هەڵكشانی تاوان و ئەركی میدیاو لایەنە پەیوەندیدارەكان.....
لەتیف حسێن
بەداخەوە لەم چەند رۆژەی رابردوودا كۆمەڵگەو ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئێمە كەوتۆتە بەر هەڕەشەو مەترسییەكی جددی، كە دەرئەنجامی هەموو ئەو قەیران و ناكۆكی و ململانێ سیاسی و حزباییانەی كە بێ‌ گوێدانە دەرئەنجامە نزیك مەوداو دوورمەوداكانی درێژەیان كێشاو تا ئەم ساتە وەختەش بێباكییەكی زۆر لە ئاستیاندا لەلایەن حكومەتەوە بەدیدەكرێت و نەیتوانیوە پلانێكی هەمە لایەنەو جددی هەبێت بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە هەڵاوسانی رێژەی تاوانەكان و زیاتر بوونیان، نەیانتوانیوە ئەو ژینگە نالەبارە لەناوبەرن كە مرۆڤی ئێمەی لە مرۆڤێكی ئاساییەوە كردۆتە دڕندەو تاوانی مەترسیدار ئەنجام دەدەن، هەموو بەرەنگاربوونەوەو بەرنامەكانیان سپاردووە بە لایەنە ئەمنییەكان و هەموو ئەركەكانیان خستۆتە سەر شانی ئەوان، لەكاتێكدا ئەوە دەزانین كە لایەنە ئەمنییەكان بە ئاسایش و پۆلیسەوە، هەموومان قەرزارباریانین بەوەی كە هەمیشە ئەركەكانی خۆیان بە زیادیشەوە بەجێهێناوە، بەڵام ناكرێت حكومەت تەنهاو تەنها پشتی بەوە قایم بێت كە برایان ئاسایش و پۆلیس لە كوردستان چاویان كراوەیەو خەڵك دەپارێزن، چونكە تاوان تەنها گرتن و نیشاندانیان لەسەر تیڤییەكان بنەبڕ ناكرێت و چارەسەر ناكرێت، تەنها بەوە چارەسەر ناكرێت كە زیندانەكان پڕ بكرێن لەتاوانباران و پاشان بە تاوانی زیاتریشەوە بێنەوە ناو كۆمەڵگە.....

ئەگەرچی ماوەیەكی زۆرە ئێمەمانان هۆشداری تەواومان لەرێگەی جیاوازەوە بڵاوكردبۆوەو ئەوەمان خستبوەڕوو كە چارەسەر نەكرددنی قەیرانی دارایی و بەردەوام هێشتنەوە ناكۆكی حزبی و بەرژەوەندی حزبی و زۆر هۆكاری تر كە بە چارەسەر نەكراوی دەیهێڵنەوە لە دواڕژدا كاریگەری خراپی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئێمە دروست دەكات، بەتایبەتی لە پاش 2014، كە بەداخەوە ژینگەیەك خوڵقا كەشێكی تەواوی رەخساند كە ماكەكانی تاوان و تاوانكاری بەئاسانی بێتە دەستی ئەوانەی كە مەیلی تاوانكارییان تێدایەو ژینگەش بۆیان لەبار بووە...

ئەمە سەرباری ئەوەی كە لایەنی پەروەردەیی و دووركەوتنەوە لە بنەماو بەهاو پێوەرەكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەی كوردەواری و زۆر هۆكاری تر بوونە هۆی ئەوەی بەتەواوەتی ئەو ژینگە خراپەی كە مەترسی لەسەر تاك بەتاكی ئێمە دروست دەكات فەراهەمەو نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت، هەربۆیە لەم ماوەیی رابردوودا تاوانەكانی دژ بە تاك، تاوانەكانی دژ بە دامودەزگای دەوڵەتی، تاوانەكانی دژ بە كۆمەڵگە لەناو ئێمەدا پەرەیان سەندووە، لەگەڵ ئەوەی بەداخەوە میدیاش نەیتوانیوە رۆڵی ئەرێنیانە لەمبارەدا ببینێ‌ و هۆكاربێت بۆ ئەوەی لایەنە پێویستەكانی روون بكاتەوەو خەڵك هۆشیاربكاتەوەو دەسەڵاتیش ناچار بە بەخۆكەوتن بكات و لەو بێباكییە بیهێنێتەدەر، لەبری ئەمانە تا ئەم ساتەش كەوۆتە داوای هەواڵ و كاری میدیایی سەرنجڕاێش و ترشوخوێكردنی تاوان رووداوەكان و وردەكاری هەموو تەكنیكەكانی تاوانیان بۆ خەڵك ئەوانەش خستۆتەڕوو كە نیازیانە تاوان بكەن...

