ساڵی نوێ و خۆگۆڕین
پەیكار عوسمان
ئەگەر ئەتەوێ بگۆڕێیت و ئەمساڵت جیابێ لە پار، ئەبێ دەسکاری یەقنەکانت بکەیت، چونکە ئەوەی کە دۆگمای کردویت یەقینەکانتە. یەعنی تۆ بە نەگۆڕەکانتەوە ناتوانی بگۆڕێیت.


یەقینەکانت عوقدەت بۆ دروست ئەکەن و عوقدەکانت ڕقت بۆ دروستئەکەن و ڕقەکانت شەڕت بۆ دروستئەکەن و شەڕەکانت خەسارت ئەکەن. تۆش لە هەموو ئەو شتانە گرنگتریت کە خۆتیان بۆ خەسارئەکەیت!


لەگەڵ یەقینەکانتا هەمیشە وائەزانیت ئەوانیتر هەموو گەمژەن و بەس تۆ ڕاستیت، لەکاتێکا گەمژەیی هەر ئەو وازانینەیەو ڕاستیش هەرئەوەیە کە ئەوە ڕاست نیە!


یەقینەکانت هەمیشە ئەتخەنە سەر خەیاڵی گۆڕینی ئەوانیتر، لەکاتێکا وەزیفەی تۆ لە گۆڕیندا تەنیا گۆڕینی خۆتە، تەنیا لە دەسکاریکردنی یەقینەکانیشتەوە ئەتوانی ئەدای ئەو وەزیفەیە بکەیت!


ئەوە راست نیە کە یەقین ئارامییت بۆ بهێنێ، چونکە یەقین جیاکاری و ڕقت بۆ دروستئەکاو ئەمەش ئەتباتە ناو شەڕو نائارامییەوە.


ئەوە ڕاست نیە کە یەقین دڵنیاییت بۆ بێنێت، چونکە دڵنیایی راستەقینە، دڵنیابوونە لە بیرکردنەوە. بەدیاریکراوی دڵنیابوونە لەوەی کە هیچ شتێك لە دەرەوەی بیرکردنەوەتدا نیە. بەڵام یەقین ئەکەوێتە دەرەوەی بیرکردنەوەتەوە!


یەقین عەقڵی تاکڕەهەندی دروستئەکاو عەقڵی تاکڕەهەندیش جۆرێکی عەقڵ نیە، جۆرێکی بێئەقڵییە. چونکە هەموو گۆشەکان ئەکوژێ لە بەرژەوەندی گۆشەنیگایەك. بەمەش ڕاستی ئەکوژێ، چونکە ڕاستی شتێک، هەموو گۆشەکانیەتی نەک تەنیا گۆشەیەکی. کوشتنی ڕاستیش کاری عەقڵ نیەو عەقڵ ڕاستی ناکوژێ!


یەقین دنیات بۆ دابەشی ڕەشوسپی ئەکاو ئەیەوێ بەوەش بەهەشتت بۆ دروستبکا، لەکاتێکا ئەوە کەرەستەی دروستکردنی دۆزەخە!
لەخوار وەهمی بەهەشتەوە، ڕاستییەك هەیە ناوی ژیانە، ڕۆحی ئەو ڕاستیە ڕەنگاوڕەنگی و پێکەوەژیانەو هەرشتێ دنیای ڕەشوسپی کرد، ئەو ڕۆحە ئەکوژێ.


ئاگایی ناوچەی گۆڕانەو تۆ لە ئاگاییدا ئەتوانی بگۆڕێیت. یەقین و بەڵگە نەویستاکانیش، ئەو شتانەن کە لە ناوچەی ڕاهاتندان. ناوچەی راهاتنیش ناوچەی بیرنەکردنەوەو نەگۆڕەکانەو گۆڕانیش هەر ئەوەیە کە شتەکانی ئەم ناوچەیە ببەیتەوە بۆ ناوچەی بیرکردنەوەو ئاگایی!


هەر شتێک لەناوچەی ئاگاییدابێ، تۆ حوکمی ئەکەیت و هەرشتێک لەناوچەی ڕاهاتندابێ، ئەو حوکمت ئەکا.


یەعنی ناوچەی ڕاهاتن ناوچەی کۆیلەیی تۆیەو تۆ دیلی ئەو شتانەی کە دەقت گرتووە لەسەریان. ئازادییش هەرئەوەیە کە شەڕ لەگەڵ ئەم ناوچەیەی خۆتدا بکەیت و ئەو دەقانە بشکێنیت!


