لەبارەی ڕاگرتنی ئێن ئاڕ تی یەوە
ڕێبوار سیوەیلی


١ هەر کەس و لایەنێک بڕیاری بەوجۆرەی دابێت لە خشتە براوە و پێچەوانەی پرانسیپی ئازادی بیروڕا جوڵاوەتەوە.

٢ هەموو مرۆڤێک ئازادە لە بیرکردنەوە و بیروڕدا بەڵام هەموو کۆمەڵگایەک نەگەیشتۆتە ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین. جێی شانازیم بووە کە هەرێمی کوردستان لە خۆرهەڵاتی ناوین پێش چەند ساڵ مەسەلەی ئازادی ڕادەربڕینی کردە یاسا. ئێستە بە ڕاگرتنی ئەو کەناڵە نیگەرانم کە کەسانێک یان لایەنێک لەو دەستکەوتە ژێوان بوونەتەوە..

٣  پێویست نییە کەناڵێک ڕاگرین کە دژی ڕیفراندۆمە، پێویستە ئەو گێلە کەناڵانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت کە ناتوانن بە بارتەقای دەنگە دژەکان ، دەنگی هاودەنگ بۆ ڕیفراندۆم بەدەست بهێنن.

٤ ئەگەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دژی خواست و ئازادیی نەتەوەیی بۆنی دژایەتی لێدێت ئەوەیان بە نەزانییەکی مێژوویی بۆ حساب دەکرێت و نەزانییش قابیلی ڕاستکردنەوەیە. بەڵام ئەگەر کەناڵ و میدیاکانی بەناو هاودەنگی ڕیفراندۆم بیانەوێت گەوجانە خەڵک ئاراستە بکەن ئەوە لە جەهلی موڕەککەبدان: جارێک لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم بەرزترین ڕێزگرتنە لە مافی ئازادیی تاکەکەس بۆ دەنگدان و جارێکیش لەبەر ئەوەی پێویست ناکات تاکەکەس ئاراستە بکەیت و لێی خوڕی چونکە ئەوە خۆی بیر دەکاتەوە..

٥ دەستکەوتی یەکەمی ڕیفراندۆم و مژدە مێژووییەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت ئەوەیە دژەکان دەمیان دانەخرێت ، چونکە ئەوە دەریدەخات جەوهەری ئەو دەوڵەتە باشە یان خراپ. بەڵام ئیستا کە ئەمە ڕویدا بە ئاشکرا دیارە کێ لەو دەوڵەتەدا دەسەڵاتی دەبێت و چۆن لە ئێستاوە خراپی دەکەن.
٦  نەتەوەی کورد لە ئەبو یەقچانەوە تا مەسعودی و  مێشێل عەفلەق و شبلی عەیسەمی و سەدام حسێن بەرگەی شێواندنی مێژوویی ناو و خەباتی خۆی گرتووە، تۆ بڵێی بەرگەی ئێنئاڕتییش نەگرێت!؟
٧ دەڵێن ئەم بڕیارە سەرۆکی هەرێم داویەتی، بەڵام نامەوێت بڕوا بکەم ئەو پیاوە ئەوەندە چووبێتە ژێر کاریگەریی ئەو نەزانانەی ئەم بڕیارەیان پێدەرکردووە، دەنا هەر ئێستا دەیگوت: نا بۆ سانسۆری ئازادی ڕادەربڕین...

هەر ئەوەش چاوەرێ دەکەم...


NRT

AM:01:32:30/08/2017