یەك وتەبێژ بۆ شەڕێكی‌ گەورە
دانا ئەسعەد*

لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی پێشمەرگە‌و داعش لەدوای 10ی حوزەیرانەوە، چەندین جار قسە لەسەر كاری رۆژنامەنووسان‌و دەزگاكانی راگەیاندن كراوە، چ لەڕێی خودی رۆژنامەنووس‌و دەزگاكانیانەوە بێت، چ لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم‌و وەزارەتی پێشمەرگە‌و بەرپرسە سیاسی‌و سەربازی‌و ئەمنییەكانی ترەوە، زۆربەی قسەكانیش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە گوایە رۆژنامەنووسان زانیاری وردی ئەمنیی‌و سەربازیی بەخۆڕایی دەدەنە دوژمن.
 
ئەگەر چی لێرەدا رووی‌ دەەممان ئاڕاستەی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە كردوە، بەڵام بەنموونەیەكی رۆژنامەنووسان دەستپێدەكەم. ئەگەر بڕوانینە ئەو رۆژنامەنووسە بیانییانەی روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن‌و بەرەكانی پێشەوەی جەنگ روماڵدەكەن، بەدەگمەن كەسێكیان دەبینیت لەخوار تەمەن ٣٥ ساڵییەوە بێت، گرنگترین دوو هۆكار بۆ ئەمە بریتین لە: لای ئەوان ژیانی رۆژنامەنووسەكە گرنگترە لەهەواڵەكە، دووەمیشیان ئەو رۆژنامەنووسە خاوەن ئەزموونێكی گەورەیە لەروماڵكردنی بەرەكانی شەڕ.
 
كەچی لای ئێمە كەناڵەكانمان رۆژنامەنووسە ٢٠ ساڵییەكان دەنێرنە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ‌و شانازی بەوە دەكەن یەكێكیان دەیەوێت داعش بدوێنێت‌و یەكێكی تریان لەنێو تەقەیەكی زۆردا وەكو ئەوە وابێت بۆ سەیران چووبێت، پاڵی داوەتەوە‌و قاچ لەسەر قاچ روماڵی شەڕەكە دەكات! ئەمە جگە لەچەندین كارەساتی تری رۆژنامەوانی كە دواجار تەنها بۆ ئەوەیە دوو كلیكی زیاتریان دەستكەوێت، ئیتر رۆژنامەنووسەكە دەكوژرێ‌ یان نا جاڕ بەجەهەنەم
 
ئەم پەرتەوازەبوون‌و ناپرۆفیشناڵییەی لەنێو میدیاكاراندا هەیە، پێموایە بچكۆلەیە لەچاو ئەو ناپرۆفیشناڵییەی لەوەزارەتی پێشمەرگە‌ بەگشتی‌و ئۆفیسی راگەیاندن‌و رۆشنبیری ئەو وەزارەتەدا بەدیدەكرێت. لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەدرێژایی زیاتر لە ١٠٣٠ كم لەبەرەی جەنگدایە لەگەڵ یەكێ لەتوندڕەوترین هێزەكانی دنیا، كەچی چالاكییە میدیاییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە هێندە شەرمنانەیە كە باسناكرێت.
 
ئەمە یەكەم شەڕی دڕندانەی لەم شێوەیەیە كە پێشمەرگە دوای "یەكگرتنەوەی" دوو وەزارەتە كۆنەكەی پێشمەرگە تێیكەوتبێت، بۆیە لەوە دەگەین كە سەرەتایین لەبەڕێوەبردنی قەیرانی لەم شێوەیە‌و ئاساییە ئەم ناپرۆفیشناڵییەی پێوەدیار بێت، بەڵام هەرگیز ئاسایی نییە بەردەوام بوون لەسەر ئەم پەرتەوازەییە‌و هەوڵ نەدان بۆ دروستكردنی ئۆفیسێكی میدیایی پرۆفیشناڵ بۆ ئەم وەزارەتە‌ كە ئەمەیان كارێكی قورس نییە.
 
لەكوردستاندا رۆژانە بەسەدان رۆژنامەنووسی ناوخۆیی‌و بیانی لەهەوڵی بەدەستهێنانی زانیارین لەبارەی بەرەكانی جەنگەوە، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی پێشمەرگە یەك كەسی وەك وتەبێژ‌و بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندن‌و رۆشنبیری ئەو وەزارەتە دەستنیشانكردوە كە بەڕێز عەمید هەڵگورد حیكمەتە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە هیچ بەرپرس‌و پێشمەرگەیەك قسە بۆ میدیا نەكات تەنها كاك هەڵگورد نەبێت، بیهێننە بەرچاوتان رۆژانە تەنها 3٠ رۆژنامەنووسی ناوخۆیی‌و بیانی (كە ژمارەیەكی كەمە لەچاو بارودۆخەكەدا) بیانەوێت لێدوان‌و چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەم بەڕێزە ئەنجامبدەن تاكو دوا گۆڕانكارییەكانی بەرەكانی جەنگ بگوازنەوە، هەر یەكێك لەو رۆژنامەنووسانە تەنها 15 خولەك قسەبكەن، كۆی كاتەكە دەكاتە زیاتر لە 7 كاژێر رۆژانە، ئایا هیچ كەسێك هەیە توانای زیاتر لە 7 كاژێر قسەكردنی هەبێت لەرۆژێكدا؟ بەكاك هەڵگوردیشەوە! بۆیە تەماشا دەكەیت تەلەفۆنەكەی كاك هەڵگورد زۆربەی كات بەردەست نییە‌و زۆر بە ئاستەم پێیدەگەیت.
 
ئەمە كێشەیەك نییە كە چارەسەری نەبێت. تەنها بەوەرگرتنی راهێنانێكی پرۆفیشناڵ وات لێدەكات سود لەو كەرەستانە وەربگریت كە تائێستا بەكارتنەهێناون، سەرەتاییترینیان پرێس كۆنفرانسی رۆژانە، بگرە ٢ جار لەرۆژێكدا لەبارودۆخێكی لەم شێوەیەدا، لەویش ئاسانتر، بەیاننامەی رۆژنامەوانی، ئەمە جگە لەكەرەستە پێشكەوتووەكانی تر كە پێویستە هەر ئۆفیسێكی راگەیاند تەواو ئاشنایان بێت.
 
ئەم دەرفەتە بەهەل دەزانم وەك ئەكادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لەعێراق، ئەم خزمەتگوزاریانە پێشكەش بەو وەزارەتە بكەین لەڕێی گرووپێكی پرۆفیشناڵی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا هەر كاتێك وەزارەتی ناوبراو ئەو ویستەی هەبێت.
 
*سەرنوسەری‌ ئاوێنەنیوز
بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ ئەكادیمیای‌ راگەیاندنی‌ ئەڵمانی‌ لەعێراق
 
 
له‌(شارپرێس)وه‌

AM:12:45:22/08/2014