کەناڵی کوردسات کە هەمیشە دەستپێشخەر و لە پێشە ،ئەمجارە بوێریی و ئازایەتیی ژنە کوردێکی پێ ئاشنا کردین کە کۆت و بەندەکانی پیاو سالاریی و عەیبە عەیبەی ناو کۆمەڵی تێک شکاند و دڵۆپێکی ناو ئەو ئۆقیانوسەی نەریتە دواکەوتوەکانی ناوکۆمەڵی وشک کرد .
لە بەرنامەی بنەوشدا خاتو سارا ئیبراهیم مان پێ ئاشنا کرا کە پاسێکی پێ یە و هاتوچۆ بە مناڵانی باخچەی مناڵان ئەکات.هەرچەندە ئەم هەنگاوە لە چاو ئەو بەرەوپێشچونانەی کە لە ناوچەکەی خۆماندا لە ئارادا بوە (مەبەستم سلێمانی جارانی ساڵانی پێش شەست و شەست و هەفتا و هەشتا و چارەکی یەکەمی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوە ) شتێکی زۆر بچوکە ،بەڵام بوێرێکی دەگمەنە بۆ ژنان کە بۆ ئەو جۆرە پیشانە تەوقی دواکەوتویی و جەهالەت بشکێنێت .
دیارە ئەو هەنگاوە پێویستیی بە پشتیوانییە تا چیتر ئەو کارانەی کە بۆ پیاوی سمێڵ قەوی ئاساییە بۆ ژنانیش بە هەمان شێوە ئاسایی بێت وەک چۆن چونەقوتابخانە بۆ کچان و خستنە بەر خوێندنی کچان لە سلێمانی و کۆیە بوە ئاسایی و زاتێکی مەزنی وەک مەلای گەورە کچەکانی خۆی خستە بەر خوێندن.هەرچەندە ئەم داوایە لە چاو پێشکەوتنی جیهان و بەشداریی ژن لە وڵاتانی پێشکەوتوی دنیادا هەر هیچ نییە ،بەڵام بۆ ئەم کۆمەڵە بە ئەنقەست بۆ دواوە گەڕانەوەیەی ئێمە بە گرنگ ئەزانرێت .
من ناچمە نێو وردەکاریی ئەوەی بۆچی کوردەواریی لە پێشکەوتویی و ئازادیی بونی ژنان پاشکەوتۆتەوە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست و سەردەمی شمشێر و غەزەواتەکان و تازە بەتازە لەسەر جادە تەقە لە ژن ئەکرێت و تەقەکەریش لە لایەن بەشێکی زۆری هەڵگری کلتوری سعودیی و ئەقڵە ژەنگ گرتوەکانی سەردەمی خوڵقاندنی جەهالەت و جاهیل کردنی کۆمەڵ، دەستخۆشی لێ ئەکرێت بگرە لە هەندێک شاشە و رادیۆی دواکەوتوەوە زەمینە بۆ ئەو ئەقڵیەتە داخراوەش دەکرێت (چونکە تەقەکەر زۆر بێ منەتانە لە شوێنێکی قەرەباڵەغدا تاوانەکەی کردوە،وەک ئەوەی دڵنیا بێت کە لێپرسینەوەی لێ ناکرێت ) .
بەهەرحاڵ ئەو هەنگاوەی سارا ئیبراهیم کە زۆر لە مێژە کۆمەڵە پێشکەوتوەکان پەیڕەوی ئەکەن ،جێی دڵخۆشییە و تەوق شکاندنێکی ترە لە لابردنی بەردەم بەربەستەکانی بەشداریکردنی زیاتری ژن لە کایەکانی ژیان و کارکردندا .دوبارە دەستخۆشیی بۆ کوردسات و بەرنامەی بنەوشە و بۆ سارا خاتونیش .
كوردستانی نوێ