هه‌واڵ و روماڵ به‌ڵام هێشتا هه‌ر دیدگاكه رۆشنه‌و بینیمان ئه‌م كه‌ناڵه بۆ روماڵی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان و كۆی روداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه چۆن یه‌ك ریتم بوون و هاوسه‌نگیان له‌ده‌ست نه‌دا، به‌تایبه‌تی روماڵه سیاسی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م كه‌ناڵه بۆ رۆژاڤا، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێی میدیایی و ئه‌زموونی حوكمرانی كوردیی بوو به‌ره‌و دروستكردنی پرۆژه‌و خه‌ونی گه‌وره‌تر.
په‌یوه‌ندی میدیا به گوتاری سیاسی و دۆزه مێژووییه‌كه‌یه‌وه، په‌یوه‌ندی كوردی باشوور به پارچه‌كانی دیكه‌وه، یه‌ك پاكێچ كردنی گوتاری سیاسی كوردیی بۆ جیهانی ده‌ره‌وه، هه‌موو ئه‌مانه گرنگی خۆی هه‌یه، ئه‌م جۆره له میدیا بۆ كورد گرنگیهكهی له‌وه‌دا نییه هه‌وادارو بینه‌رێكی زۆی له خۆی كۆكردۆته‌وه به‌ڵكو چه‌قی قورساییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كورد له غیابی ده‌وڵه‌ت و پیشه‌سازیی ده‌وڵه‌تدارییدا، زانیاری ده‌وڵه‌تیانه و فۆرماتیكیانه ئاراسته ده‌كات و رای گشتی دروست ده‌كات، به‌جۆرێك راسته‌وخۆ میدیای كوردیی له ئاستێكی لۆكاڵ و ناوچه‌یی و حیزبیه‌وه بۆته میدیایه‌كی جیهانی و یونیڤیرساڵ، ته‌جاوه‌زی دۆخی میدیای حیزبی زۆر زیاتری ده‌ویست له‌وه‌ی به‌م چه‌ند ساڵه كراوه، به كورتی، ئه‌م میدیایه سه‌رنج و فۆكهسهكانی خسته سه‌ر روبه‌ره گشتیه‌كه‌ی جیهان و ئاژانسه‌كانی جیهانیشی هێنایه سه‌ر خوانی هه‌واڵه گه‌رمه‌كانی خۆی و ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وته بۆ ئێستا‌و ئاینده.
K24