‌میدیای کوردی‌ و چەوساندنەوەی‌ یاسایی میدیاوانان
د. شوان ئادەم ئەیڤەس

چەوساندنەوەی‌ میدیاوانان، دیاردەیەکی‌ هەنوکەیی نێو نێوەندە حزبیی و ناحزبییەکانی‌ میدیای‌ کوردییە. لەگەڵ هاوردەکردنی‌ داعش بۆ عێراق و هەڵتۆقینی‌ قەیرانی‌ دارایی حزبە بەشدارو رەدووکەوتووەکانی‌ کابینەی‌ هەشتەمی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا، بەرگێکی‌ یاساییتری‌ بەبەردا کراو دەرهاویشتەکانی‌ ئەو دیاردەیە ئاشکراتر بەدەرکەوتن. داهێنانی‌ ئەم چەوساندنەوە یاساییە، زیاتر لەو بەندو بڕگانەی‌ گرێبەستەکاندا زەقبووەوە کە وەک پێشمەرجێکی‌ دەستبەکاربوون، لەلایەن هەندێ لە دەزگا میدیاییەکانەوە دەخرانە بەردەم ئەوانەی‌ هەلێکی‌ کارکردنیان لەو دەزگایەدا دەستدەکەوت، تاوەکو دواتر بەمەرجی‌ هەبوونی‌ کەفالەتنامە لەبەردەم دادنووسدا واژۆ لەسەر خاڵ بە خاڵی‌ گرێبەستەکان بکەن. 

گرێبەستی‌ کارکردن (employment contract) رێککەوتنێکی‌ دوولایەنەیە، ئامانج لێی رەخساندنی‌ وتووێژێکی‌ دادەوەرانەو گەڵاڵەکردنی‌ بڕگەو مادەکانییەتی‌ لە رێی ئاشکراکردنی‌ ناوەخنی‌ ئیشەکە (job description)و رەخساندنی‌ هەلی‌ یەکسان بۆ وەرگرتنی‌ سیڤی‌ خوازیاران. ئەم گرێبەستە، بەڵگەنامەیەکی‌ یاسایی نووسراوە کە دەبێت پەیوەندیی کارکردنی‌ نێوان فەرمانبەر یان کرێکارو خاوەنکار، ملکەچی‌ مەرجەکان و حوکمەکان (terms and conditions)ی نێوانیان بێت کە لەسەری‌ رێکدەکەون. ئەگەر لایەنی‌ دووەم ناوەڕۆکی‌ ئەو گرێبەستەی‌ پەسەندنەبوو کە لایەنی‌ یەکەم دەیخاتە بەردەم، ئەوا دەکرێت وتووێژی‌ زیاتر بکرێت بەئامانجی‌ لێکنزیکبوونەوەو رێککەوتن لەسەر ئەرک و مافەکانی‌ هەرلایەکیان. هاوکات گرێبەستی‌ کارکردن لەنێوان کەرتی‌ تایبەتیی‌ و گشتییشدا دەکرێت و چەند بوارێک دەگرێتەخۆ، لەوانە ماوەی‌ گرێبەستەکە، کاتی‌ دەستپێکردن و دەستهەڵگرتن، بەرپرسیارییەتە سەرەکییەکانی‌ ئیشەکە، مووچەکەی‌، کرێی کارکردن لە رۆژانی‌ پشوو، مۆڵەتدان لە رۆژانی‌ پشوو، ژمارەی‌ مۆڵەتی‌ ساڵانە، مۆڵەتدانی‌ تەندروستیی بە پارە، پارەدانی‌ ئیشی‌ زیادە، پاداشتکردنی‌ پێشبینیکراو لەگەڵ دیاریکردنی‌ جۆری‌ پاداشتەکان، دابەشکردنی‌ قازانجەکان و چۆنیەتی‌ دیاریکردنی‌، کرێی گواستنەوەو هاتوچۆکردن، لەگەڵ هەر ئیمتیازو وردەکارییەکی‌ تر کە دەشێ بەپێی رێککەوتنی‌ دوولایەنە دەقنوس بکرێن.

ئەگەرچی‌ بڕواهێنان بە پێویستیی وەرگرتنی‌ سیڤی‌ و هەبوونی‌ گرێبەستی‌ کارکردن لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا، دەشێ بە بەشێک لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی‌ ژینگەی‌ میدیایی ئەم هەرێمە لێکبدرێتەوە. بەڵام هەروەکچۆن لە هاوردەکردنی‌ تەکنۆلۆژیادا بەتەنها تەکنیکەکەی‌ گەیشت و لۆژێکی‌ بەکارهێنانی‌ لای‌ تاکی‌ کورد هێشتا نەگەیشتووە یان نەخەمڵیوە، بەهەمانشێوە لەگەڵ رووکردنە مۆدێلی‌ گرێبەستی‌ کارکردنی میدیاییدا، بەهۆی‌ جیاکاریی و ناهاوسەنگیی و بەهەند وەرنەگرتنی‌ بەرژەوەندییەکانی‌ لایەنی‌ یەکەم و دووەمی‌ گرێبەستەکان، میدیاوانان رووبەڕووی‌ جۆرێکی‌ نوێی چەوساندنەوەی‌ یاسایی بوونەوە. ئێستا وایلێهاتووە لایەنی‌ یەکەم بەوپەڕی‌ شانازییەوەو لە چوارچێوەی‌ کۆت و بەندی‌ یاساییدا هەموو هێزو تواناو سەلیقەی‌ کارکردنی‌ لایەنی‌ دووەم هەڵدەمژێت، بەبێ ئەوەی‌ لانیکەمی‌ مافەکانی‌ لایەنی‌ دووەم بەهەند وەربگیرێت کە سەرەکیترینیان کەمنەکردنەوەی‌ موچەکەی‌ و دابینکردنییەتی‌ لەکاتی‌ دیاریکراوی‌ خۆیدا. کاتێکیش لایەنی‌ دووەم بەدەنگ دێت و لەپای‌ راپەڕاندنی‌ ئەرکە پیشەیی و یاساییەکانی‌ خۆیدا داوای‌ مافە پیشەیی و یاساییەکانی‌ دەکات، دەستبەجێ لایەنی‌ یەکەم بڕیاری‌ سزادانی‌ کاتیی یان دوورخستنەوەی‌ هەمیشەیی بەسەر لایەنی‌ دووەمدا دەسەپێنێت و تاکلایانانە گرێبەستەکەی‌ نێوانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەو جۆرە مامەڵەکردنەی‌ خاوەنی‌ میدیاکان لەگەڵ میدیاکاران، هەمان ئەو مامەڵە چەوسێنەرانەیە کە کەرتی‌ گشتیی یان بەدیاریکراوتر حکومەتی‌ هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرەکانییدا دەیکات. رەنگبێت تاقە جیاوازییەکی نێوانیان ئەوە بێت کە کەرتی‌ گشتیی دەوامی‌ فەرمانبەرەکانی‌ لە هەفتەیەکەوە بۆ دوو رۆژ یان کەمتر لە پێنج کاژێر کەمکردووەتەوە، بەڵام کەرتی‌ تایبەت لەگەڵ دەستکاریکردن و دابەزاندنی‌ مووچەی‌ کارمەندەکانی‌، جگەلەوەی‌ کاژێرەکانی‌ کارکردنیان بۆ زیاد دەکات و کاری‌ زیادەیان پێدەکات، کرێی ماندووبونیشیان نادات و بۆیشیان پاشەکەوت ناکات!

وێستگه‌ نیوز

AM:09:43:19/12/2017