بەرەڵایی دەربڕین و پێویستیی سنوردارکردنی
شوان ئادەم ئەیڤەس

لە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا، بە بەرنامە کار لەسەر بنکۆڵکردن و داتەپاندنی پایەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی دەکرێت، بەئامانجی ھەرچی زیاتر بێبەھاکردنی سیستمی دیموکراسیی و شێواندندنی ھەقیقەتی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییان لەسەر دیاردە و دەرکەوتە نەشیاوەکانی کۆمەڵگە.


لە نێوان ئازادیی دەربڕین و بەرەڵایی دەربڕییندا، تاڵە دەزووییەکی باریک ھەیە کە دەزگا حزبیی و سیخوڕییەکان و بەرپرسەکانیان بە بەرنامە کار لەسەر پساندنی ئەو تاڵە دەزووە دەکەن، بەمەبەستی ھەرچی زووتر تێکەڵاوکردن و یەکخستنی ھەموو دەنگ و رەنگەکان لەبۆتەی "راگەیاندنی کوردی"یدا. راگەیاندنێک کە دەیانەوێت ناسنامە و گوتارێکی ھاوبەشی نیشتمانیی کارکردنی نەبێت و دوای شەپۆلی گرێی دەروونیی پارەدار، ھێزی چەکدار و مافیای بڕیاربەدەستان بکەوێت.


بڕیاربەدەستێک کە ھیچ باکی بەتێکچوونی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، شیرازەی خێزان، پەیوەندییەکان و ژیانی تایبەتیی کەسەکان نییە، چونکە نە خۆی و نە "خێزان"ەکەیشی لە خەمی بەھا مرۆییەکاندا نین. ئەو بەھایانەی کە دەبوو راگەیاندنێکی پیشەیی، "راستی" لە "درۆ" و "دادپەروەری" لە "نادادپەروەری" و "ھەقیقەت" لە "وەھم" و "قوربانی" لە "جەلاد"ی جیابکردایەتەوە، نەک بەجۆرێک بیانشێوێنێت کە نەناسرێنەوە. ئەوان ئامادەن پێشوازیی و دەستگیرۆیی مادیی و مەعنەویی لە "ھونەرمەند"ێک بکەن کە ھەموو بەرھەم و ئاواز و گۆرانییەکی لەسەر سووککردنی نەتەوە و سوکایەتیپێکردنی نەوەکانی بێت، بەڵام ئامادەنین پشتگیریی بچووکترین پرۆژە بۆ زیندووکردنەوەی کولتور و کەلەپوری نەتەوەیی بکەن.


کولتور و کەلەپوری کوردی، رۆژانە بەدەست شۆڤێنییەتی "سینەما و دراما"ی ئامانجداری تورکی، عەرەبیی و فارسییەوە بێنرخ دەکرێت و بەرپرس و دامەزراوەیەکی کولتوریی کوردییش نییە لەسەری بەدەنگ بێت و سنورێکی بۆ دابنێت. 


ھەفتانە دەیان و سەدان زانیاریی و ھەواڵ و پرۆگرامی نائیتیکیی و نایاسایی پەخش و بڵاودەکرێنەوە، بەبێئەوەی لەبەرانبەریاندا ھیچ رێوشوێنێک بگیرێتەبەر و کەسێکیش لە گوڵ کاڵتری پێبوترێت. مانگانە دەیان تەلەڤزیۆن و کەناڵی جۆربەجۆری راگەیاندن دادەمەزرێن، بەبێئەوەی کەس لەسەرچاوەی داھات و ئامانج و گوتاری میدیاییان بپرسێتەوە. ھەموو ئەمانەش پشتبەستوون بەبەرنامەیەکی بیرلێکراوە کە ئامانج لێی یەکخستن و نەھێشتنی جیاوازییە لەنێوان "پیشەیی" و "ناپیشەیی" کارکردنی راگەیاندن و رۆژنامەوانییدا.


ھەر لەو سۆنگەیەوە و لە رونگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی پیشەیی، ئێمە لە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی "چمک" بەھاوبەشیی لەگەڵ چەند پسپۆڕ و ئەکادیمییەکی دیکەدا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ گەڵاڵەکردنی "پرۆژە پێشنیازی ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری"، بەئامانجی ھەرچی زیاتر رێکخستنی چوارچێوەی یاسایی و چاودێرییکردنی پیشەیی پەیامەکانی راگەیاندن و کارکردنی پیشەی رۆژنامەگەرییە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئەم پیشەیە و بەھا نیشتمانییەکانی کوردستان. 


