سیاسی بازرگان
گوڵاڵە سدیق
دەگێڕنەوە یەکێک لە خەلیفەکان کاتێک خەلافەتی گرتە دەست، ویستی لەپاڵ خەلافەتەکەی درێژە بەپیشەکەی خۆی بدات کە کاری بەرگدوریی بو، بەڵام خەڵکەکەی لێی هاتنە دەنگ و پێیان وت: مافی ئەوەت نیه کە خەلافەت و بەرگدوریی لەهەمان کاتدا بکەیت، یان دەبێت بازرگان بیت یان خەلیفە!
خەلیفەش ناچار بو واز لەکاری بەرگدورییەکەی بهێنێت وەک بازرگانییەکی بچوک بۆ ئەوەی سەرکەوتو بێت لەکارەکەی وەک سەرکردەیەکی سیاسیی.

کاتێک کەسێکی سیاسی کاری سیاسی و بازرگانی لەهەمان کاتدا بکات لەوانەیە پێگە سیاسیەکەی خۆی بقۆزێتەوە و بەکاریبهێنێت وەک پاڵپشتێک بۆ کارە بازرگانییەکەی(وە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە) وە پەیڕەوکردنی هەردوو کارەکە لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەردوو پیشەکە و دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی گەندەڵی سیاسی و بازرگانی، وە هەمیشە خەڵک دەبێتە قوربانی ئەو جۆرە کەسانەی کە سیاسەت و بازرگانی پێکەوە گرێ دەدەن، بەتایبەت ئەو خەڵکەی کە ئینتمای بۆ ئەو سیاسیە بازرگانە هەبوە لە دەستپێکردنی کارەکەیدا وەک سیاسییەک.

ڕاستە سیاسەت بەوە ناوزەند کراوە کە یاریەکی قێزەونە، بەڵام ئەگەر هاتو ئەم یارییە لەبەرژەوەندی خەڵک بەکارهێنرا سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ بەرژەوەندی تاک و ئایدۆلۆجیا بەکارهات، ئەوا دەبێتە هۆی گەندەڵی و گەورەبونی بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا.

لە کوردستاندا سیاسی بازرگان پیشەیەکی نامۆ نیه بەکۆمەڵگای کوردی، زۆرن ئەو کەسانەی لەگەڵ کاری سیاسی بازرگانی دەکەن یان دوای وازهێنان لەکاری سیاسی دەست دەکەن بەکاری بازرگانی.

هەڵبەتە هەرێمی کوردستان ئەوەندە گەورە نیه هەتا تاکی کورد ئیدراک و زانینی لە سەرمایە و پێشینەی ئەم بازرگانانەی دوای سیاسەت نەبێت، ئەگەر پێشتر کۆمەڵە کەسانێک بەشەرعیەتدان بە خەباتی چەکداری خۆیان و هەبونی هێزی تایبەت بەخۆیان ئەم بازرگانی کردنە لەپاڵ سیاسەت کردندا بۆخۆیان بەڕەوا ببینن، ئەوا کۆمەڵە کەسانێکی تازە پێگەشتو هەن کە دوای بون بە پەرلەمانتار یان وەزیری بانگەشەی بازرگانی و کاری بازرگانی دەکەن وا خۆیان پشانی خەڵک دەدەن وەک ئەوەی لەئەزەلەوە خەزێنەی فیرعەونەکانی میسریان بۆ جێ مابێت، بێ ئاگا لەوەی بەهۆی عەولەمەو سۆشیاڵ میدیاوە هەمو وێنە و وتە و فۆرمەکانیان لەدەستەی دەستپاکی بەزیندویی ماون کە زۆربەیان بانگەشەی ئەویان دەکرد کە مناڵی هەژار و بێ پشت و پەنان و تەنانەت خاوەنی ئوتومبێلێک نین کە هاتوچۆی پێ بکەن.

سیاسی بازرگان لە هەرێمی کوردستاندا خەریکە لە حاڵەت دەردەچێت و دەبێتە دیاردە، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بۆچونە لای خەڵک تۆخدەکاتەوە کە سیاسەتکردن لە کوردستاندا تەنها بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و بازرگانی کردنە بەمەش پەیوەندی ئەخلاقی نێوان خەڵک و سیاسی لاواز دەکات یان نایهێڵێت.

تەنها ئاڵنگارییەک لەبەردەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیەتی کەلەکاتی دەستبەکاربونی داویەتی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەزوترین کاتدا، پێویستە دیوانی چاودێری داراییەکان ئەکتیڤ بکاتەوە و دەسەڵاتی تەواو بدات بە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی بۆئەوەی لەژێر دروشمی ( من این لك هژا ) دەست بکرێت بەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و بەدواداچون بکەن بۆ سەرمایەی ئەو سیاسیە بازرگانە هەڵتۆقیوانە کە لەماوەیەکی چوار بۆ پێنج ساڵیدا بون بە خاوەنی ملیۆنان دولار.

چونکە دەوڵەمەند بونی لەپڕ لەهەمو کایەکانی ژیاندا گومانی زۆر هەڵدەگرێت و لەهەمو جیهاندا دەوڵەت بەدواداچون بۆ سەرمایەی ئەو کەسانە دەکات کە لەپڕ دەوڵەمەند دەبن، وەک دەوڵەمەنترین پیاوی چین (جاک ما) دەڵێت هیچ کەس بە وەزیفە دەوڵەمەند نابێت تەنها مەگەر گەندەڵ نەبێت.


زه‌مه‌ن 

AM:06:11:24/07/2019