دژە_ بەکتریاکان ..چەکێک بۆ لەناوبردنی خۆمان
د. ھەڤین کمال شاهـ محەمەد


دەرمانی دژە_ بەکتریاکان یاخود ئەنتی_ بایۆتیکەکان یەکێکە لەھەرە گرنگترین داھێنانەکان لەمێژووی مرۆڤایەتی دا . ئەگەر ئەو داھێنانە نەبوایە ژیان ئێستا زۆر جیاواز تر دەبوو ، ژیان بریتی دەبوو لە داڵدەیەک بۆ نەخۆشی و ئازار و ئەشکەنجە و مردنی پێشوەخت .


بەکورتی دۆزینەوەی دژە_ بەکتریاکان ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی ھەیە لە پارێزگاریکردنی ژیانمان لە دژی ھەندێ نەخۆشی کەلەڕواڵەت دا سادەو ساکارن ، بەڵام لەڕاستیدا کوشندە و مەترسیدارن ئەگەر دژە_بەکتریا و ئەنتی_ بایۆتیکی گونجاویان بۆ وەرنەگرین ، بۆ نموونەھ نەخۆشیەکانی سەحایا( ھەوکردنی پەردەی مێشک ) ، ھەوکردنی بۆری سییەکان ، سیل ، کۆلێرا ، تایفۆید …ھتد .


لەگەڵ ئەم گرنگیە زۆرەی ئەنتی_ بایۆتیکەکان ، بەڵام زۆربەی جار بەشێوەیەکی ھەڵە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و بەشێوەیەک بەکاریدێنین کەزیانی زیاتر بێت لە سوودی ، وە زیادەڕەوی دەکەین لەبەکارھێنانیدا بەشێوەیەک کە کاریگەری زۆر خراپ و مەترسیداری ھەبێت لەسەر تەندروستی ھەموو کۆمەڵگا نەک بەس تەندروستی تاک .


ھەڵە بەکارھێنانی (ئەنتی _بایۆتیکەکان) یاخود (دژە_بەکتیریاکان) دەبێتە ھۆی دروست بوونی چەند جۆرێک لەبەکتریا کە بەرھەڵستی ھەموو جۆرە دژە بەکتریایەک دەکەن و بەھیچ چارە نابن کە ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی پێش دۆزینەوەی (پەنسلین ) ، کەمرۆڤ بە ھەوکردنێکی سادەی سییەکان یاخود تایفۆید یاخود ھەوکردنی لەوزەتێن ژیانی لە دەست دەدا !.


دروست بوونی بەرھەڵستی بەکتیری دژ بە ئەنتی – بایۆتیکەکان بەھۆی بەکارھێنانی ناڕێک و ناتەواوی کۆرسی دەرمانەکەوە دەبێت بە پلەی یەکەم ، ئەمەش لەکاتێکدا دەبێت کە پزیشکی چارەسەرکەر ، کۆرسێک دژە_ بەکتریا دەنوسێت بۆ نەخۆشێک بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ یان ھەفتەیەک ، کەچی نەخۆش پێش وادەی تەواوبوونی کۆرسەکە و دوای ڕۆژێک یان دووڕۆژ دەست ھەڵدەگرێت لەبەکارھێنانی ، تەنیا لەبەرئەوەی ھەست بە باشی و نەمانی بێزاری نەخۆشیەکەی دەکات .


لێرەدا کەسی نەخۆش نەک تەنھا زەرەر دەگەیەنێت بە کۆئەندامی بەرگری خۆی و لاوازی دەکات ، بگرە بەشداری دەکات لە تاوانێک دژ بە ھەموو کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی و تەندروستی جیھانی ، ئەویش بە یارمەتیدان لە دروستبوونی چەندەھا جۆر و ڕەچەڵەکی نوێ و تایبەت لە بەکتریا کە کوشندەن و بەرھەڵستی ھەموو جۆرە دژە _ بەکتریایەک دەکەن .


