بەمشێوەیە فەیسبوك بەكاربهێنن
محه‌مه‌د نوری‌
رۆماننوسی بەناوبانگی ئینگلیز دیكنز لەزاری پاڵەوانی رۆمانێكییەوە دەنوسێت: بەكام شت ئازاریان پێدەگات، ئازاریان پێ بدەن. ئەم قسەیەی ناو خەیاڵی رۆمانێك دەبێتە وانەیەكی دروست‌و واقعیی بۆ ئەوەی ئازاری ستەمگەرەكانی پێ بدەین. بەتایبەت دوابەدوای ئەو شەپۆلە رەخنەییەی كە ئاڕاستەی گەنجان دەكرێت‌و بەگاڵتە وتەنزەوە باس لەوە دەكرێت ئەمانە نەوەی فەیسبوكن، سیاسەتیش بەفەیسبوك ناكرێت، وەك ئەوەی ٢٦ساڵە خۆیان بە شێوەیەكی راست سیاسەت‌و كاری بەڕیوبردنیان كردوبێت تا ئێستا تانە لەگەنجێك دەدەن كە هیچ هەناسەیەك نەماوە بۆ ئەوەی توڕەیی خۆی دەرببڕێت تەنها 
لاپەڕەو ماڵە تایبەتەكەی نەبێت لەناو فەیسبوك.
 
 
گەنجان لەوڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت، بێ كار شەقامەكان دەپێون، بێ ئومێد دەستدەكەن بەگیرفانی خاڵیانداو بیر لەئایندەیەكی تاریك دەكەنەوە. مادەم حزبەكان بە فەیسبووكەكانتان توڕەبون كەواتە لەمەودوا ئەم رێنمایانە پەیڕەو بكەن:
 
 
لەمەودوا رەخنەو قسەو سەرنجەكانتان توندتربێت، ئیتر مەنوسن گەندەڵ بنوسن دز، مەنوسن سیاسیی بنوسن شكستخواردو، مەنوسن حكومەتی كوردی بنوسن عەسابەی عەلی بابا، مەنوسن نەوت فرۆشتن بنوسن نەوت بردن.
مەنوسن مەسولەكان بنوسن تاڵانكەران، مەنوسن مێژوی خەباتیان بنوسن بازرگانی ناشەرعی ئێستایان. مەنوسن كارەبامان نییە بنوسن درۆزنمان زۆرە. مەنوسن پارە نییە بنوسن وڵات پڕە لەجەردە.
 
 
مەنوسن نیو مووچە بنوسن گیرفانبڕین، مەنوسن كوردستان لەمەترسیدایە بنوسن كوردستان لەبەردەم ئەو گورگانەدایە بەزمانی كوردی قسە دەكەن. مەنوسن ریفراندۆم بنوسن شاردنەوەی قەیرانەكان.
مەنوسن بەعسییەكان بنوسن هاوڕیی فایلدارەكانی ناو حزبە كوردییەكان، مەنوسن وەزارەتی پێشمەرگە بنوسن وەزارەتی حەفتا بە هەشتا.
 
 
مەنوسن حیزبەكان بنوسن بێ بەڵێنەكان، مەنوسن پەرلەمانتاران بنوسن بێ جورئەتەكان.
مەنوسن مەكتەبی سیاسیی حزبەكان بنوسن بارەگای بەڵا بۆ هەرێم، مەنوسن حكومەتی هەرێم بنوسن بێ باكەكان.
مەنوسن كۆبوونەوە بنوسن بەدیار خرمەی خەیارەوە گاڵتەیان بەمیللەت كردەوە. مەنوسن جیهان شاهیدی ئازایەتیمانە بنوسن چەپڵە بۆ ترسنۆكیمان لێدەدا، مەنوسن پێشمەرگە بنوسن بەرگریكارێك لەخاك بەموچەی كەم.
 
لەمەوەدا فەیسبووكتان پڕكەن لەقسەی توند، با رۆژانە چەندان پۆستی لەبەرد رەقترو لەشمشێر تیژترتان هەبێت. مەترسن خۆ قابیلە دو ملێون بەشداربو تیرۆر بكەن.

ئاوێنه‌ 

AM:09:16:11/10/2017