مەسەلەن هەموو ئایدۆلۆژیستێك، خۆی بە ئازادیخوازو جەنگاوەری ئازادی ئەزانێ، لەکاتێکا ئەو دیلی ئایدۆلۆژیاکەیەتی و ئایدۆلۆژیاکەی لەناوچەی ئاگایی ئەودا نەماوەو پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی ڕاهاتن کە ناوچەی دیلی و دۆگمایە. یەعنی ئەو خۆی پێویستی بە ئازادبوونە کەچی لە وەهمی ئەوەدایە تۆ ئازادبکات!


با شتەکە سادە بکەینەوە بە نمونەیەك، ئەگەر تۆ تەواوی ساڵەکەت، لە پیاهەڵدانی سەرکردەیەك یان ناشرینکردنی ئەودا سەرفکردوە، ئیتر تۆ ئەو ساڵەت خەسارکردوە، چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا دنیا گەورەترە لەو، بەڵام تۆ لەودا بچوکت کردۆتەوە!


دنیا لە کوردایەتیدا کورتکەیتەوە یان لە دژەکوردایەتیدا، لە دیندا کورتیکەیتەوە یان لە دژی دیندا، لەهەردو باردا تۆ ناساغیت، چونکە ساغیی عەقڵ هەر ئەوەیە کە دنیا لە شتێکدا کورت نەکەیتەوە!


ئامانجی عەقڵ کراوەیی عەقڵە. عەقڵ بۆیە هەیە بۆئەوەی کراوەبێت، تەنیا بەوەش کراوەیە کە لە هیچ شتێکدا داینەخەیت، کە داتخست ئیتر لەهەرشتێکا داتخستبێ فەرقی نیەو هەمان مەنهۆڵە.


دۆگمای شتێك، تەنیا موسبەتی شتەکە نیە، نەفییەکەشیەتی. تۆ لە موسبەتی شتێکا بچەقیت یان لە نەفییەکەیدا، هەر لەهەمان شتا چەقیویت!


هەرشتێك کە پێمانوایە وایە، ئەشێ وا نەبێت، یان ئەشێ بەنەوعێکی تر وابێت جیا لەو نەوعەی کە تۆ پێتوایە.
یەعنی شتەکە وابێ و وانەبێ، ئەمە تەنیا ئەگەرێکەو ئێمە لە گەمژەییمانە کە ئەم ئەگەرەمان لێبووە بە حەقیقەت و یەقین و شەڕی بۆ ئەکەین.


باشترین گۆڕانیش کە لە ساڵی نوێ و لە هەموو کاتێکدا بیکەین، ئەوەیە کە سنورێك بۆ ئەم گەمژەییەی خۆمان دانێین و یەقینەکان بکەینەوە بە ئەگەر، چونکە ئەگەر ئاشتییەو یەقین شەڕە.


"ئەگەر" ئاشتییە، چونکە شەڕی بیرکردنەوەیە لەگەڵ خۆمانداو شتەکە ئەهێنینەوە ناو خۆمان.
ئەگەر بشیبەینە دەرەوە، بۆ گفتوگۆو زانینی ڕاستی ئەیبەین، نەک بۆ شەڕی سەپاندنی ڕاستی! (بیرکردنەوەش لەگەڵ خۆتداو گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا) دوو پێکهێنەرە ئەساسییەکەی مەعریفەیە!


"یەقین" شەڕە، چونکە هەمیشە ئەیبەینە دەرەوەو شەڕی سەپاندنی ئەکەین بەسەر ئەودا. ئاخر ئەو خۆی ڕاستییەو ئیتر نایبەینە ناو دوو ڕەگەزەکەی زانین، ئیتر نازانین و بەڵای ئێمەش ئەو نەزانینەیە.


گرنگترین ڕووداوی ساڵیش، ئەم شەڕو ئەو تەقینەوەو فڵان جەنگاوەر نیە.. ئەمەش یەکێکی ترە لە گەمژەییەکانمان کە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە یەکسەر ئەچین بۆ ناوچەی مەرگ و جەنگ. لەڕاستیدا ڕووداوی گرنگ هەر ئەوەیە کە جوانەو دنیا جوان ئەکات، وەڵامی ئەو پرسیارەش ئەبێ لە ناوچەی جوانییەوە بهێنین!
بۆیە ئەگەر لە من بپرسی گرنگترین رووداوی ۲۰۱۹ چیبوو، پێتئەڵێم ئەلبوومی شەوبای عەدنان کەریم.


ئینجا ساڵی نوێتان نوێ بێت.
AM:02:39:05/01/2020