پێش و پاش گشتپرسی، بۆ خه‌ڵكی جیهان ده‌ركه‌وت كه خواستی خەڵکی هه‌رێمی كوردستان له به‌ده‌وڵه‌تبوون كه‌متر نییه و نابێ، به‌ڵام پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی و كاتی راگه‌یاندنه‌كه‌ی جێگه‌ی مشتومڕه. ئه‌زموونی وڵاتانی دیكه نیشانیان داوه كه راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری گرنگه، له‌وانه هێزی ناوه‌كی، پاڵپشتی زلهێزێكی جیهانی و هه‌ڵبژاردنی باشترین كاتی راگه‌یاندن.
هێزی ناوه‌كی
گره‌وی هه‌رێمی کوردستان بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی له‌و كاتوساته‌دا تا ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ست بوو به‌وه‌ی كه ئیمڕۆ هێزه عێراقی و ئیقلیمییه‌كان په‌رته‌وازه و ناته‌بان. به‌ڵام حاڵی هێزه ناوه‌كیه‌كانی هه‌رێمیش به هه‌مان شێوه‌یە. دیاره له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا حاڵه‌تی په‌رته‌وازه‌یی و ناته‌بایی نێو هێزه كوردییه‌كان وه‌ك رێژه‌ی نه‌گۆڕ ده‌قی گرتووه و بووه‌ته حاڵه‌ته سروشتیه نۆرماڵه‌كه. بێگومان یه‌كڕیزیه‌كه‌ی رۆژی 25ی ئه‌یلول دیارده‌یه‌كی زۆر گرنگ و بێ وێنه بوو، به‌ڵام زۆر به قورسی هاته كایه‌وه و مه‌ودای كاریگه‌ریه‌كه‌ی ته‌نیا بۆ 24 كاژێر بوو، له‌وێ به‌دواوه كه‌لێنه‌كان خێرا ده‌ركه‌وتنه‌وه. كه‌چی له به‌رامبه‌ردا هێزه عێراقی و ئیقلیمیه لێكترازاوه‌كان به‌هۆی گشتپرسییەوە له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌وه. بۆیه ئێستا له هه‌موو كاتێكی دیكه زیاتر پێویسته هه‌ڵوه‌سته لەسەر باری ناوه‌كیی هه‌رێم بكرێ، هه‌وڵی به‌هێزكردنی سیسته‌می حوكمڕانیه‌كه‌ی بدرێت، په‌رله‌مانی كارا بێ و پرۆسه‌ی بڕیاردانی به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێ و ته‌ركیزیش بخرێته سه‌ر ئاشتكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان و باشتركردنی بژێوی ژیانیان.
پاڵپشتی جیهانی
له جیهانی ئیمڕۆدا، دامه‌زراندن و پاراستنی ده‌وڵه‌تێكی نوێ له هه‌ر قوژبنێكی دونیادا به‌بێ پاڵپشتیی زلهێزان كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته، چجای به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمێكی خنجیلانه له دەو‌رودراوسێیه‌كی دژوار و ناهه‌مواردا. ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان بیه‌وێ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، پێویستی به‌وه‌یه ئاراسته‌ی كاروانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی یه‌كبخات. به وردی پاڵنه‌ری هاوكێشه‌كان بخوێنێته‌وه و بزانێ چۆن ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هی زلهێزێكی دۆست و یه‌ك دوانێك له هێزه ئیقلیمییه‌كان هاوئاهه‌نگ بكات.
دیارده و ململانێیه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وای ده‌گه‌یه‌نن كه گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی دیكه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ڕێوه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد پشووی درێژ بێ و خه‌ریكی پته‌وكردنی هه‌ناوی خۆی و لۆبیی ده‌ره‌كی بێ، ئه‌وا توانای قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كانی ئاینده‌ی ده‌بێ.
ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئەمەریکا
له ئێستادا، ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌ره به‌رزی زلهێزی ئه‌مه‌ریكی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بریتیه له شه‌ڕی دژبه تیرۆر كه جارێ هیچ جۆره سازشێكی له‌سه‌ر ناكات. هه‌ر وڵاتێك یان بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌وله‌ویه‌ته هه‌ماهه‌نگ بووبێ، گه‌وره‌ترین سوودی له هاوكاریی ئه‌مه‌ریكی بینیوه. ئه‌وه‌تا رێكخراوێکی وەکو (په‌یه‌ده) كه سه‌ر به هێزی (په‌كه‌كه)یه و ئه‌وه‌ی دواییش له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا به تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م دراوه، كه‌چی نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكه به‌سه‌ر سوریادا فه‌رزی ده‌كات، به‌ڵكو به‌دوور نازانرێ توركیاش رازی بكات كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵی باش بكات و دان به حوكمڕانی (به‌ره‌ی دیموكراتی سوریا)دا بنێ. هه‌تا ئه‌وكاته‌ی هه‌رێمی كوردستان، یان حكومه‌تی عێراق ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ولەو‌یه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بێ، ئه‌وا به‌شه شێری پاڵپشتییه‌كانی ئه‌و هێزه جیهانیانه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێ.
