داخستنی میدیا و زیندانییکردنی میدیاوان لە بیرکردنەوەی دەسەڵاتی راپەڕاندندا
شوان ئادەم ئەیڤەس


لە سێ دەیەی رابردووی ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردییدا، پابەندنەبوون و وەکخۆی جێبەجێنەکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی ئەو یاسایانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەرچوون، یەکێک بووە لە خەسڵەتە دیار و درێژخایەنەکانی دەسەڵاتی راپەڕاندن و ئەمەشی وەکو جۆرێک لە ھێز و ھەژموونی سەرۆکی کابینەکە و وەزارەتەکانی بۆ ھەژمار کراوە!

پابەندنەبوون بە یاساکان و پێشلکردنیان لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و لەپێش دامەزراندنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حکومەتدا، جۆرێک بوو لە پلانی شۆڕش و خەباتی خەڵکی عێراق لە دژی دیکتاتۆرییەتی سەدام حسێن و فەرمانڕەوایی بەعسییەکان. بەداخەوە، ئەم کلتوری یاخییبوون و ملکەچنەبوون بۆ یاساکان و سەروەرییان، تاوەکو رۆژگاری بەکارھێنانی بێسنووری ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە جۆربەجۆرەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، درێژ بوویەوە و ئەزموونی خۆبەخۆی فەرمانڕەوایی کوردیش نەیوویست بەیەکجاری تێیپەڕێنێت و بنەبڕی بکات!

ئەگەرچی تا ساتی پەسەندکردنی، لەژێر گوشاری بەردەوامی ئازادییخوازاندا چەندینجار ناوەڕۆکەکەی کەم و زیاد کرا و وەک دەستکەوتێکی گەورە و گرنگیی وەرچەرخان لە رەوتی دیکتاتۆرییەتی حزبی بەعسیی عەرەبیی بۆ دیموکراسییەتی راگوزەری حزبی دەسەڵاتداری کوردیی ھەژمارکرا، بەڵام یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی رۆژنامەگەری، لەرۆژی دەرچوونییەوە تا ساتی نووسینی ئەم دێڕانە کتومت وەکخۆی جێبەجێ نەکراوە. 

ھۆکارەکانیشی ھەرچییەک بن، لەو راستییە کەم ناکەنەوە کە یاساکان ھەرچەند باش و پێویست بن و کۆدەنگییشیان لەسەر بێت، چانسی سەرپێخستن و جێبەجێکردنیان کەم و سنوردارە، چونکە خەڵک و حکومەت لە ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا رانەھێنراون پێیانەوە پابەندنابن. بەواتایەکی دیکە، زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانیی لە تێپەڕاندن و تێنەپەڕاندنی ناوەڕۆکی پێشنیازە یاساکاندا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و نەبووە، وەک ئەوەی ئێستا ھەندێ پەرلەمانتار کردوویانە بە پاساوی ھەموارنەکردنەوە یان دانەڕشتنی ھەندێ یاسای نوێی تایبەت بە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن!

لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە ٣٥دا ھاتووە، "رۆژنامە قەدەغە ناکرێ و دەستی بەسەردا ناگیرێ." ئەم بڕگەیە و کۆی یاساکەش ئەگەرچی بۆ میدیای چاپکراو نوسراوە، بەڵام زۆرجار تەماھیی ئەوە کراوە کە بەسەر جۆرەکانی دیکەی میدیاشدا جێبەجێ بکرێن. بەجۆرێک کە ھیچ ئێستگەیەکی رادیۆیی و کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی و پێگەیەکی ئینتەرنێتی، کارکردنیان یاساغ نەکرێت و دەست بەسەر کەلوپەلەکانی پەخش و وەشاندنیاندا نەگیردرێت.

بەدەرلەوەش، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی حەوتەمی ھەمان یاسادا ئەوە دەقنووس کراوە کە "رۆژنامەنووس سەربەخۆیە و لە بەجێھێنانی ئەرکە پیشەییەکەی ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە جگە لەدەسەڵاتی یاسا." بەھەمانشێوە ئەم بڕگە یاساییەش ھەرگیز نەیتوانی رۆژنامەگەریی کوردی، بخاتە سەر سکەی پیشەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ کە لە سۆنگەی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان و یاسا بەرکارەکاندا درێژە بە مانەوە و بەردەوامیی خۆی بدات!


دوای سیانزەساڵ لە دەرچوونی "یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستاندا" و بەدەر لەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەر زۆرینەی بڕگە و ماددەکانی دروستبوون، بەداخەوە تائێستا ئاستی جێبەجێکردنی کۆی یاساکە ھێند بەرز نییە کە ببێتە کاڵایەکی شانازیی و بە باڵای کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتدا ببڕێت، چونکە نە داخستنی میدیاکان بەیەکجاری کۆتاییھاتووە، نە زیندانییکردنی میدیاوانان. بۆیە ئیتر لێرە بەدواوە گرنگە بگەڕێینەوە بۆ وروژاندنی زنجیرە پرسیارێکی بنچینەیی کە ئایا دەسەڵاتی راپەڕاندن لە ھەرێمی کوردستاندا چۆن و بە چ شێوەیەک بیر لە کارکردنی میدیا و میدیاوانان دەکاتەوە؟ بەپێی چ سیستمێکی سیاسیی و میدیایی بەرخورد لەگەڵ ئازادییە گشتییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی ھاوڵاتیان لەدەستگەیشتنیان بە سەرچاوەکانی زانیارییدا دەکات؟ ئایا ئەو پەیوەندییە ھەنوکەییەی لەنێوان دەستەڵات و میدیای کوردییدا دروستبووە، راستەوانە و پیشەوەرانەیە یاخود پێچەوانە و بەرژەوەندییخوازانەیە؟

ئەگەرچی ئەو پرسیارە فەلسەفییانە دەبوو زۆر پێشتر لە "پڕۆژەیاسای دەستووری ھەرێمی کوردستاندا" بەشێوەیەکی بنبڕ و یەکلاکەرەوە وەڵام بدرانایەتەوە، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و گرنگە دەستوورێکی ھاوچەرخ بنووسرێت و بکرێتە بنەما و بنچینەی داڕشتنی ھەر پڕۆژەیاسایەکی نوێ، تاوەکو دواتر ئاسانتر و سروشتییتر ناوەڕۆکەکەی لەلایەن خەڵک و حکومەتەوە جێبەجێ بکرێت.

بەجۆرێک وەڵامدەرەوەی واقیعی ژیانی رۆژانەی تاکەکان و ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنیان بێت، چونکە ئەگەرچی ھەبوونی یاسا لەنەبوونی باشترە، بەڵام یاسایەکیش کە بە پلان و بەرنامە، ویست و خواستی جێبەجێکردنی لەبار ببرێت، گونجاوترە بیر لە ھەموارکردنەوەی یاخود لەجێگرەوەیەکی لەبارتری بکرێتەوە. بۆنموونە، بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی تاکەکان بۆ ھەستکردن بە گرنگیی رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە پاشاگەردانیی و کارکردن بە "یاسای دارستان" و لێکەوتەکانی!




AM:04:19:03/09/2020