میدیای کلیک و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی
بەڵێن عزەت میکە

هەموو ئەوانەی کار لە میدیای نوێ یان میدیای کلیکدا دەکەن باش دەزانن تێڕوانین و بۆچوونی باوی کۆمەڵگە بخوێننەوە.
بەشیوەیەک کە تەنها بە سەرنجدان لە ڕێژەی لایکەکان و ژمارەی خوێنەری هەواڵەکان دەزانی کام جۆرە لە زانیاری بۆ خەڵك سەرنجراکێشە و کام جۆرە لە هەواڵ بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگە.

لێرەوە ئەو جەدەلە دروستدەبێت "بۆچی میدیاکان ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە کە سەرنجڕاکێش و هەندێ جار وروژێنەر و هەندێ جار ترسێنەر و هەندێ جاریش شەرمهێنەرن؟".

ئەوەی کاری میدیایە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بەبێ ئەوەی لایەنداری و ئاراستەکاریی تێدا بێت "باسی میدیای راستەقینە دەکەم".

لەم کاتەشدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە کام بابەتە بۆ هاوڵاتیان و خەڵک گرنگە کە بێگوومان لە میدیای نویدا ئەمە بە کلیک و لایک و ژمارەی خوێنەر دەپێورێت.

کەواتە لە کۆتاییدا ئەوەی بڕیاردەدات کام هەواڵە گرنگە و کام زانیارییە سەرنجڕاکێشە هاوڵاتیان و خەڵک خۆیانن نەک من و تۆ و ئەویتری میدیاکار.

بۆیە نابێت کەس گلەیی لە مدیای بکات و کەسیش دژی ئەو تەوژمە نوێیەی کاری میدیا بوەستێتەوە چوونکە ڕەنگدەرەوەی راستەقینەی کۆمەڵگەیە و راست و دروست وەلامدەرەوەی خواستە کۆمەڵایەتیەکانی زۆرینەی کۆمەڵگەیە.


AM:03:43:15/06/2019