ئه‌وله‌ویه‌تی دووه‌می ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی حه‌یده‌ر ئه‌لعەبادی له حوكمی عێراقدا به‌رده‌وام بێ و له هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئاینده‌دا سه‌ربكه‌وێ. ئه‌مه‌ریكییه‌كان، راست بن یان هه‌ڵه، وای داده‌نێن به‌دیلی عەبادی توندڕه‌وێكی سه‌ر به كامپی نووری مالیكی ده‌بێ كه به سه‌رسه‌ختییه‌وه سه‌ر به ئێران ده‌بێ. ئه‌مه‌ریكاییه‌كان وای داده‌نێن كه عەبادی میانڕه‌وه و ئاماده‌یه هێدی هێدی عێراق له ئێران دوور بخاته‌وه. بێگومان ره‌نگه له‌وه‌دا زۆر سه‌هوو بن، چونكه عێراق قوڵاییه‌كی ستراتیژیی گرنگه بۆ ئێران و له ماوه‌ی حوكمڕانیی ئه‌لعەبادیدا، ئێران توانیویه‌تی عێراق زیاتریش بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه، جا به هێزی حه‌شدی شه‌عبی بێ یان به پشتبه‌ستن بە فاکتەری سیاسی و ئابووری و ئه‌منی. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانی هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی لێ تێكنه‌ده‌ن. خۆ به‌پێی لۆژیك، وا له هاوپه‌یمانێكی بچووكی وه‌ك هه‌رێمی کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه له‌وه‌دا هاوكار بێ، چونكه ته‌نانه‌ت مانه‌وه و سه‌ركه‌وتنی خۆی پێویستی به پاڵپشتیی زلهێز ده‌بێ.
ئه‌وله‌ویه‌تی دواتری ئه‌مه‌ریكا بریتییه له ته‌نگهه‌ڵچنین به ئێران تاوه‌كو چه‌كی ئه‌تۆمی لێ داماڵێ و نفوزی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه‌م بكاته‌وه. ئه‌وه خواستێكی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌ب و توركیا و ئیسرائیله، زوو یان دره‌نگ ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌تێكی لووتكه‌یی به‌ڵام له دوای به‌دیهێنانی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م. له‌و حاڵه‌ته‌شدا، هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی زۆر گرنگ و كارتێكی به‌هێزی ده‌بێ كه نه ئێران ده‌توانێ لێی بێ‌باك بێ و نه ئه‌مه‌ریكاش ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ.
ئه‌وكات، دۆستایه‌تی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ ته‌هران گرنگتر ده‌بێ وه‌ك له پێچه‌وانه‌كه‌ی و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا ده‌بێ له ئێستاوه به سیاسەتی كۆنی خۆیدا بچێته‌وه و هه‌رێمی کوردستان بۆ خۆی رابكێشێ و رێگه له سه‌رفرازییه‌كه‌ی نه‌گرێ. هه‌ر كاتێك ئێران چاوپۆشی له به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردستان بكات، ئه‌وا عێراق و توركیا توانای رێگریكردنیان لێی نابێ. خۆ ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه ئێران بووه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هەرێمی کوردستان، ئه‌وا ئه‌ڵته‌رناتیڤی زۆر به‌هێز له‌به‌رده‌ستدا ده‌بن و ره‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه جیهانیه‌كاندا بێ كه هه‌رێم له ئێران بپارێزن و له عێراقێكی سه‌ر به ئێران جیای بكه‌نه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته، هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جموجۆڵ و گۆڕانكاریی زیاتریشیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، هێزه ئیقلیمیه‌كانیش هه‌میشه چاوه‌ڕێی بڕیار و ئه‌وله‌ویاتی ئه‌مه‌ریكی نابن، به‌ڵكو ره‌نگه له ده‌ره‌نجامی ململانێی ئاڵۆزی هه‌مه‌پاڵنه‌ردا، هاوكێشه‌كان له دیوی توركیا زیاتر بگۆڕێن. ئیمڕۆ توركیا تووڕه‌یی ده‌رده‌بڕێ، بۆ كه‌نارگیركردنی هه‌رێمی کوردستان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و دوو هێزه متمانه‌یان به‌یه‌كتر نییه و دوورنییه به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره‌تر سیاسەتی هه‌ردوولایان دیسانه‌وه بگۆڕێ. له‌و حاڵه‌ته‌دا رێی تێده‌چێ ئه‌وجاره‌یان توركیا له‌گه‌ڵ سعودیه هه‌ماهه‌نگی بكات و به‌یه‌كه‌وه ببنه فریادڕه‌سی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ئێران.