بۆ ئەمە پێویستە بەهەموو لایەكمان، وەك رۆژنامەنووس و میدیاكار بایەخی جددی بدەین بەوەی:
1- كار بكەین كە حكومەت و دەسەڵات تەنها پشت بەوە نەبەستێ‌ كە برایانی ئاسایش و پۆلیس ئەنجامی دەدەن و شەو رۆژیان لەسەر یەك داناوە سەروماڵی خەڵك دەپارێزن، بۆیە ناكرێت هەموو ئەركەكە بخرێتە سەر شانی ئەوان و تاوانباران دەستگیربكەن و رێگە لەتاوانی تریش بگرن، چونكە ئەگەر هاوكاری هەماهەنگی حكومەت لەلایەنەكانی ترەوە لەگەڵیان نەبێت، ئەوان ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن و پێویستیان بە دەستگیڕۆیی هەیە تا بتوانرێت هەوڵ و ئەركیان بە فێرۆ نەڕوات..

2- بایەخی تەواو بدرێت بە توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی و لەئێستاوە حكومەت هەوڵ بدات سەنتەرێكی توێژینەوەی بەپەلە دروست بكات، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەرێگەی ئەم سەنتەرەوە تەواوی هۆكارو چارەسەرو پێشنیارەكان بخاتەڕوو تا ئاسانتر حكومەت دەستی بە چارەسەری ئەم دۆخە بگات..

3- میدیا ئەو رۆڵەی ئێستا دەیبینێت بتوانێت باشتری بكات و ئەو شێوازە لە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان و تاوان و تاوانكارەكان گۆڕانكاری تێدا بكات بەجۆرێك ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی متمانەی زیاتری بە ژیان هەبێت و لە ئەركی هێزە ئەمنییەكان زیاتر تێ‌ بگات، نەك ببنەهۆی دڵەڕواكێ‌ و بۆ خەڵكی و پێویستیشە دووربكەونەوە لە نیشاندان و قسەكردن لەسەر وردەكاری تاوان بەتایبەتی ئەو تاوانانەی دژ بە تاك ئەنجام دەدرێت و هەوڵ بدرێت لە رێگەی كەسانی شارەزای جیاجیای بوارەكان شیكاری ورد بكرێت و پێشنیازو چارەسەر بخەنەڕوو...

4- لەناو زیندانەكاندا گرنگی زیاتر بە رۆڵی توێژەران بدرێت و لە رووی ژمارەو ئیمكانیاتەوە هاوكاری تەواو بكرێن بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی راستەقینانە زیندانەكان ببنە شوێنی چاكسازی و ئەو كەسانەی دێنەدەرو تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەبنەوە چاكسازیان تێدا كرابێـ نەك خەڵكی تریش تووشی تاوان بكەن.

5- حكومەت و حزبەكان نابێت هەموو ئەو رووداوو تاوانانەی لەم وڵاتە ئەنجام دەدرێن لە میدیاكانەوە دەیبیننن تەنها وەك هەواڵ مامەڵەی لەگەڵدا بكەن یان خەڵكی بۆیان باس بكەن، بەڵكو دەبێت بتوانن زیاتر هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن، بەرنامەو پلانی وردو پێویستیان لە رووی كۆمەڵایەتی ئابوورییەوە هەبێت و ژینگەی تاوان و تاوانكاری لەناو ببەن و نائومێدی بێكاری گەنان و خەڵك نایدە نەگرن..

6- لایەنی یاسایی پێ,یستە زیاتر بایەخی پێ بدرێت و یاسا وەك خۆیی و بە بێ‌ جیاوازی و وەك یەكی جێبەجێ بكرێت و ئەو تاوانانەی پێویستە یاسا سزای بدات، پێویستە رۆڵی تیا بگێڕێت، چونكە هەمووان دەزانین پتەو بوونی یاسا واتە پتەوبوونی لایەنی كۆمەڵایەتی وئ اسایشی كۆمەلایەتی چونكە ئامانجی خودی یاسا بەدیهێنانی ئامانجێكی كۆمەلایەتی لەپشتە...

بەرەنگاربوونەوەو رێگریكردن لە هەڵاَكشانی زیاترو نەهێشتنی مەترسیەكان ئەركی هەموومانەو هەر یەك لای خۆیەوە با دەست پێبكات، چونكە هۆكارەكانی پشت ئەم ژینگەیەو تاوانەكان جۆراوجۆرن و بەهەموومان دەتوانین بەهاو پێوەرو رەوشتە بەرزو جوانەكانی كۆمەڵگەو خۆپاراستن و هۆشیاری خەڵكی زیندووبكەینەوەو هەموومان رۆڵمان هەبێت....

فه‌یسبوك 

AM:05:55:07/04/2019