ڕۆژنامە لە ئەمریکا ئاوایە...
لوقمان غه‌فور
سەعات ٢:٠٠ شەوی شەممە، ٦ی ئەپرڵ بوو، لەڕێگەی مۆبایلەکەمە، کورتە ھەواڵێکی ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست ھاتە سەر سکرینی مۆبایلەکەم. کاتێک لە ھەواڵەکەم ڕوانی زۆر گرنگ بوو، ھەر دەستبەجێ وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی...ھێشتا لە ھیچ کەناڵێکی ئەمریکا بڵاونەبوو بۆوە، تەنیا واشنگتۆن پۆست نەبێت. بەوەش دەزانم کە ھیچ میدیایەکی ئەمریکی بەمەی نەزانیبوو، چونکە من ئیشتراکی کۆمەڵێک سایتم ھەیە، ڕاستەوخۆ دەقیقە بە دەقیقە ھەواڵەکانم پێدەگات، نزیکە ٧ سەعات دوای واشنگتۆن پۆست لە دوو پێگەی ترەوە ھەواڵەکە گەیشتە سەر شاشەکە.

دزەکردنی ھەواڵەکە بۆ واشنگتۆن پۆست جێگەی تێڕامان نییە، چونکە میدیا زەبەڵاحەکان ئەبێت ئەو توانایەیان تێدا بێت، بەڵام گرنگی لە وردێتی ھەواڵەکەیە، کە چۆن وا بێت ڕاستگۆیی تیا لەدەستنەدرێت. ناوەڕۆکی ھەواڵەکە ئەمە بوو:
((سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە
سەرچاوەیەک لە پێنتاگۆن بۆ ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست-ی ئاشکراکردووە کە ئەمریکا بەڕەسمی سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەو پێیەی بووە بە بەشێک لە تیرۆریزمی جیھانی، دەشڵێت بۆ یەکەمیجارە لە مێژوودا واشنگتۆن سوپای وڵاتێک بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

واشنگتۆن پۆست ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە- ٨ی ئەپرل، وەزارەتی دەرەوە بەڕەسمی ئەم ھەنگاوەی واشنتۆن بەرانبەر ئێران ڕابگەیەنێت.))
من بۆ خۆم وەک ڕۆژنامەنووسێک بە گومان بووم لەوەی ھێندەی وردبینی لەم ھەواڵەدا ھەبێت کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئەپرڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕەسمی ڕایگەیەنێت. بەڵام ئەوەتا ئەم ھەواڵە ئەمڕۆ نەک میدیای ئەمریکی، میدیای ھەموو دنیای ھەژاندووە.

من قسەم لەسەر گرنگی ناوەڕۆکی ھەواڵەکە نییە، لە گۆشەیەکی ترەوە لە ھەواڵەکە ئەڕوانم کە ئەویش؛ دەستکەوتنی ھەواڵی نھێنی، ڕاستگۆیی، وردبینی. لەسەروو ئەمانەشەوە بوونی سەرچاوە لەناو دەزگایەکی گەورەی وەک پێنتاگۆن. کەواتە لەگۆشەنیگای ئەم ڕاستگۆیی و وردبینییەوەیە کە کۆمەڵگەی ئەمریکی بەتەواوی ئەکەوێتە ژێر کاریگەری میدیاکەیەوە.

دواقسەی من ئەوەیە، وێرای ئومێدم وایە میدیای کوردی بەو ئاستە بگات، لەھەمانکاتدا ھەقیشە بڵێم بەداخەوە میدیای کوردی ھێشتا زۆر زووە لەگرنگی و خێرایی ھەواڵ تێبگات، چونکە کاتێک من ئەم ھەواڵەم بە ئامادەکراوی نارد بۆ چەند سایتێک یەک دانەیان نەبێت پڵنگ ئاسا قۆستییەوەو خێرا بڵاویکردەوە، ئەوانی دیکە درەنگیان خست، ئەوە جگە لەوەی کە تا ئێستا لەبەرخۆمەوە پێئەکەنم، سایتێک ھەواڵە خۆراییەکەی منی بەھەند وەرنەگرت، دوای رۆژێک ھەواڵێکی پێگەی ڕۆیتەرز-ی وەرگرتبوو، بڵاویکردبووە. بێئەوەی درک بەوە بکات، ھەواڵ وەک ماست وایە، ئەگەر ئەو بەیانییە نەیخۆیت بۆ ڕۆژی دوایی ئەترشێت و ناخورێت.


له‌ ئه‌كاونتی‌ تایبه‌تی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

AM:02:21:09/04/2019