باری سیاسی هه‌رێم و به‌غدا
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پشووی درێژ نه‌بێ و په‌له له راگەیاندنی ده‌وڵه‌ت بكات، یان له‌كاتی گفتوگۆدا ره‌چاوی په‌رته‌وازه‌یی ناو ماڵی خۆی و هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ئیقلیمیه‌كان و ئه‌وله‌ویەتە‌كانی هێزه جیهانییه‌كان نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێ حیسابی به‌ربه‌ست و ته‌حه‌دای مه‌زن بكات. هێزی هه‌ناویی ناو هه‌رێمی کوردستان له رووی سیاسی و ئابوورییه‌وه كێشه‌ی زۆره. توانای ئێران و توركیا له ده‌ستێوه‌ردان و بنكۆڵكردنی هه‌رێم زۆر له‌وه زیاتره كه دركی پێكراوه. حكومه‌تی به‌غداش، كه له به‌رامبه‌ر هێزه ئیقلیمیه‌كان و هێزی تیرۆردا لاوازه، له به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا خه‌ریكه به‌هێز و به‌هێزتر ده‌بێ. حكومه‌تی عەبادی تازه له شه‌ڕی داعشدا وه‌ك رزگاركه‌ر خۆی ده‌نوێنێ و به‌هۆی پشتگیریی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه متمانه‌ی به‌خۆی زیاتر ده‌بێ. حكومه‌تی به‌غدا پێش گشتپرسی تكای گفتوگۆی له هەولێر ده‌كرد، كه‌چی ئێستا ده‌بێ تكای لێ بكرێت له گفتوگۆدا به‌شدار ببێ. كه به‌شداریش بوو هه‌ڵبه‌ته توندیه‌كی زێده ده‌نوێنێ تاوه‌كو ببێته قاره‌مانی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی داعش و "خواستی جیاخوازیی كورد".
ستراتیژی هه‌رێم
له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌گوتاری ئاگرین و بڕیاری یه‌كلایه‌نه ده‌ستی حكومه‌تی عێراق به‌هێزتر بكرێت، پێویسته لایه‌نی كوردی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه بقۆزێته‌وه كه جه‌خت له رێكکه‌وتن و دۆزینه‌وه‌ی خاڵی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌نه‌وه. پێویسته ستراتیژی كوردی سێ قۆناغی جیاكه‌ره‌وه‌ی تێدابێ: هه‌نووكه‌یی بۆ ئاساییكردنه‌وه، مامناوه‌ندی بۆ گفتوگۆ و رێكکه‌وتن، دوورمه‌ودا بۆ دامەزراندنی ده‌وڵه‌ت.
له چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ی ئاینده‌دا، پێویسته هه‌رێم له باره‌ی فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه سنوورییه‌كان و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گازەوە ده‌ستپێشخه‌ری بكات له پێشكه‌شكردنی هه‌ندێ سازش و پێشنیازی عه‌مه‌لی. به‌وه ته‌ركیزی به‌غدا بخاته سه‌ر ورده‌كارییه ته‌كنیكییه‌كان و به‌هۆیانه‌وه پردی په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ دروست بكاته‌وه. له‌و میانه‌دا شتێك به‌ده‌ست عەبادیه‌وه بدات تاوه‌كو مه‌وقیعی له نێو شیعه‌كان لاواز نه‌كات و عەبادیش له به‌رامبه‌ردا بتوانێ هاوكاری هه‌رێم بێت. ئه‌و جۆره ده‌ستپێشخه‌رییه دڵی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی رازی ده‌كات و رێگه‌یان بۆ خۆش ده‌كات هاوكاربن و گوڕێك به نێوه‌ندگیرییه‌كان بده‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن هه‌رێم له عوزله‌دا گیر بخوات. هاوكات، لایه‌نی كوردی پشووی له گفتوگۆ‌كاندا درێژ بێ و هه‌تا كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ته‌نسیق له‌گه‌ڵ عەبادی بكات. له گوتاره‌كاندا نه‌رمی بنوێنێ تاوه‌كو چیتر نه‌بێته ئامانجی رمحه‌كان و چه‌قی موزایه‌ده‌ی پۆپۆلیستی نێو عێراقیه‌كان و دراوسێكان.
