بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر تیمای فەلسەفەی خوێندن دەكرێت ئاوڕێك لە تێزی بیرمەندی ئەڵمانی ئیمانوێل كانت بدەینەوەكە بڕوای وابوو تەنیا لە پرۆسەی خوێندن و مەعریفیدایە كە دەتوانین هەقیقەتەكان ببینین و فێر ببین وەك تاكێكی سەربەست و بوونەوەرێكی ئەقڵانی پرسیار دروست بكەین.
قوتابی لە ژێر كاریگەری سیستەمێكی تۆكمەی خوێندن و پەروەردەدا دەتوانێت پرسیارە فەلسەفیەكان ئاڕاستەی خۆی بكات و بڵێ دەتوانم پەی بە چی ببەم لە ناو پرۆسەی فێربووندا ؟ دەتوانم چی بكەم؟ بۆ ئەوەی تاكی بیركەرەوە دروست بكەین ئەركی سیستەمی خوێندنە لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا كە قوتابی وخوێندكار ئاراستە بكات بۆ فێربوون بۆ ژیان لەبری فێربوون بۆ تێپەڕاندنی پرۆسەی تاقیكردنەوە.
هێنری ئادەمس پێی وایە كە مامۆستا ئەوەندە كاریگەرە، بۆ خۆشی نازانێت كاریگەریەكەی كەی و لە كوێدا تەواو دەبێت؟ هەر لەم سۆنگەوە مامۆستا و پەروەردەكار دەشێت تاكی دیموكرات و ئازاد بەرهەمبهێنێت، تاكێك كە گومان و پرسیار دروست بكات و بەدوای بەرسڤەكانیشیدا بەردەوام لە سۆراغدا بێت.
میتۆدی خوێندن لە كوردستاندا دەشێت بە خێرایی فۆرمی وانە وتنەوەی ” قوتابخانە رەشەكە” تێپەڕێنێت، ئەو فۆرمەی كە لە سەدەكانی ناوەراستدا لە وڵاتانی ئەوروپادا پەیرەو دەكرا كە لەسەر بنەمای ئەزبەركردن و ئاوتۆریتی مامۆستا دامەزرابوو. ئەركی سیستەمی خوێندنە قورسای بخاتە سەر وشەی زیندوو و دیالۆگ و گرنگی بەشداری و هاوبەشیكردنی قوتابی وخوێندكار بۆ ژیانی هاوبەش.
دروستكردنی نەوەیەك بە ئاگا بێت لە مافەكانی خۆی و ئامادەش بێت بۆ وەرگرتنی ئەرك و بەرپرسیاری لە داهاتوویدا، وەرچەرخانێكی بەرچاوی دەوێت لە پرۆسەی فێربووندا. ئاشكراشە دیموكراسی لە پرۆسەی فێربووندا دوو جۆر فۆرمی هەیە یەكێكیان فۆرمی دەسەڵاتە كە خوێندكار لە میانەی خوێندنیدا سێتێك لە زانست و مەعریفە دەكرێتە بیر و هزرییەوە بۆ تێپەراندنی هەنگاوە یەك لەدوای یەكەكانی خوێندن، فۆرمی دوومی دیموكراسی پرۆسەی خوێندن فۆرمی ژیانە كە فۆكسی تەواوی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی تاك هەیە وهەر لەم رێگەیەشەوەیە كە قوتابی وخوێندكار فێر دەكرێت لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا چ لە قوتابخانە چ لە دەرەوەی قوتابخانە بەشێك بێت لە پروسەی بریاردان.
دیسكۆرسی زاڵی خوێندن لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و كۆمەڵگەی كوردی بە تایبەتی دیسكۆرسێكی كاریگەرە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر دیاریكردنی ئەنجامی فێربوونی قوتابی لە هەموو سالێكی خوێندندا. هەر بۆیە لە دیسكۆرسی دیموكراتی دووردەكەوێتەوە كە لەژێر كاریگەری بۆچوونە لیبرالی و لیبرالی تازە و سۆشیال لیبرالدا دامەزراوە كە پشتی بە فۆرمی فێربوون بۆ ژیان بەستووە لە پرۆسەی خوێندندا تا تاكێكی دادپەروەر و بە پرنسیپ و بەرپرسیار دروست بكرێت.
بۆ ئەوەی گۆڕانێك روو بدات مەرجە هەموو قوتابخانەكان هەمان هەل و مەرجی ستانداردی ئینتەرناشیونالی زانستی بیانگرێتەوەو لە هەمان كاتیشدا هەریەكێكیان خاوەنی ئەجندە و بەرنامەو كلتوری تایبەت بە خۆی بێت.
خهبات