كاتێك پرسیار تینوێتی پەرلەمانتار ناشكێنێت
رەحمان غەریب


ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، دوو ئامۆژگاری دیاری بۆ پەرلەمانتارانی حزبی دەسەڵات و ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەكۆنوسی كۆبونەوە تۆمار كرد.
ئامۆژگاری یەكەم لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن بوو داوای لێكردن "واقعی"بن، ئامۆژگاری دووهەم لە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بوو بۆ هەموو پەرلەمانتاران كە " پابەندی خۆپارێزی تەندروستی بن"
بە بێ ئەوەی باس لەناوەرۆك و شێوازی وەڵامی پرسیارەكان بكەین، تیمی حكومەت زاڵبوون بەسەر كەشی كۆبونەوەكە، بەتەكتیكی هێرش باشترین شێوازی بەرگرییە، گەمەیان كرد، لە پەرلەمانتار نارازی توررەترو بوون، هەندێ كاتیش بینەر هەستی دەكرد ۆرك شوپی فێركردنی ئەتەكێتی پرسیاركردن، یان وانەیەكە لە پەروەردی نیشتمانی، یان خولێكی خۆپارێزی تەندروستی بێت.
10 سەعات كۆبونەوە، 98 پەرلەمانتاری پرسیاركەر و 450 پرسیاری لە تیمی حكومەت، بەبێ ئەوەی لەناو ماڵی خۆیدا پەرلەمانتاری تینوو قومێك ئاو بكاتە گەروییەوە، چاوەروانی ئەوەی لێناكرێت پرسیارەكانی هەڵقوڵاوی ژیانی خەڵك بن، زۆر بێزاركەر بن بۆ تیمی حكومەت.
باسی كەمینەیەك ناكەم، كە خاوەنی هەڵوێست پرسیاری گرنگ و جەوهەرین، پرسیارەكانیان گوزارشت بوون لە ئاستی رۆشنبیری و خۆماندووكردنیان بە كێشە كەڵەكەبووكانی وڵاتەكەمان، باسم لەوانەیە كە خەیاڵیان لای دەبە ئاوەكە بوو، بیهاوێژن ؟ یان توینێتی گەروی پێ بشكێنن؟.
كە پەرلەمانتار بیرو هۆشی لەلای ئەوە نەبێت كە هاوكێشە‌و پێشاهاتە تازەكان سیاسەتی ئابوری، چ كاریگەرییەكیان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، نەك ناتوانێت داخوازی دەنگدەرانی بخاتە روو، بەڵكو نازانێت پرسیار بكات، پەرلەمانتاری كە خەیاڵی لای قەبارەی بەشداری حزبەكانیان‌ بێت لە حكومەت، بشخنكێ لە تینوێتی داوای ئاو بۆ خۆی ناكات، چ جای پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانمان.
تۆ لەناو هۆڵی پەرلمان سەر بە حزبی دەسەڵاتیت یان ئۆپۆزسیۆن، تەماشاكەریت، بیدەنگی، یان هەر خەریكی ژاوەژاو، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە فێربیت بە تینوێتی و قوڕگی ووشك پرسیار بكەیت، فێر بیت دەمامك ببەستیت پابەندی خۆپارێزی بیت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك تاڵەبانی كوڕ ئامۆژگاری كردن، كوردستانتان خۆش بوێ هانی گەنجان نەدەن كوردستان جێبهێڵن، ئۆپۆزسیۆنی "واقعی" بە، وەك بارزانی كوڕ، ئامۆژگاری كردن.
بۆ ئەوانەی دەبرێنە سەر كانی و بە تینوێتی دەگەرێنەوە، ئامۆژگارییەك مابوو: گومانی تێدا نییە كە خەیار ڕێژەیەكی زۆری ئاو لەناو پێكهاتەكەی هەیە ، بۆیە خواردنی خەیار پێش كۆبونەوەی پرساندن، وادەكات درەنگ تینوت ببێت.


AM:03:24:06/10/2020