له‌و نێوه‌دا، پێویسته هه‌رێمی کوردستان خۆی بۆ قۆناغی گفتوگۆی جیددی سه‌باره‌ت به داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حوكمڕانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاماده بكات و هه‌وڵ بدات له مه‌ودای مامناوه‌ندیدا به كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی نوێوه دۆزه‌كه بباته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێه‌وه (واته به‌ده‌وڵه‌تبوون) بۆ ئه‌و كاته‌ی بهێڵێته‌وه كه ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مانگ و رۆژ ده‌كه‌ونه سه‌ر یه‌ك هێڵی راست.
پێویسته له ئێستاوه سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌مترین و زۆرترینی ئه‌و داواكاریانه دیاری بكه‌ن كه له گفتوگۆ‌كاندا پێی رازی ده‌بن و ده‌شزانن له به‌غدا مایه‌ی قه‌بوڵكردن ده‌بن. شایانی باسه كه پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی، سه‌ركرده‌كانی به‌غدا ئاماده بوون، جگه له سه‌ربه‌خۆیی، گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو جۆره گوژمه‌یه‌ك بكه‌ن به سیسته‌می فیدراڵیشه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا، ئه‌وانه به هیچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور رازی نابن و به‌لایانه‌وه ده‌بێ كورد سوپاسی خودا بكات ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری بۆ جێبه‌جێ بكرێت.
جموجۆڵه‌كانی ئێستای به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ن نه‌ك ته‌نیا حاڵه‌تی پێشوو به‌رده‌وام بكه‌ن، بگره ده‌سه‌ڵاته سیادیه‌كانیش له هه‌رێم بستێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ته، ئه‌وه له گفتوگۆدا یه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌ستپێكی لایه‌نی عێراقی ده‌بێ، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌سپێكی هه‌رێمیش به پێچه‌وانه‌وه، به میچێكی به‌رزه‌وه ده‌ستپێده‌كات و داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌ردوو لاشیان ده‌زانن له بارودۆخی ئیمڕۆدا هیچكام له‌و دوو جه‌مسه‌ره قابیلی قه‌بوڵكردنی هه‌ردوولا نین، به‌ڵام له‌نێوانیاندا مه‌سافه‌یه‌كی به‌رفراوان هه‌یه كه ده‌كرێ خاڵی رێكکه‌وتنی تێدا بدۆزرێته‌وه. به رێكکه‌وتن له‌سه‌ر سازشێك بۆ قۆناغی ئێستا ئه‌و مانایه ناگه‌یه‌نێ كه ئه‌نجامی گشتپرسی پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو لایه‌نی كوردی هه‌میشه ده‌ست به‌و (به‌ڵێ)یه گرنگه‌ی گشتپرسییه‌وه ده‌گرێت.
خواسته‌كانی هه‌رێمی کوردستان
ده‌كرێ داواكاریه‌كان به گوژمه (پاكێج) بن كه چه‌ندین خواست و مه‌رجی سیاسی و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئه‌منی و ده‌سه‌ڵاتی سیادییان تێدا بێت و به ورده‌كاریه‌كی زۆره‌وه به شێوازی كۆنتراكتێكی چڕ‌وپڕ بنووسرێنه‌وه. به شێوه‌یه‌كی گشتگیرانه، ده‌كرێ گوژمه‌كان هه‌ر یه‌كێك، یان تێكه‌ڵێك له‌وانه‌ی تێدابێ:
• ده‌كرێ ئه‌و فیدراڵیه‌ی ئێستا له ئارادایه، گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاوی پێ بدرێت. بۆ نموونه، سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كه ئێستا له ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌رێمن، به‌فه‌رمی بخرێنه سه‌ر هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی سیادیی زۆر زیاتریش به هه‌رێم بدرێت. واته، وه‌ك كیانێكی نیمچه كۆنفیدراڵی لێ دروست بێت، جا گرنگ نییه ناوی كۆنفیدراڵی لێ بنرێت یان نا.
