گەر پێشتر مێژوو و ڕەوتی مرۆڤایەتی دابەش کرابێت بۆ سەر دوو بەش سەردەمی پێش داهێنانی کامێرا و سەردەمی دوای داهێنانی کامێرا، بەو مانایەی ئەو داهێنانە وەرچەرخانێکی دروست کردبێت لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەوا داهێنانی مۆبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیاش دووبارە وەرچەرخانێکی دیکەیە لە لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بەو پێەی سوشیال میدیا وەرچەرخانێکی گەورەی کردووە لە شێواز و جۆری مامەڵە و ڕەوتی ژیانی مرۆڤەکان و کاریگەری جدی و قوڵی دروست کردوە لەسەر کەسێتی و جۆری بیرکردنەوە و مامەڵە و ستایلی ژیانـی تاکەکان، ئەم جێکەوت و کاریگەریانە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، بەو پێەی کەشی کۆمەڵایەتی و کەلتور و داب و نەریت و ...هتد ڕۆڵیان هەیـە لەسەر جۆری کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا.
بەڵام ئەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان سەرجەم کۆمەڵگاکانە بابەتی ئالودەبوونی بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیایە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەجۆرێک لە زۆربەی وڵاتاندا بابەتی ئالودەبوونی بەکارهێنەرانی سوشیال میدیا پانتاییەکی گەورەی ئەکادیمی و زانستی داگیر کردووە و چەندین توێژینەوەی سایکۆلۆژی و بایۆلۆژی و کۆمەڵناسی لەسەر کراوە و چەندین سەنتەری تایبەت بەو بوارەش دروست کراوە، ئەوەشی کار ئاسانی کردوە بۆ ئالودەبوونی زیاتری بەکارهێنەران بۆ سوشیال میدیا بوونی مۆبایلی زیرەکە وەک ئامێرێکی ئاسان بەردەست لە هەموو کات و شوێنێکدا، بۆیە زۆربەی جار ئالودەبوانی سۆشیاڵ میدیا و ئالودەبوانی ومۆبایلی زیرەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەنتەری( CITA) تایبەت بە ئالودەبوانی مۆبایلی زیرەک فۆڕمێکی بۆ بەکارهێنەرانی موبایلی زیرەک بڵاوکردۆتەوە تیدا لە چوارچێوەی 15 پرسیاردا ڕادەی ئالودەبوونی بەکارهێنەران دیاری دەکات، لە کۆی ئەو 15 پرسیارە گەر لە 8 پرسیار بەرەو سەرەوە بە بەڵی وەڵام بدرێتەوە ئەوا ئەو بەکارهێنەرە پێوستە سەردانی دکتۆرێکی دەروونی بکات بۆ چارەسەر کردنی ڕادەی ئالودەبوونەکەی،ئەوەی جێگەی داخە لە سەرو 8 خاڵەوە لە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی موبایلی زیرەکدا بوونی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا تاوەکو ئیستا وەک پێوست تەرکیز نەخراوەتە سەر ئەم بابەتە و لە بواری ئەکادیمیدا جێگەی گرنگی و بایەخ نەبووە، بۆیە بەلای زۆربەی بەکارهێنەرانەوە جۆریک لە ئاسایی مامەڵە کردن هەیە لەگەڵ ئەو دۆخە نا ئاساییەدا بە هۆی ئەوەی بەرچاو روونیەک نییە سەبارەت بەو حاڵەتە مەترسیدارە.
ڕێگە چارەی تایبەت بۆ کەسانی ئالودەبوو بە موبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا دانراوە، ئەوەش پێوستی بە ئیرادەیەک هەیە لە چوارچێوەی بڕیار و ڕاهێناندا دەتوانرێت کۆنترۆڵی بەکارهێنانی موبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا بکەین، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئێمە وەک موسڵمان لە ساڵێکدا مانگێکی پیرۆزمان هەیە کە دەتوانین تێدا وەک مانگێکی مەشق و ڕاهێنان سودی لێببینین بۆ هەر بڕیار و کارێک کە بمانەوێ ئەنجامی بدەین،مانگی ڕەمەزان دەتوانرێت بکرێتە وێستگەیەک بۆ ئەوەی خۆمـان ڕابهێنین لەسەر ڕیگا چارەکانی کۆنترۆڵ کردنی بەکارهێنانی مَوبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا چـونکـە ڕەمەزان کەشێکی تایبەت و بەرەکەتداری هەیە بۆ موسڵمان کە دەتوانێت هەر کارێک ئەنجامبدات کە بیەوێ بەو مەرجەی پێداگر بێت لەسەر بڕیارەکەی و بەردەوام بێت.