یەکێکی تر لەھەڵە زۆر باوەکان لەکاتی بەکارھێنانی ئەنتی _ بایۆتیکەکان دا ، زیادەڕەوییە لە بەکارھێنانیدا و بەکارھێنانێتی لەو حاڵەتانەدا کەپێویست ناکات بەکاربێن ، بۆ نموونە : ( لەحاڵەتی ئەنفلۆنزاو سەرما و پەتای ئاساییدا دا ) .


پێش ھەمووشت دەبێت بزانین کە پەتا وئەنفلۆنزا نەخۆشیەکی ڤایرۆسییە و بەکتیری نیە ، بە مانایی ئەوەی کە ھیچ لە دژە _ بەکتریاکان چارەسەری ناکەن ، بەڵکو ھەندێ چارەسەری تایبەت ھەیە بۆ ئەو حاڵەتانە کە گرنگترینی ھەندێک دەرمانە بۆ دابەزینی تاو لەرز ، لەگەڵیدا پشوو و خواردن و خواردنەوەی گونجاو .


لەلایەکی ترەوە ئەگەر بێنە سەر چارەسەرکردنی منداڵەکانمان بە دژە _ بەکتریاکان بەبێ ڕێنمایی و بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی و عەشوائی ، دەتوانین بڵێن کە یەکێکە لە ھەرە تاوانە گەورە و کوشندەکان کە بەرامبەر تەندروستی جگەرگۆشەکانمانی دەکەین .


ھەندێک جار ئێمەی دایک و باوک تەنھا لە بەر ھەست و سۆزمان بەرامبەر منداڵەکانمان و ھەوڵی زووچاکبونەوەیان بڕیاری خێرا دەدەین ، و لەخۆمانەوە بێ ڕێنمایی چارەسەری دژە _ بەکتریایان دەدەینێ ، بێئاگا لەوەی کە منداڵ کۆئەندامی بەرگری لەشی زۆر بەھێز ترە لە کەسێکی گەورە و بەشێوەیەک پێکھاتووە کەتوانای بەرھەڵستیکردنی نەخۆشیی زۆر زیاترە لە کەسێکی پێگەشتوو .


ھەر لەبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی کە منداڵ تایبەتمەندە پێی ، دایک و باوکەکان دەبێت زۆر ھۆشیارانە مامەڵە بکەن لە کاتی نەخۆشی منداڵەکانیان و بێ پشکنینی خوێن و ڕێنمایی پزیشکی چارەسەرکەر ھەرگیز دژە _ بەکتریاکان بەکارنەھێنن .


کۆئەندامی بەرگری منداڵ توانایی بەرھەڵستیکردنی زۆر لە نەخۆشیەکانی ھەیە و بەھێز تریش دەبێت بەم بەرھەڵستی یە ، بەڵام کاتێک جێگایی دەگیریتەوە بە دژە _ بەکتریاکان لەکاتی چارەسەرکردنی ھەڵامەت و ئەنفلۆنزاو کۆکەدا ، ئەوا بە دەستی خۆمان بەشداریدەکەین لە لاواز بوون و بێھێزکردنی بەرگری لەشی منداڵەکانمان .


لەکۆتایدا ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە :
دژە_ بەکتریاکان یەکێکە لە ھەرە داھێنان و نیعمەتە گەورەکان لە ژیان دا و لەھەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نەخۆشی دوورخستەوە لە مرۆڤ ، بەڵام ھەروەک ھەموو شتێکی تر زیادەڕەوی لەبەکارھێنانی و ھەڵە بەکارھێنانی چەکێکی کوشندەیە بە دەست تاکەوە ، کەنەک تەندروستی خۆی بگرە تەندروستی کۆمەڵگایەکی پێدائەڕمێت .




سایتی‌ ئاشتی‌ 
AM:03:11:06/10/2019