• ده‌كرێ به‌پێی ده‌ستووری ئێستا، باس له سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری سیسته‌می حوكمڕانی عێراق بكرێ و هه‌رێم ببێته هانده‌رێك كه ته‌واوی كێشه‌كانی حوكمڕانی لە عێراق چاره‌سه‌ر بكرێ و عێراق بۆ چه‌ندین یه‌كه‌ی فیدراڵی خورد بكرێته‌وه. لەو نێوه‌دا لایه‌نی كورد ده‌ستی له داڕشتنه‌وه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا و دیاله و سه‌رجه‌م ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا هه‌بێ، له هه‌مووشیاندا ناوچه كوردستانیه دابڕێنراوه‌كان له ناوچه‌كانی دیكه جیا بكرێنه‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان به میكانیزمی نوێی جیاواز یه‌كلایی بكرێنه‌وه. بۆ نموونه، ناوچه كوردستانیه‌كانی نه‌ینه‌وا كه ئێستا له ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌دان، به پێی گشتپرسیه‌ك له ئاستی قه‌زا و ناحیه‌كاندا بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌ولێر و دهۆك، ناوچه هاوشێوه‌كانی خواروو بخرێنه سه‌ر كه‌ركووك، سلێمانی یان هه‌ڵه‌بجه.
ده‌كرێ پارێزگای كه‌ركووكیش به میكانیزمێكی جیا بخرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، یان بكرێته (حاڵه‌تێكی تایبه‌ت) له‌ناو هه‌رێم یان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت به‌و مه‌رجه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایشه‌كه‌ی ده‌ستاوده‌ست نه‌كه‌ن و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بمێننه‌وه. پێشوه‌خته رێكکه‌وتن هه‌بێ له‌سەر ئەوه‌ی دوای به‌هه‌رێمكردنی كه‌ركووك و ئاساییكردنه‌وه، گشتپرسیه‌ك له ئاستی پارێزگا ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان یه‌كگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان یان به‌غدا یان مانه‌وه به هه‌رێمی جیا بژاره‌یان هه‌بێ. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان بوو به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا هه‌رێمی كه‌ركووكیش له هه‌مان پرۆسه‌دا به‌شدار ده‌بێت و ملكه‌چی هه‌مان پرۆسه ده‌كرێت.
دۆستداری و دۆستپارێزی
هه‌ڵبه‌ته له كه‌شی كرژیی دوای گشتپرسیدا، ره‌نگه ئه‌و جۆره بژارانه له لایه‌ن هه‌رێم یان به‌غداوه به ئاسانی ره‌چاو نه‌كرێن، به‌ڵام به‌دیله‌كانیان زۆر له‌وانه خراپترن. پێش گشتپرسی، هاوپه‌یمانانی ده‌ره‌كی ده‌ستپێشخه‌ریی زۆریان كرد و هه‌وڵی نێوانگیریی زۆریان دا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه دڵشكاو و نیگه‌رانن و له خیتابی كوردی به‌گله‌یین، چاوه‌ڕێن هه‌رێمی کوردستان كارێكی وا بكات حكومه‌تی عێراق بێنێته سه‌ر مێز و گفتوگۆی جیددی له‌گه‌ڵدا بكات. پێیانوایە، هه‌رێمی کوردستان ئه‌و گرفت و ئاڵۆزیانه‌ی به‌سه‌ر خۆی هێناوه و هه‌ر ده‌بێ خۆیشی له زه‌مینه‌سازكردن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی بێ پێشمه‌رج ده‌ستپێشخه‌ربێ. ئه‌گه‌ر هه‌رێم له ڕۆژێكی وادا چاوی له هاوكاری دۆسته هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی، ده‌بێ خۆیشی تا نیوه‌ی رێگاكه بپێوێ و یارمه‌تی خۆی بدات تاوه‌كو دۆسته‌كانی بتوانن یارمه‌تی بده‌ن.
ده‌بێ گوتاری كوردی كه‌متر باس له براوه و دۆڕاو بكات، یان باس له یه‌ك ده‌رئەنجام بكات، له‌جیاتیان باس له سیناریۆی براوه - براوه بكات و به هه‌موو شێوازێك شه‌به‌حی شه‌ڕ یان ئابڵۆقه‌ی درێژخایه‌ن له‌سه‌رخۆی لابه‌رێ. له‌وه‌دا پێویسته ئاڵقه‌ی لۆبی فراوانتر بكات و سه‌رجه‌م دۆسته‌كانی به‌كاربێنێ بۆ گوشارخستنه سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عێراق و توركیا و ئێران. راسته زۆر له ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپیه‌كان ره‌نجاون، به‌ڵام مانای وانییه كه چیتر دۆستی كورد نین. ته‌نانه‌ت له‌نێو عێراقی و توركی و ئێرانیه‌كانیشدا هه‌رێمی کوردستان دۆستی زۆری ماوه. چیتر راست نییه كه ده‌ڵێن كورد دۆستی نییه له غه‌یری چیاكانی، به‌ڵكو پێویسته خۆیشی فێری دۆستپارێزی ببێ و نه‌بێته گه‌وره‌ترین دوژمنی خۆی.
رووداو