من چۆن دەخوێنمەوە؟؟
ستیڤان شەمزینی
سی ساڵ دەبێت هەموو ڕۆژێک دەخوێنمەوە، بەرنامەم نییە بۆ خوێندنەوە، لە کاتی ئاسایی و نائاسایی، لە نەخۆشخانە و له ماڵەوە، لە ناو پاس و تەوالێتدا، له شەمەندەفەر و کاتی سەفەردا، هەمیشە دەخوێنمەوە، گرنگ ئەوەیە ڕۆژێکم لێ نەڕوات بێ خوێندنەوە. بڕیارێکی ئایۆلۆژیشم نییە سەبارەت بەو کتێب و نوسراوانەی دەیانخوێنمەوە، شتی هەمەجۆر و دژ بە یەک دەخوێنمەوە. بۆ نموونە چەندان جار مانیفێستی کۆمۆنیستم خوێندۆتەوە، لە هەمان کاتدا چەندان جاری تر ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلامم خوێندۆتەوە چ بە کوردی چ بە عەرەبی.

کۆمەڵگەی کراوەی کارل پۆپەر دەخوێنمەوە، لە هەمان کاتیشدا کتێبێک لەبارەی لین پیاو. فۆرمێکی تایبەتی خۆمم هەیە لە کاتی خوێندنەوەدا، ڕەنگە کەمترین هاوشێوەم هەبێت، هیچ کات ناتوانم لە بیست لاپەڕە زیاتر بخوێنمەوە بێ ئەوەی ناوبڕێک هەبێت، پشوو نادەم لەو ماوە چەند خولەکەییەدا، بەڵکو بیر لەو دێڕانە دەکەمەوە کە پێشتر خۆێندوومنەتەوە، ئینجا دەچمەوە سەر کتێب یان ڕۆژنامەکە ئەگەر ئەلیکترۆنی نەبێت.

بە پێنووسێکی جافی سوور هەموو لەشی لاپەڕەکە خوێناویی دەکەم بە نووسینی سەرنج و ڕای خۆم، ئەگەریش ئەلیکترۆنی بێت فایلێکی ۆردم ئامادەیە تێبینییەکانی تێدا دەنووسم و دەیخەمە فۆڵدەرێکی تایبەتەوە لەگەڵ دەقی خوێندراودا. بە گشتیی من بەم جۆرە دەخوێنمەوە، ڕەنگە هەبن بڵێن بۆ پیاوێکی تەمەن چل ساڵ نووسینی 16 کتێب زۆرە، بەڵام کێ بیر لەوە دەکاتەوە 16 تۆن کتێب و لاپەڕەم خوێندۆتەوە، ڕەنگە زۆر زیاتریش بێت.


AM:03:16:06/04/2019