ئەم ئەنجومەنە زۆر گرنگە دوو رۆڵی سەرەکیی ھەبێت: یەکەم، رێکخستنەوەی یاسایی ئەو بوارانەی راگەیاندنی کوردیی کە ھێشتا چوارچێوەیەکی یاساییان نییە و دەقی یاساییان لەسەر نییە. بۆنمونە رێکخستنی راگەیاندنی پەخشکراو و ئەلکترۆنی، رێکخستنی دیجیتەڵمیدیا و خراپبەکارنەھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی مافی دانەر، پاراستنی مافی تایبەتمەندێتی و دەستوەردانی بێپاساوی راگەیاندن بۆ نێو ژیانی تایبەتی کەسەکان، رێکخستنی ریکلام و بازاڕسازیی بۆ شمەکی بازرگانیی و چەندین پرۆژە یاسای دیکە. دووەم، چاودێرییکردنی ناوەڕۆکی ئەو پەیامانەی لە راگەیاندنەکاندا پەخش و بڵاودەکرێنەوە، بەئامانجی ھۆشیارکردنەوەی خاوەن و بەرھەمھێنەرانی راگەیاندن لەلادانی یاسایی و پیشەیی پەیامەکانیان.
ھەڵبەت وێڕای پێداگریی بەردەوام لەسەر پێویستیی ھەبوونی جۆرە پرۆژەیەکی لەوشێوەیە بۆ رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندنی کوردی، ترس و نیگەرانیی خۆیشمان ناشارینەوە لەوەی دواتر ناوەڕۆکی پرۆژەکە ھاوشێوەی «ئەنجومەنی باڵای خانمان» و «کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان» بەلاڕێدا ببرێت و بەپێی پشکی حزبەکان، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی «ئەنجومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری»یش دابەش بکرێن و بکرێتە ئامرازێک بۆ زیاتر سنوردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەوانی. لەبەرئەوەی ئەمجۆرە ئەنجومەنانە لەوڵاتانی پێشکەوتوودا، لەپێناو دوو ئامانجی سەرەکییدا دروستدەکرێن:
یەکەمیان، گەڵاڵەکردنی رستێک رێسای پیشەییە کە کۆی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی دەبنە ئەندامی، پێوەی پابەندبن و بەھۆیەوە ببنە خاوەن گوتارێکی پیشەیی بەرپرسیار لەمامەڵەکردن لەپرسەکانی تیرۆریزم، راسیزم، سێکسیزم، ھۆمۆفۆبیا، منداڵان، ژنان و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان، بەتایبەت لەسەروەختی قەیران و ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا. ھاوکات چاودێرییکردنی ناوەڕۆکی پەیامی راگەیاندنەکان لەرووی پێشێلکردنی رێسا پیشەییەکان و ئەنجامدانی تاوانەکانی بڵاوکردنەوەوە.


دووەم، بەرفراوانکردنی سنورەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەکانی زانیاری، بەشێوەیەکی چوونیەک و یەکسان. بەتایبەت ئێستا و پێشتریش لەکاتی قەیرانەکان و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستاندا، بنەما یاساییەکان و پێوەرە پیشەییەکان زیاتر پێشێل دەکرێن، چونکە زۆرینەی راگەیاندنەکانی ئێستا لەلایەن حزبەکانەوە ھاوکاریی دەکرێن و حزبەکانیش لەوکاتانەدا بۆ بەرگرییکردن لەخۆیان، زۆرجار راگەیاندن دەکەنە قوربانیی و بەخراپیی بەکاریدەھێنن.


دوابەدوای پێکھێنانی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت، ئەرکی ھەنوکەیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە سنورێک بۆ نابەرپرسیاریی راگەیاندنی کوردیی و ناپیشەییبوونی راگەیاندنکار و پەیامەکانیان دابنێن. بەجۆرێک رێگربن لەوەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان لەوە زیاتر ببنە قوربانیی نەشارەزایی و پلانی ئامانجداری ئایدۆلۆژیی و شۆڤینیی ناوخۆیی و دەرەکیی چەکی دووسەرەی ھێزێکی نەرمی وەک راگەیاندن بۆ زیاتر سنوردارکردنی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەوانیی لەرێی بازاڕسازیی بۆ بەرەڵایی دەربڕین و شێواندنی رەخنە و جێگرتنەوەی بەجنێو و تۆمەت و ناوزڕاندن.




NRT
AM:02:36:05/10/2019