كۆچی ڕۆژنامەنووسان بۆچی؟
هێمن گۆپتەپەیی
رۆژنامەنووسیی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە پیشە و کارەکانی تر سەخترە و لە هەموو ئەو پیشانەی تر زیاتر رووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رۆژنامەنووسان لە هەرێم دەست بۆ کەیسی سیاسیی و گەندەڵیی دەبەن و دەی ورژێن، لەمەشدا قوربانییەکی زۆر دەدەن، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی هیچ پشتیوانییەکی قانوونیی و دەستوریان نییە، ئەگەر هەشیابێت دەسەڵاتداران بە زبری هێز قانوونەکان پێشلدەکەن!.

لە هەرێمی كوردستان كاری رۆژنامەنووسیی ئازاد، چەند بەرامبەر قورسترە لە كاری رۆژنامەنوسیی گوێڕایەڵی حیزب و نووسەری بنەماڵە و کە بە ئەواندا هەڵدەدەن. 
ئاشكرایە رۆژنامەنووسی ئازاد، بە هەڵوێستەکانی لە پێناو ئازادیی و دەرخستنی راستییەكان کە رەخنە لە سیاسییەکان و گەندەڵکاران دەگرن، دواتر چارەنووسیان بە "هەڕەشە، لێدان، رفاندن و کوشتن" گەیشتووە و نموونەی زۆریش هەن لەوانە "سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانیی، سەردەشت عوسمان، ویداد حسین.....هتد".

كوشتنی رۆژنامەنووسان بەردەوام دەبێت! هەتا ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتی و حكومڕانیی لەبنەڕەتەوە گۆڕانیی بەسەر دانەهێندرێت. 
دەبێت حیزب و حكومەت لە خزمەت هاوڵاتیدابن، نەوەك بە پێچەوانەوە، لە ئێستادا ئەوەی دەگوزەرێت لەم نیشتمانە ئەگەر بێت و دەسەڵاتداران بەرژەوەندییان بكەوێتە مەترسییەوە ئامادەن بۆ پاراستنی خۆیان پلەوپایە و دەسەڵاتیان بە كۆشتنی رۆژنامەنووسان كۆتایی بە مەترسییەكەی سەر خۆیان بهێن.

بۆیە دەبێ سیاسیی نوێ و حیزبی نوێ بێنە سەر حوکم، بۆ ئەوەی ئەم گەلە لە ناخۆشی و نیزاع رزگار بکەین و بە ئازادیی قسە بکەن و بە ئازادیش بنووسین.
 لە هەرێمی کوردستان دوو جۆرە کۆچی رۆژنامەنووسان هەیە، کۆچێکیان بە تیرۆکردنە لە لایەن دەسەڵاتدارنەوە و دەکوژرێن و کۆچێکیان هەیە بۆ دەرەوەی وڵات بە هۆی ئەو پێشلکاریانەی بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان دەکرێت، ناهێڵدرێت کاری پیشەیی رۆژنامەنووسیی خۆیان بە ئازادیی بکەن، هەر بۆیە ناچار کۆچ دەکەن بۆ دەروەی وڵات بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لە تیرۆر کردن، چونکە لانیکەم ئازادیی بیروڕا لەوێ پارێزراوە هەتا بۆ ئەوەی بتوانن کاری پیشەیی رۆژنامەنووسی خۆیان بە باشی بکەن.

 ئەوەی وایكرد، پەلكێشم بكات بۆ نووسینی ئەم بابەتە پۆستی هاوڕی و هاوپیشەم (هێدی قادر) رۆژنامەنووسی شاری کۆیە بابەتێکی نووسی بووی بەناوی "من بۆ رۆیشتم" لەبەر گرینكی و هەستیاریی بابەتەكە بەشێك لە پۆستەكەی دادەدەنێم:- من بۆ رۆیشتم؟؟ کوا به‌ خۆشی خۆم به‌جێ دێڵم وڵاتی خۆشه‌ویستم من له‌ ترسی زلـله‌ و باتووم و دار و شه‌ق هه‌ڵاتم کێ حەز دەکا وڵاتی خۆی جێ بێڵێ، گەر بهێڵن بەخۆشی لەوێ بژی؟ کێ حەز دەکا دایکی جێ بێڵێ گەر لێی گەرێن؟ کێ حەز دەکا خۆشەویستەکەی جێ بێڵێ گەر بهێڵن لە وڵاتەکەی خۆی بژی؟ بەس ناهێڵن کاکە ناهێڵن! چەتە و مافیاکانی وڵات ناهێڵن! باشە من سەیرم لێ دێ چۆن دڵیان دێ کەسێک بکوژن، کە قسەی حەق دەکات ناچارین بەجێی بهێڵین، چونکە دەزانین دواتر لە کۆڵانێکی چۆڵا ئەم خوێنەی ۲۳ ساڵە دایکێک و باوکێکی پیر هەوڵی لەگەڵ دەدەن و بەخێوی دەکەن و گەورەی دەکەن دەیڕژێن!.

 جەرگی دەکەن بە پشکۆ و کەیسەکایشی وەک ئەوانەی سۆرانی مامەحەمە و زەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیی و هاوپیشەکانی ترمان تۆزی لەسەر دەنیشێت، جا بۆ ئەوەی بنووسین و حەقیقەت روون بکەینەوە، دەبێ بمێنین نابێ بهێڵین ئاوا بەئاسانی بمانکوژن و کپمان بکەنەوە و بزرمان بکەن.

NRT

AM:01:51:19/02/2018