خواستی یەكسانبوونەوەی ژن و پیاو
شنە بەرزنجی
یەكسانی و یەكسانبوونەوە لەگەڵ پیاو تەنیا خواست و دروشم نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی مێژوویی خەبات بۆ كراوە، ئەگەرچی بزووتنەوەی ژنان بەشێوەیەكی گشتی سەركەوتوو نەبووە بەهۆی دەیان هۆكاری ناوخۆیی و كولتووری و بەهێزیی كۆمەڵگای خێڵەكی و پیاوسالارییەوە.

لە هەرێمی كوردستان و لە دوای راپەڕینەوە ژنان و رێكخراوەكانیان چالاكتر هاتوونەتە مەیدانی كاركردنەوە، بەڵام بەهۆی بوونی هێز و دەستی حزبەكانەوە لەپشتیان فۆرمی خەباتكردنەكەیان بەتەواوی ژنانە نەبووە، بەڵكو هەژموونی سیاسەتی پیاوانەی حزبەكانی لەسەر بووە، ئەمە سەرەڕای بوونی دژە بزووتنەوەیەكی ئازادانەی ژن كە بەناوی ئایینەوە رەواجی پێدراوە.

یەكسانبوونەوەی ژن و پیاو تەنیا لە مافدا نییە و نابێت، بەڵكو لە رەخساندنی دەرفەتی وەك یەكی و شان دانە بەر ئەركە قورسەكانیشە، لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و خۆ نەدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە گرنگەكان، بۆ ئەوەش ئەمە بێتەدی پێویستە ژنان توانای زیاتری خۆیان بخەنەگەڕ و ئامادەبن باج و قوربانی بۆ بدەن.

ئەوەی بۆ هێنانەدی یەكسانی پێویستە تەنیا ناچاركردنی پیاو نییە بەپێدانەوەی مافەكانی ژنان، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوەیە بەشێوازی كاركردنی رێكخراوەكانی ژنان، ئامادەیی زیاتری چالاكوانانی ژنان و مافەكانی مرۆڤ و پیاوە ئازادیخوازەكان و كاراكردنی نوێنەرایەتییەكانی ژنان لە پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كاریگەریی زیاتر دروستبكەن و بەو هۆیەشەوە ژنان زیاتر لە بەدەستهێنانی مافەكانیان نزیك ببنەوە.

یەكێك لەو بوار و میكانیزمانەوەی بۆ سەركەوتنی خەباتی ژنان پێویستە بریتییە لە راگەیاندن، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە ژنان تەنیا راگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەبێت، بەڵكو زیاتر ئەوە باشترە كە ژنان لەو بوارەدا وزەی زیاتر خەرج بكەن و ئازایانە بەشداری بواری راگەیاندن و چالاكییەكانی بكەن.

بۆ ئەوەش لە هەرێمی كوردستان تائەندازەیەك دەرفەت رەخساوە بۆ ئەوەی ژنان ببنە راگەیاندكار، هەروەها لە بواری كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەشداری بكەن و ببنە خاوەن كەسێتی و بۆچوونی خۆیان.

بزووتنەوەی ژنان لە كوردستان لەبەردەم بەربەستی گەورەدایە بۆ گەیشتن بە مافەكانی ژنان، بەڵام شتی زۆریشی كردووە و بەبۆچوونی من دوو تێبینی گرنگ هەیە كە رۆڵی باشی دەبێت بۆ زیاتر پێشكەوتنی:

یەكەم: سەربەخۆیانە كاركردن و دەرچوون لەژێر هەیمەنەی پیاو و بیركردنەوەی پیاوانە.
دووەم: یەكگرتوویی و كاركردنی هاوبەشی نێوان رێكخراوەكانی ژنان بۆ ئەوەی هێزی فشار ژنان زیاتر كاریگەر هەبێت.

مه‌وداپرێس 

AM:05:30:21/02/2018