سیستمی پەرلەمانی: چەند سەرنجێکی سەرەتایی
سه‌ردار عه‌زیز
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەردەمانێکی زۆر سەروەر یەک بووە. ئەم تاکێتییەی سەروەر هەتا سەردەمی مۆدێرنە درێژەی هەیە. بەڵام لەوەودوا وردە وردە لە یەکەوە دەبێتە یەکە. مەبەستمان لە یەکە ئەوەیە کە ئەم یەکە پەرت دەبێت، بەڵام بەش نابێت، بە جۆرێک کە بێ پەیوەندی و لە یەک جودا بن.

ئەم پەرتبوونە و پاشان یەکبوونە لە حوکمڕانیدا نییە، بەڵکوو لە سوڵتەدایە. سوڵتە جیاوازە لە دەسەڵات. چونکە هەموو پێکەوە حوکم دەکەن. چۆنێتیی داڕشتنی ئەم میکانیزمە پەیوەستە بە جۆری سیستمی سیاسییەوە. هەموو ئەمانە دەبێت لە دەستووردا چەسپا بێت.

لێرەدا زیاتر جەخت لە سەر جۆری سیستمی سیاسی دەکەم، لەبەر ئەوەی کە لە کوردستاندا ئەمڕۆ ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕە. لە میانەی ئەم مشتومڕەدا دوو جۆر لە سیستمی سیاسی لە ئارادایە: سیستمی پەرلەمانی لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی. بە فەرمی هەرێمی کوردستان ناتوانێت خاوەن سیستمی سەرۆکایەتی بێت، چونکە هەرێم خاوەن سەروەری نیە، بۆیە دەبێت هەمان سیستمی سیاسیی عێراقی هەبێت.

گەرچی سیستمی پەرلەمانی ئەوەیە کە باسی لێوە دەکرێت، بەڵام داڕشتنی ئەم سیستمە لەژێر هەنتەلۆژیی سیستمی سەرۆکایەتیدایە، ئەگەر درێدایانە قسە بکەین. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان ناو و ناوەڕۆک وەها دەکات کە پێویست بکات زیاتر باس لە چییەتی سیستمی پەرلەمانی بکەین بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزییە کەمێک کەم بێتەوە.

سیستمی پەرلەمانی گونجاوە یان باشترە لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم، وەک لە سەرەوە باسمان کرد کاتێک سوڵتەکان جیاوازن بەڵام پەیوەستن، گرنگترین بنەما لێرەدا ئەوەیە کە چۆن هەریەک لەم سوڵتانە نەکەونە نەیارێتی و کێبڕکێ و ململانێ لەگەڵ یەکتردا لەناو کایەی حکومڕانیدا. سیستمی پەرلەمانی هەتا ئاستێکی باش ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات، بەوەی تەنها پەرلەمانە کە شەرعیەت لە خەڵکەوە وەردەگرێت. بەڵام ئەگەر هاتوو بۆ نموونە سەرۆکیش شەرعیەتی لە خەڵکەوە وەرگرت ئەوا کێبڕکێ و کێشە درووست دەبێت لە چۆنێتی ڕاکێشانی خەڵک.

دووەم، لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا توخمەکانی سیاسەت تیایدا بەرهەم نەهاتووە، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت یان ئەگەری ئەوەی هەیە کە پانتاییەک بێت کە تیایدا ئەم توخمانەی سیاسەتکردن تیایدا بێتە ئاراوە، وەک پارتی سیاسی، نوخبەی سیاسی، دەزگاییبوونی ئەم توخمانە و هەروەها حوکمکردن لە ڕێگای یاساوە.

سێیەم، کۆمەڵگای کوردستان، وەک زۆر کۆمەڵگای تری دونیای سێ خاوەن پاشخانێکی نادیموکراتییە، سیستمی سەرۆکایەتی، مەترسیی ئەوە درووست دەکات کە نەتوانێت لە بنەماکانی ڕابردوو ڕزگاری بێت. دیارە کۆمەڵگای کوردستانی لە قۆناغی دیموکراتیزەیشندایە، هێشتا نەبووە بە دیموکراسی. قۆناغی یەکەمی دیموکراتیزەیشن ڕاگوزەرییە. ئەم قۆناغە بەوە دەناسرێتەوە کە بەها کۆنەکان لەگەڵ بەها نوێکاندا لە ململانێدا دەبن. بۆیە بە گشتی قۆناغێکە کە جۆلانێ دەکات لە نێوان بەها دیموکراسی و بەها نادیموکراسییەکاندا.

چوارهەم، سیستمی پەرلەمانی بنەمای ئەوە دادەڕێژێت کە وەرچەرخان ڕوو بدات لە حوکمداری بە توندوتیژی و هێز بۆ حوکمداری بە ئارگومێنت. ئەم وەرچەرخانە بە ئاسانی ڕوو نادات، بەڵام تەنها شێوازی حوکمداری مەدەنییە. لێرەدا جۆر و چۆنێتیی پێکهاتەی پەرلەمان شێوازی ئەنجامدانی دیبەیت دادەڕێژێت. بۆ نموونە دیبەیت لە نێوان سیستمی بەریتانی و سیستمی ئەڵمانیدا لەناو پەرلەماندا جیاوازە.

پێنجەم، وەک مێژووی پاش جەنگی سارد پێمان دەڵێت، گەرجی ئەمەریکا هێزی باڵایە لە دونیادا، بەڵام ئەمەریکا سیستمی سەرۆکایەتیی خۆی بە دونیادا بڵاو ناکاتەوە، بەڵکوو زیاتر پشتیوانیی سیستمی پەرلەمانییە. لە ڕاستیدا سیستمی ئەمەریکی وەها داڕێژراوە کە کەس تیایدا نەتوانێت ببێتە خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە.

سەرباری بوونی ئەم لایەنە باشانە سیستمی پەرلەمانی وەک هەر سیستمێکی تر پێویستی بەوەیە کە قوڵتر بیری لێ بکرێتەوە، بە ئاگا بین لە لایەنە نێگەتیڤەکانی لەگەڵ زەمینەسازان بۆ فەراهەمبوونی.


میلله‌ت پرێس 

AM:06:28:28/05/2019