لێرەدا دەتوانین چەند خاڵێک بخەینە روو وەک رێگا چارە بۆ کۆتنرۆڵکردنی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا ئەوانیش:
1. دانپێدانان: نەنگی و عەیبە نییە مرۆڤ توشی ئالودەبوون و زۆر بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا بێت بەو پێەی دیاردەیەکی نوێیە و مامەڵە کردن لەگەلێدا تا ڕادەیەک ئالۆزە، بەڵام نەنگی و عەیبەیە مرۆڤ لەسەر ئالودەبوون بەردەوام بێت و لە جێگەی ئەوەی خۆمان کۆنترۆڵی کات و شوێن و ماوەی بەکارهێنان موبایلەکانمان بکەین کەچی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا کۆنترۆڵی ئێمە بکەن و لە هەر شوێنێک و هەر کاتێک بێت دەستمان ببەین بۆ موبایلەکەمان و بەکاری بهێنین جا ئیتر لە کاتی شۆفێریدا بێت یاخود لە کاتی نان خواردن و لە رَۆشتن لە ناو بازاڕ و میوانیدا بێت، بۆیە خاڵی یەکەم ئەوەیە ئێمە هەست بەوە بکەین کە توشی حاڵەتێکی نا ئاسایی بووین لە بەکارهێنانی موبایل و سۆشیاڵ میدیادا،گەرنا لێکەوتە تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و هزرییـەکانی خراپ دەبێت لە ئایندەدا لەسەرمان و باجەکەشی تەنها خۆمان دەیدەین(گەرچی لە ئەرزی واقیعدا بەشێکی زۆر لەو لێکەوتانە دەبینین لەسەر بەکارهێنەران).
2. لابردنی نۆتیفیکەیشن(اشعارات): ئەو فوزلیەی سۆشیال میدیا بۆ بەکارهێنەرانی دروستی کردووە بریتیە لە نا ئارامی بەکارهێنەر بەرامبەر ئەو نۆتیفیکەیشنانەی بۆی دێت، ئەمەش وای لێدەکات هەمیشە سەیری موبایلەکەی بکات بزانیت نۆتیفیکەیشنی تازەی بۆ هاتووە یاخود نا، دەرکەوتنی ئەو نۆتیفیکەیشنانەش وای لێدەکات سەردانی سۆشیال میدیا بکات و بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت ئەو تۆڕانە چەند کاتژمێرێکـی ژیانی دەبات بەبێ ئەوەی خۆی ویستبێتی، بۆیە بۆ کەمردنەوەی سەردانیکردنی سۆشیاڵ میدیا پیۆستە موبایلەکەت وا پرۆگرام بکەیت، نۆتیفیکەیشنی ئەو تۆڕانەی کاتت زۆر لێدەبەن رابگریت و دەرنەکەوێت لەسەر موبایلەکەت تاوەکو خۆت سەردانی ئەو تۆڕە نەکەیت.
3. سڕینەوەی سوشیال میدیا لەسەر موبایل: بەشێک لە ئالودەبوونی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بوونی موبایلی زیرەکە بەو پێەی ئاسان بەردەستە و هەموو کار ئاسانییەکی تێدا کراوە،هەر بوونی ئەو ئاسان بەردەست بوونەیە وایکردووە ئالوودەببین و لە هەموو شوێنێک موبایلەکانمان بۆ سەردانیکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنین، بۆیە گەر دەزانیت بە لابردنی نۆتیفیکەیشنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا ناتوانیت کۆنتررۆڵی بەکارهێنان و سەردانیکردنی سۆشیال میدیا بکەیت ئەوە باشترە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر موبایلەکەت بسڕیتەوە و لە رێگەی لاپتۆپ یان دیسک تۆپەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیتەوە بەو پێەیی لاپتۆپ و دیسک تۆپ وەک مۆبایل بەردەست و ئاسان نین، گەر لاپتۆپیشت نییە دەتوانی هەمیشە دوای تەواو بونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەییەکان دایانبخەیت واتە (Log out) بکەیت بەو شێوەیە ئاسان نییە هەموو کاتێک (Log in) بکەیت بەم جۆرەش ئاسان بەردەست بوونی سۆشیال میدیا کەمتر دەبێتەوە.
4. جێگرەوە: زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا دەرەنجامە،دەرەنجامی کات بەتاڵی زۆرە، بۆیە هەروا ئاسان نییە کۆنترۆڵ کردنی بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا گەر جێگرەوەیەک نەبێت، لە مانگی ڕەمەزاندا جیگرەوەکان زۆرن کە دەتوانن ببنە هۆی پڕکردنەوە کاتە بەتاڵەکان، چیژی ژیان لە ژیان کردنی واقیعیە نەک ژیان کردنی فەنتازی نێۆ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
بە کورتی ئەمە چەند هەنگاوێک بوون وەک رێگا چارەی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و سۆشیاڵ بەو پێەی پانتایی کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوان و فراوانتر دەبێت بە گرنگی دەزانم کاری جدی لەسەر بکرێت، دەمەوی ئەوەش بڵیم من هەرگیز لەگەڵ فەرامۆش کردنی تەواوەتی سۆشیاڵ میدیا و مۆبایلی زیرەک و کۆی ئەو کارئاسانییە تەکنەلۆژییانەی ئەمڕۆ بونیان هەیە نیم چونکە ئیدی بەشێک لەوانە بونەتە کار ئاسانی هەندێک لە کاری ڕۆژانەمان، بەڵام من بە تەواوەتی لەگەڵ کۆنترۆڵ کردنی کات و ماوەی بەکارهێنانیاندام بە شێوەیەکی تەندروست.
kurdiu