من نادییه‌ مورادم
نادیەموراد

دەقی وتاری "نادیەموراد" لە مەڕاسیمی وەرگرتنی خەڵاتی نوبێڵ



ناویان داعش بوو، هاتبوون تا ئێمە بەرەو جەهەنەم ببەن و خۆیانیش یەكسەر بەرەو بەهەشت بڕون! بانگهێشتنامەكەیان لە دەستی چەپیاندا بوو و بە پەنجەی شایەتمانی ڕاستیان، ئاسمانیان پیشان دەدا!

دایكم بۆ سێكسی شەرعی زۆر پیر بوو، تامی حورییە بەهەشتییەكانی نەدەدا، ئەویان كوشت، خوشكە چكۆلەكەمیان وەك بەرخۆلەیەك هێشتەوە، ئەو پاك و خاوێن بوو، هەروەك مریەم، كەمێك بێگوناح و داماوتر، نەختێك كوردتر، هەروەك ئاوی ڕوون، خوشكەكەم دەبوایە ژن و كەنیزەی "ئەمیرە گەورە" دەبوو!

خودا شایەتدەرە ئێمە چەكمان پێ نەبوو، سروودی "خوایە وەتەن"مان دەخوێندەوە! خوا شایەتدەرە ئێمە ئنجانەی گوڵەكانمان ئاودەدێرا و خۆڵەكانیمان دەگۆڕا! خودا شایەتدەرە باوكمیان بەدووبەشی نابەرانبەر دابەش كرد، سەریان بۆ نیشتیمان بەجێهێشت و جەستەیان لەژێر خاكدا شاردەوە تا ببێتە نەوت! خوا شایەتدەرە برا بچوكەكەمیان بە ڕووتی لەبەر هەتاودا هێشتەوە و ئەویان فێری شایەتمان دەكرد، دەبوایا بیگووتایا "اللە" گەورەترە! خوا شایەتدەرە ئەویان لە تینویەتیدا گیانی سپارد! خوا شایەتدەرە كەسانێكی ڕەشپۆش بوون، خەڵكانێك لە سەردەمی بەرد و ئاگر بوون و ئێمە زمانیان تێ نەدەگەیشتین، بەڵام ڕەفتار و كردەوەكانیان لە پیاوانێك ڕیش درێژ و بێ مێشك، بیروباوەڕی سەخت! كە ناویان دووپشك، مارمێلكە، كوللە بوو، وەدەر دەخست، ئەوان لەشكرێك لە بۆگەنی لە بیروباوەرەكانیاندا بوون.

ئەوان هاتن، هیواكانی منیان كوشت، ئەوان منیان غەنیمە بانگ لێوە دەكرد و دەزانی! ئەوكاتانە چیتر من "نادیا" نەبووم، ئەو ڕۆژە كچێك بووم بە ڕوحیەیەكی بریندار كە لە هەنسكەكانم خوێن دەچۆڕا، ئەو ڕۆژانە مۆنستێرێكی جوان بووم كە لەگەڵ جیهاندا پەیوەندیم پچڕاندبوو، لە مندا مرۆڤبوون مردبوو و جەستەیەك بووم كە تەنانەت مۆمیای هەزارساڵەی ئەویش بایەخی نەبوو، ئەو ڕۆژە مەرگێك بووم لە ڕۆحێكدا! لەپاش ئەوە ژنێك دەمرد، ژنێك سكپڕ دەبوو، ژنێك خۆی دەكوشت، ژنێك خۆی دەسوتاند. ژنێك هەزاران ڕكات نوێژی جەبر(ناچارێتی) دەخوێندەوە! پاش ئەوە ژنانێك! لە چەوسانەوەییدا سكپڕ بوون، ژنانێك كە بەس ڕۆژمێرێكیان دەناسیی: ڕۆژی یەكەمی دەستدرێژكردنە سەریان و ڕۆژانی دوای دەستدرێژی كردنە سەریان.

پاش ئەوە مێژوو دابەشی دوو قۆناغ بوو: پێش لە كارەساتی ڕەش- پاش كارەساتی ڕەش! پاش ئەوە ژنان بەس شەقامێكیان ڕێ پێدەزانی، شەقامی پەیوەست بە نەخۆشانی دەرونیی! پاش ئەوە ژنان بەس ئاواز و گۆرانییەكیان دەگووتەوە: (مردن وا لە كوێی؟ ژیان كوشتمی) پاش ئەوە ژنان تابوتێك بوون و منداڵانی نێو سكیان مردووانێكی هەزار ساڵە! پاش ئەوە ژنان پەیكەرێك بوون كە لە نێوەڕاستی شاردا بۆ عیبرەتی مێژوو هەڵواسرابوون!

ئەو ڕۆژە هەوا گەرم بوو، خودا شایەت بوو، پیاوێك هات، منیی كوشت و هەمدیسانەوە دەپاڕایەوە تا هەمدیس زیندوو ببمەوە.

وەرگێرانی‌ بۆکوردی‌ یاسین نادر

AM:07:35:07/10/2018